ج. خرداد ۱۶ام, ۱۳۹۹

تەوەرەناسی (آسیب شناسی) فستیڤاڵی نێو نەتەوەیی شانۆی کوردی سەقز

فەرەیدوون محەممەدزادە:
یەکەم
بۆ ئەوەی بزانین تەوەرەناسی فستیڤاڵی نێونەتەویی شانۆی کوردی لە سەقز لەم شانزدە خولەی برێوەچوونی‌دا چییە و چی بووە، پێویستە ئاوڕێک لەم شانزدە خولەدا بە وردی بدەینەوە و ژیرانە لێی بکۆڵینەوە.
هەر ڕەخنەگر و ئانالیزۆرێک بە پێی بۆچوون، بیری و باوەڕی خۆی ئەتوانێ ئاماژە بۆ چەند خاڵی باش یان خراپی فستیڤاڵی شانۆی کوردی سەقز بکات. بە بڕوای من گەورەترین تەوەرەناسی فستیڤاڵی نێونەتەویی شانۆی کوردی سەقز لە بەراورد کردن بەدی ئەکرێ. بەراوردێک لە نێوان کارەکاندا. بەشداربوونی هۆنەرمەندان لە هەموو پارچەکانی کوردستان جۆرە ئامرازێکێ گەورە دەخاتە بەر دەستی نووسەر و لێکۆڵەر کە بتوانێت بەراوردێک لە نێوان کاری بەشداربوان بکا و بە ئەنجام یان ئاکامێک بگا. لێکۆڵەر و تەنانەت بینەرانی شانۆ بە دیتنی کاری هۆنەرمەندانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها گرینگتر لەوە، هۆنەرمەندانی باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەتوانێ لەگەڵ شێوازی کاری ئەوان ئاشنا ببێ و بزانێ ئەوان چۆن کاری شانۆ ئەکەن. بۆ ئێمەی بینەر شانۆ تابلۆیە ئەدا بە دەستەوە تا بزانین خەڵکانی تری پارچەکانی کوردستان چۆن ئەژین، چۆن بیر ئەکەنەوە، باروودۆخی کۆلەمەڵایەتیان چۆنە. لەم شانزدە خولەی فستیڤاڵدا هۆنەرمەندانی باشوور و باکووری کوردستان بە گشتی بەشدار بوون و لە یەک خولیش‌دا ڕۆژئاوایش کاریان ناردبوو کە بە هۆی ئەوە سووریە لەگەڵ ئێران سنووری هاوبەشی نیە، هۆنەرمەندەکانیان نەیانتوانی بوو بەشدار بن. کاتێ کە چاو لە کارەکانی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکوو سەقز، سنە، کرماشان، ورمێ، بۆکان، بانە، مەهاباد، مەریوان، دیواندەرە، بیجار، ئیلام بگرە خۆراسان، تاران و … دەکەین لە هەموو زیاتر ژانرێک بەرچاوە و زەقە؛ ئەویش تراژدیایە. بە دەگمەن کارێک ئەبینین کە تراژدی نەبێ. تا ئەو ڕادیە کە ئەتوانین بڵێین تراژدی زمانی شانۆگەری کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. تراژدی بۆتە ژانرێک کە زۆربەی هونەرمەندانی شانۆ لە ڕۆژهەڵات سەرقاڵن پێوە. ئەم تراژدیانە کەند و کۆسپی کورد لە هەر شوێنێکێ ئەم جیهانە باس ئەکا. لە ڕابردووە تا ئەمڕۆ. تراژدیی ڕۆژهەڵات لە ناوەڕۆک گەلێک وەکوو بەیتەکان بو وێنە بەیتی سیدەوان، ئەنفال، کێشەی داعش، کۆچبەری، کۆڵبەری، رووداوکانی سرووشتی وەکوو بوومەلەرزە، لافاو و… ڕەنگ ئەداتەوە. هونەرمەندی ڕۆژهەڵات لە ناخی دڵەوە ئەیدرکێنێ و هاوار ئەکات. بە هەستێکێ بەرزەوە تەنیا و تەنیا هاوار ئەکا.
ئەم ناوەرۆکانە ئەوەندە تەشەنەی سەندووە کە بۆ وێنە لە فستیڤاڵێکدا ئەماندی چەن شانۆ لە بارەی نەنفالەویە تا ڕادەیک کە ئەگەر بینەرێکی شانۆ بۆ هەوەڵ جار چاوی لە فستیڤاڵ بکردایە وای بۆ دەچوو کە تەوەری فستیڤاڵی ئەمساڵ ئەنفالە یا خود شانۆ واتە ئەنفال و بەدەر لەوە نییە. کاتێ کە سەردەمی داعش و دەڕەندەیی ئەوان بوو، تێکڕا نمایشەکان ئەبوو بە کێشەی داعش و لە دە بەرهەم هەشتی سەبارەت بە داعش ئەبوو. یان سەردەمێک هەر هەموو تراژدیی سەیدەوان بوو.
پرسیاری یەکەم ئەوەیە لەبەرچی هونەرمەندی ڕۆژهەڵات تەنیا تراژدی دێنێتە سەر شانۆ؟
پرسیاری دووەم ئەوەیە بۆچی هەموو یەک بابەت هەڵ ئەبژێرن و جیاوازی لە نێوان شانۆکاندا بەدی ناکرێ؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە سەرەتا ئەبێ چاوێک لە کێشەی کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵات بخشێنین. ئەوەی کە زیاتر لە ڕۆژهەڵات بەرچاوە بابەتێک بە ناوی هەستە. هەست، پرسی هەرە گەورەی ڕۆژهەڵاتە. ئێمەی کۆردی ڕۆژهەڵات زیاتر لەوەی بەدوای ژیربێژی‌دا بین کۆڵەواری هەستین. بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە ئەوە بەسە کە چاوێک لە کۆمەڵگا بکەین. کاتێ کەسێک لە نێو بنەماڵەیکدا کۆچی دوایی ئەکا، ئەبینین تا چەند مانگ بگرە چەند ساڵ بنەماڵەکەی جێگای خۆی ناگرێتەوە. گریان و شیوەن و خۆ ڕنینی ڕۆژانی هەوەڵ بە لایەکەوە، دوایش ئەو بنەماڵە هەر خەریکی خەمخۆرین. بنەماڵەکە تێک ئەچێت. ئەمە بەراورد کەین لەگەڵ مردن لە وڵاتێکی پێشکەوتوو تا بزانین لەوێ چۆن ژیری بە سەر هەستدا زاڵە. ڕەنگە کەسێک بڵێ ئەوە نیشان ئەدا ئەوان دڵرەقن، بەڵام وا نیە ئەوە نیشانەی گەورە بوونە. نیشانەی مۆدێڕن بوونە. یان هەر ڕووداوێک روو ئەدا بە هۆی ئەوە هەستمان زاڵە بە سەر بیرکردنەمەمان‌دا،تراژیدیای لێ ئەکەوێتەوە. لە ڕووداوێکدا وەکوو تالاری مانگەشەو”ی سەقز بە جێگای ئەوە ژیرانە بیر بکەینەوە و بە ئارامی لەو رووداوە دەرباز بین ئەوەندە شوێنکەوتووی هەستین و تەنیا لە بیری خۆمانداین کە منداڵەکان لە ژێر پێ ئەنێین و ئەکۆژین. وێنەی زۆرمان هەیە کە دەری ئەخات ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات شوێنی هەست کەوتووین تا ژیری. تراژدیش سەرانسەر هەستە، بۆیە ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات زیاتر لە هەر ژانر و بابەتێکی تری شانۆ، حەزی لێ ئەکەین و لەسەری ئەڕۆین.
دووهەم
وەڵامی پرسیاری دوەمیش ئەوەیە کە بە گشتی کار کردن و یەک جۆر کار کردن نیشان ئەدات شانۆگەری لە ڕۆژهەڵات زیاتر لەوەