رفتن به بالا

تعداد اخبار امروز : 0 خبر


    -١٨(°C)
    Wind (mph)
    Pressure (in)
    Visibility (mi)
    UV Index -
    Humidity (in)
گاه‌شمار تاریخ خورشیدی
بهمن ۱۳۹۵
ش ی د س چ پ ج
« دی   اسفند »
 1
2345678
9101112131415
16171819202122
23242526272829
30  

مەرگ ڕاستترین ڕوداوی ژیانی مرۆڤە و هەنگاوی کۆتاوی ئەو پێواژۆیەیە. ئاوێتەی ئەو راستیە لەگەڵ نادیاری روداوەکانی پاش ئەو، مەرگی کردۆتە ڕاستێکی مەترسیدار و پڕ لە شارۆ. مرۆڤ بەدرێژایی تەمەنی ململانەی لەگەڵ مەرگ بۆ ناسین و تێگەشتنی کردووە. سروشتی پڕ لە سڕ و نهێنی مەرگ بۆتە هۆی بە پیرۆز یا پیس زانیینی لەلایان مرۆڤەوە. بە درێژایی […]

مەرگ ڕاستترین ڕوداوی ژیانی مرۆڤە و هەنگاوی کۆتاوی ئەو پێواژۆیەیە. ئاوێتەی ئەو راستیە لەگەڵ نادیاری روداوەکانی پاش ئەو، مەرگی کردۆتە ڕاستێکی مەترسیدار و پڕ لە شارۆ. مرۆڤ بەدرێژایی تەمەنی ململانەی لەگەڵ مەرگ بۆ ناسین و تێگەشتنی کردووە. سروشتی پڕ لە سڕ و نهێنی مەرگ بۆتە هۆی بە پیرۆز یا پیس زانیینی لەلایان مرۆڤەوە. بە درێژایی مێژوو گەلان ڕێ و ڕەسمی جۆراوجۆریان بۆ ناشتن، لە ناوبردن و شاردنەوەی مردوەکانیان هەبووە.  ئەوەش پێویستی ئینسان بۆ بەدیهێنانی واتا و خوێندنەوەیەک لە جیهان و ڕوداوەکانی پاش مەرگ و دەرخستنی لەو شوێنە کە مردووەکانی لێ دادەنێ دەردەخا. ئامادە کردنی تەرمی مردوو بۆ جیهانێکی تر لە کۆنترین شارستانیەتەکانەوە باو بووە و چۆنیەتی و جۆری ڕازاندنەوە و ئامادەکردنەکە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبووە لەگەڵ بیر و بۆچوون دەربارەی مەرگ. لە زۆربەی مەزهەب و ئایینە کۆنەکاندا مەرگ کۆتایی ژیان نەبووە و بە دەرباز بوون بۆ قۆناغێکی تر لێکدراوەتەوە و لە ڕاستیدا لە دینە ئاسمانیەکانیشدا قۆناغی پاش مەرگ جیهانی هەرمان و گرینگتر لە قۆناغی بەر لە مردنە و قۆناغی سەرەتایی، واتا ژیانی سەر زەوی دەستپێکێکە بۆ قۆناغە گرینگەکە و گرینگی ژیان لە خۆ ئامادە کردن بۆ ژیانی پاش مەرگ لێکدەدرێتەوە. هەر ئەو خوێندنەوەیە وای کردووە کە شوێنی شاردنەوەی مردووەکان بە شوێنی پیرۆز بناسرێ و گۆرستان وەک بەشێکی بەردەوام لە پێکهاتەی شاردا خۆ بنوێنی و بۆ کەونەناسان هێمایەکی هەمیشەیی لە نیشتەجێ بوونی ئینسان بووە. مەرگ جیا لەئەوەی واتا و پێکهاتەی ژیانی خستۆتە ژێر سێبەری خۆی کاریگەری زۆری لەسەر ئاواکاری (معماری) هەبووە، بە بۆچونی هاوارد کالوین Howard Colvin (لێزان و مێژونوسی ئاواکاری)، مەرگ سەرەتای ئاواکاری لە ڕۆژئاواش بووە. ئاوێتە بونی کلتوری کەونارا و مۆدێرن لە زۆربەی شوێنەکانی شاردنەوەی مردوەکان، هەروەها بە پیرۆز زانینی مردووەکان و باوەڕ بە پرەنسیبی هەرمان لە پاش مەرگ، چ لە بیروباوەڕی کۆندا و چ لە بیر و باوەڕی مۆدێڕندا خاڵی نیزیکی بڕواکان دەربارەی مەرگن و گۆڕستان ئێستاش شوێنی پیرۆزی پێکهاتەی شارە. بە پیرۆز زانینی گۆڕستان دوو هۆی لەمێژینەی هەیە، ترس لە مەرگ و بەو پێیە ترس لە مردووەکان و هەروەها نادیاربوونی جیهانی پاش مەرگ. ترس لە مەرگ و مردووەکان و هەروەها ئاواتەخوازی بۆ ژیانی هەرمان بە یەک ڕادە لای مرۆڤ گرینگ بوون و هەن. کۆنترین نوسراوەکان و چیرۆکەکان باس لە مەرگ و ژیانی هەرمان دەکەن، گیلگەمێش بۆ دۆزینەوەی هەرمانی سەفەرێکی ئۆدیسەیی دەستپێدەکا، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە مەرگە کە چاوەڕوانیەتی. هەروەک باسکرا چاوخوشاندنێک بەسەر کلتورە کۆنەکان ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە مەرگ کاریگەری لەسەر بەدیهاتن و گەشەی ئاواکاری هەبووە. پیرامیدەکانی میسر (اهرام ثلاثه)، پەرەستگە کۆنەکان، نێکرۆپۆلیسی ئەترۆیایەکان(شاری مردوەکان)، گۆڕی عیلامی چۆغازەنبیل، گۆڕئەشکەوتەکانی ماد و هەخامەنێشیەکان، گۆڕە پڕشکۆکانی ئیسلامی و … هتد بینای یادەوەری ئینسانە مردوەکانن، واتا ئەو کەسانەی جیهانی پاش مەرگیان بینیوە. ئەو چەشنە بینا و هێمایانە بۆ مردووەکان ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە سەر بیرو باوەڕی مەزهەبی نەتەوەکان و ڕادەی بە پیرۆززانینی هەندێک لە مردووەکان لای زۆرینەی جەماوەر. لە ساڵانی سەرەتایی ئیسلامدا بارەگا و بینا و هێما بۆ مردووەکان باو نەبووە و جەماوەری موسوڵمان بە پەیرەوی کردنی پێغەمبەرەکەیان ڕێ و ڕەسمی دوور و درێژ و تایبەتیان بۆ شین لە سەر مردووەکان و ڕازاندنەوەی قەبرەکانیان نەبووە. بەڵام زۆر زوو پاش مەرگی پێغەمبەری ئیسلام، شینگێڕی و دانانی هێما بۆ گۆڕەکان بۆتە باو و تەنانەت قەبری پێغەمبەر و نیزیکان و هاوڕێکانی بە دانانی کەپر و هێما جیا کراوەتەوە و لەکاتی خەلافەتی یەکەم خەلیفەی ئۆمەوی شوێنی ناشتنی پێغەمبەر بۆتە مزگەوتێکی مەزن و شوێنێکی پیرۆز. دیار نییە موسوڵمانەکانی ئەو سەردەمە ئەو ڕێ و شوێنە لە کێ فێر بوون، تەنانەت لە کورد و فارسەکانیش فێر نەبوون، لە دینی زەردەشتدا تەنانەت شاردنەوەی مردووەکان لە ژێرخاک نەیاری لەگەڵ یاسای مەزهەبی بووە. بەڵام دانانی بینای یادەوەری لە ناو مەسیحێکاندا باو بووە و لە زۆربەی شوێنەکان تەنانەت لە عێراق و سوریاش بینای یادەوەریان بۆ شەهیدەکانیان دروست دەکرد و ڕەنگە موسوڵمانەکان لە ئەوان فێر بووبن. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەستهەڵاتی فارسەکاندا، لە سەدەی چوارەمەوە دروست کردنی بینای یادەوەری وەک باوێکی نوێ خۆی دەنوێنی و بینای سەر گۆڕی ئەمیرئیسماعیلی سامانی لە هەڕات یەکەم بینای مەزن بۆ یادەوەری پاش سەرهەڵدانی ئیسلام ناسراوە. لەو سەردەمەوە گۆڕستانەکان پاش مزگەوتەکان گرینگترین شوێنی پیرۆز دێنە ئەژمار و بینای یادەوەری هەندێک کەسایەتی مەزهەبی وەک پەرستگەیەک کەڵکی لێ وەردەگیری. بە فەرمی بوونی مەزهەبی شیعە ئەو ڕەوتە گەشە دەکا و ئارامگاکان دەبنە بەشێکی گرینگی ئاواکاری ئیسلامی و یستا ئەو باژێڕانەی گۆڕی کەسایەتێکی مەزهەبی لێیە وەک شوێنیکی پیرۆز دێنە ئەژمار و پێناسەی برەندی brand (مارکە) باژێڕەکەن و بناغەی توریزمی مەزهەبی. وەک مەشهەد، قۆم، نەجەف و کەربەلا و هەروەها گۆڕستانی وەک بەقیع، ئەبوتالب و وادی سەلام (وادی السلام) لە نەجەف.

بە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و هەروەها گرینگیدان بە کەسایەتیە زانستی، ئەدەبەی و هونەریەکان کە هەندێک جار وەک بەرەنگاری کردن لەگەڵ بیروباوەڕی مەزهەبی لیکدراوەتەوە تاقمێکی تری بینای یادەوەری و گۆڕستان بەدی هاتوون کە وەک شوێنی پیرۆز لە ڕوانگەی مەزهەبێوە سەیرناکرێن و بەڵکو هێمایەکن بۆ شانازی نەتەوەیی. ئەگەر کەسایەتی و پێگەی مەزهەبی کەسایەتیە مەزهەبیەکان بۆتە هۆی پیرۆزبوونی شوێنی ناشتنیان، حەول و تێکوشان و چالاکی و پێگەی کۆمەڵایەتی کەسایەتەیە ئەدەبی و هونەری و زانستیەکان شوێنی ناشتنیان دەکاتە هێمایەکی نەتەوەیی. گۆڕستانی پیێرلاشێز Père Lachaise لە پاریس بەناوبانگترین گۆڕستانی جیهان لەو چەشنەیە. بوونی گۆڕی کەسایەتی وەک سامۆئێل هانمەن (پزیشکی ئاڵمانی)، ژان فڕانسوالیتوار (فەیلەسوف)، سارابێرنارد (ئەکتەر)، ژۆرژ مێلیەس (دەرهێنەر)، کلۆدشابرۆل (دەرهێنەر)، پۆل ئێلۆوار (نوسەر)، ئۆسکاروایلد (شانۆنامەنوس)، ئالفرێددۆموسێ (شاعێرونوسەر)، سادێق هیدایەت (نوسەر)، غوڵامحوسێن ساعێدی (شانۆنامەنوس)، مولیەر (شانۆنامەنوس)، یۆڵمازگۆنای (درهێنەر)، جیم موریس (موزیسیەن)، ئەحمەدکایا (ستڕانبێژ) و … هتد ئەو شوێنە نەک تەنیا بۆ فەڕانسیەکان بەڵکوو بۆ زۆر نەتەوەی جیهان کردۆتە هێمایەکی نەتەوەیی. یا گۆڕستانی نوودۆیچی Novodevichy، مۆسکۆ کە کەسایەتی وەک خڕۆشچۆف (ڕیبەڕی سۆڤیەت پاش ئێستالین)، لاهوتی کرماشانی (شاعێر و نوسەر)، ئایزێنشتاین (دەرهێنەر)، گۆگۆل (نوسەر)، مایاکۆفسکی (شاعێر)، نازم حیکمەت (شاعێر) و … هتد لێ بەخاک سپێردراوە و لە پەنا گۆڕی کەسایەتیەکان لەلایان هونەرمەندانەوە پەیکەرە یا دەستکردێک دروستکراوە. لە ئێران گۆڕستانی مقبرة الشعرا (گۆڕستانی سۆرخاب)ی تەورێز  ئەو تایبەتمەندیەی هەیە و پتر لە ٤٠٠ کەسایەتی ئەدەبی، سیاسی و زانستی وەک ئەسەدی توسی، خاقانی شێروانی، عەزیزخانی موکری، سەیفەدین خانی موکری، مامۆستا شەهریار و … هتد  لێی بەخاک سپێردراون. بەڵام پاش بەخاک سپاردنی مامۆستا شەهریار لە ساڵی ١٣٦٨ ئیتر کەسایەتێکی تر لەو شوێنە بەخاک نەسپێردراوە. هەروەها گۆڕستانی زەهیرودەوڵەی تاران لەو چەشنە گۆڕستانانەیە. ئەو جۆرە گۆڕستانانەش هەر وەک بارەگا و گۆڕستانە مەزهەبیەکان پێناسەی برەند واتا مارکەی باژێڕەکانن و بەردەوام بۆ هاندانی توریستەکان کەڵکیان لێ وەردەگیرێ.

"مقبرة الشعرا"ی مەهابادیش بەهۆی لێبەخاکسپاردنی کەسایەتی وەک مامۆستا هێمن، مامۆستا هەژار،  مامۆستا محەمەدی ماملێ، مامۆستا محەمەد قازی و … هتد وەک هێمایەکی نەتەوەیی دەناسرێ. گرینگی ئەو هێمایە تا ئەو ڕادیە بووە کە لە ساڵی ١٣٦٥وە لێژنەیەک لە ژێر ناوی (هیئت امنای مقبرة الشعرا) ئەرکی پیڕاگەیشتن و ئاگاداری و هەروەها دیاری کردنی ئەوەی کە کێ لەو شوێنە بەخاک بسپێردرێ وە ئەستۆ گرتووە. هەڵبەت ئەوە جێی پرسیارە ئەو لێژنەیە بۆ لە ژێرناوێکی کوردی گونجاوی ئەو هێما نەتەوەیە نەناسراون. بەڵام دیاری کردنی ئەو کەسایەتیانەی کە شیاوی بەخاک ئەسپاردن لە "مقبرة الشعرا"ن دیارە کارێکی حەستەمە و لێکدانەوەی جوراوجۆری لەسەر دەکرێ. گرینگترین ئەرکی دیاری کردنی ئەو کەسایەتیانە، ڕاگرتنی پێگە و واتا و پیرۆزی ئەو شوێنەیە لە ڕوانگەی نەتەوەیەوە. لای زۆربەی ڕەخنە گران بە تەنیا چالاک بوون لە بوارێکی هونەری، زانستی یان کۆمەڵایەتی ناتوانێ هۆی بە خاکسپاردنی کەسێک لەو شوێنە بێ. هەڵبەت ئەوە بە واتای بە کەم زانین و لەبەرچاو نەگرتنی چالاکی و حەولی زۆربەی ناوداران و چالاکانی کوردستان نییە بەڵام دیارە بەڕای ئەو کەسانە بەرز ڕاگرتنی پێگەی شوێنەکە گرینگترە. هەستیاری ئەو بابتە وا دەکا، تەنانت تازەکردنەوە و دروست کردنی بینای یادەوەری نوێش لە لایان زۆربەی خەڵکەوە جۆرێکی تر لێکبدرێتەوە و هەروەها تەمای لێژنە بۆ بەخاکسپاردنی کەسایەتێک لەو شوێنە ڕەخنەی لێ بگیری.

ئەوەی ڕاستی بێ جیا کردنەوەی بەشێک لە گۆڕستانێک بۆ بەخاکسپاردنی هەندێک کەسایەتی و بوونی لێژنەیەک بۆ دیاری کردنی ئەو بابەتە کە کێ لەو شوێنە بەخاک بسپێردرێ و کێ نا، هاو تەریبی ڕاستی و چالاکی و خەباتی ئەو کاسایەتیانەی لەو شوێنە بەخاک سپێردراون نییە. لای هەموو کەس ڕوونە ئەو بەڕیزانەی لە "مقبرة الشعرا"ی مەهاباد بەخاک سپێردراون هونەرمەند و چالاکی گەل بوون و بە درێژایی تەمەنیان لەگەڵ خەڵک ژیاون و ڕواڵەتی ژیان و هەڵسوکەوتیان لە گەل جیا نەبووە. لە هیچ شوێنێکی جیهانیش بەشێک لە گۆڕستانێک بۆ بەخاکسپاردنی کەسانی تایبەت جیا نەکراوەتەوە، جیا لەو وڵاتانەی توشی شەڕ بوون و شەهیدەکانیان وەک قارەمانی نەتەوەیی لە شوێنێکی تایبەت بەخاک دەسپێرن. لەو گۆڕستانانەی لەسەرەوە باسیان کرا، گۆڕی کەسایەتیە ناودارەکان لە پانتایی گۆڕستانەکەدا بڵاوە و یەکڕا لە بەشێکی گۆڕستانەکە نین و تاقە جیاوازی ئەوان، پەیکەرە یان دەستکردێکی هونەرمەندانەیە لە پەنا گۆڕەکانیانە کە لەلایان هونەرمندێکەوە بەدی هاتووە. سەرلێدەرانی ئەو گۆرستانانە ماوەی چەند کاتژمێرێک کات تەرخان دەکەن بۆ پیاسە کردن لە ناو گۆڕستانەکە و سەری گۆڕی ئەو کەسایەتیانە دەدەن کە مەبەستیانە. ئەو ڕادە باس و ڕەخنە و لیکدانەوە دەربارەی ئەو بابەتە، پاش مەرگی کەسایەتیەکان ڕەنگە تەنیا لای ئێمە باو بێ و ئاوڕدانەوەیک لە ناوداران لە کاتی ژیانیاندا ئەوەندەی باس دەربارەی ناکری. لە هۆلیوود باوە بۆ بەرز ڕاگرتنی ناوی ئەستێرەکان لە شەقامی سەرەکی ئەستێرەیەکی بەردین کە ناوی کەسایەتێکەی لەسەر نوسراوە لە عەرز دەگرن، هەڵبەت ئەو کارە کاتێک دەکرێ کە ئەستێرەکە خۆی لە ژیاندایە نەک پاش مەرگی. ڕەنگە پێویست بێ لێژنەیک لە ناودارانی کورد پێک بێ بۆ بەرز ڕاگرتنی ناوی ئەو کەسایەتیانەی یستا لە ژیان دان و خەریکی چالاکی و حەولدانن. ڕەنگە پێویست بێ شارەداری شەقامێک یا پاڕکێکی نوێ ئاوابکا لەژێرناوی ناوداران و بۆ هەموو ئەو کەسایەتیانەی لە بوارەکانی هونەر، ئەدەبیات، زانست، وەرزش، چالاکی مەدەنی و … هتد یستا لە ژیان دان و بەردەوامن لە چالاکی و دارێک بەناویان بچەقێنێ، ڕەنگە جوانتر بێ کەسایەتیەکان خۆیان داری خۆیان بچەقێنن. رەنگە پێویست بە تەرخان کردنی پاڕک و شەقامێکی تایبەتیش نەبێ، بەڵکوو لە هەموو شەقامەکانی شار چەند دار بە ناوی ناودارانی کورد بچەقێندرێ. پاش مەرگی هەرکامیشیان، لەو شوینەی کە هەموو خەڵکی ئاسایی بەخاک دەسپێردرێن بەخاک بسپێردرێن و هێمایەکی بچوکی یادەوەری لای گۆڕەکەیان بێ و "مقبرة الشعرا"ش هەروەک ڕابردوو هێمای نەتەوەیی ڕابگیرێ. بەو چەشنە شار پڕ دەبێ لە داری یادەوەری ناوداران. دارەکان دەمیننەوە، تەنانەت پاش مەرگی ئەوکەسانەی بەناویان کراون و باژێڕ ڕەنگین و هەردەم لەگەشە دادەبێ. وەها باژێڕێک تاقانا باژێر دەبێ کە ئەوە گۆڕستانەکەی نییە کە بە هۆی لێبەخاکسپاردنی ناوادارانی لەژیاندا نەماوی گەل ناوبانگی هەبێ، بەڵکو لەناو شەقامەکانیدا هێمای هەمیشەیی ناودارانی سەردەم خۆ دەنوێنێ.

کەیوان فەهیمی

اخبار مرتبط

نظرات

ارسال دیدگاه

یادداشت ویژه

تێبینییەک لەسەر کافه کتێبەکان؛

ئەوەی هەیه و ئەوەی پێویسته ببێ

دەمێکه دیاردەی دامەزراندنی هێندێک شوێن به ناو "کافه کتێب" له شارەکانی کوردستان پەرەی گرتووه و له زۆریێک له شارەکان شوێن‌گەلێک بەو ناوه دەکرێنەوه. دیاره هەر هەوڵێک که بەسترانەوەیەکی لەگەڵ هونەر و ئەدەب و فەرهەنگەوه هەبێ، کارێکی پیرۆزه و به تایبەت له وڵاتێکدا که دەزگا فەرمییەکان هەوڵێکی ئەوتۆ نادەن بۆ کردنەوەی شوێنی فەرهەنگی یا ئەوەی دەشکرێ دووره له بێلایەنی، هەوڵی خودی کۆمەڵگای فەرهەنگی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، گرینگییەکی تایبەت و کاریگەری هەیه. بەڵام دیاره هەر پێگه و شوێن و بنکەیەکی فەرهەنگی، دەبێ هێندێک بنەما و ستانداردی هەبێ تا ئەو ئامانجانەی هەیەتی یا بۆی داڕێژراوه دەستەبەر بکا. شوێنێک وەک کافه کتێبیش، ڕاسته که ئامانجی ئابووریی هەیه، بەڵام چون هەڵگری ناوی کتێبه که هێمایەکی فەرهەنگییه، دیاره لەو ئاستەدا هێندێک ئەرکی لەسەر شانه و کۆمەڵێک پێداویستی و بنەمای دەوێ بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەرکانه. کاتی چوونەژوور لەو شوێنانه، بەرچاوترین جیاوازی لەگەڵ کافه و شوێنی دانیشتنه ئاساییەکان، بوونی هێندێک کتێبی جۆراوجۆر له سووچێکی ئەو شوێنانەیه. بەڵام ئەوەی سەرنج ڕا دەکێشێ، ئەو بابەتەیه که گۆیا ئەو کاره تەنیا بۆ لابردنی بەرپرسیارەتییه له ئەستۆ و پاساو هێنانەوەیەکه بۆ ئەوەی شوێنەکه لەگەڵ ناوەکەی بگونجێ. ئەوەش له چەند بوارەوه دەکرێ بەرەوڕووی ڕەخنه ببێتەوه که هێندێکی پەیوەسته به هەڵسوکەوتی خاوەنی شوێن و هێندیکیش جۆری کەڵک وەرگرتنی ئەو کەسانەی ڕوو دەکەنه ئەو شوێنانه. سەرەتا ئەوەی که بەپێی چەند شوێنێک که وردبینییان لەسەر کراوه، هەڵبژاردنی کتێب بەبێ هیچ سەرنجێک ئەنجام دەدرێ و تەنیا وەک لابردنی بەرپرسیارێتییه و پێ دەچێ هەرچی به دەستیان گەیشتبێ له هەر بوارێکدا کۆیان کردبێتەوه و بێ هیچ جیاکردنەوه و خشتەبەندییەک دایان نابێ. مەسەلەی تر، ئەوەیه که بەپێی ئەو ماوه کورتەی لەو شوێنانه ڕادەبردرێ، دیاره خوێندنەوەی تێر و تەسەلی کتێبێک دەست نادا و ئەو شوێنانه دەبێ ڕێگەخۆشکەرێک بن بۆ خەڵک که وێڕای ڕابواردن و تاوێک حەسانەوه، لەگەڵ کتێب یا بەرهەمێکی فەرهەنگیش ئاشنا بن و له کافه کتێبه ستانداردەکان وا باوه که کتێبەکان لەگەڵ خوێندنەوه، بۆ فرۆشیش ئامادەن و کەسێک که لەو چەند خولەکەدا و به خوێندنەوەیەکی کورت حەزی له کتێب یا بەرهەمێک دەبێ یا له گفتوگۆیەکدا کتێبێکی پێ پێشنیار دەکرێ، هەر لەوێ دەتوانێ کتێبەکه بکڕێ و بەو جۆره هەم له بواری ئابوورییەوه یارمەتییەکه بۆ کافەکتێب و هەم ئەو کەسەش وێڕای ڕابواردنی کاتی وچاندان، توانیویەتی کارێکی سوودمەندیش ئەنجام بدا. یەکێکی تر له تەوەرەکان، ئەوەیه که ئەو شوێنانه دەبێ وەک له ناوەکەیانەوه دیاره، جێیەک بن بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵگای فەرهەنگی، نەک تەنیا سیمای ئابووری و گشتی به خۆیان بگرن و تەنیا به ڕواڵەت و به ناو لەوانی تر جیا بنەوه. ئەوه لەسەر شانی بەرپرسانی ئەو شوێنانەیه که کەسانی تامەزرۆی فەرهەنگ و ئەدەب کۆ بکەنەوه و کارهاسانییان بۆ بکەن و پێداویستی‌گەلێکیان له بەردەست بنێن که بتوانن لەو شوێنانه کات ڕابوێرن و هاوکات خەریک به نووسین و نەخشاندن و بیرکردنەوه بن. له زۆر شوێن وەک هەرێمی کوردستانیش شوێن‌گەلێک هەن که ئەدیب و نووسەر و شاعیر و بیرمەندەکان کۆ دەبنەوه و له کەشێکی فەرهەنگیدا کاتیان ڕادەبوێرن که دەکرێ لێرەش کافه کتێبەکان ئەو ڕۆله بگێڕن. یەکێکی تر لەو ئەرکانەی له ئەستۆی ئەو شوێنانەیه و بەرچاو ناگیرێ و لانی کەم له شارەکانی کوردستان هێشتا نەدیتراوه که بەجێی بهێنن ...

وعده گاه مسئولین

روز شمار عنوان وعده
css.php
%d bloggers like this: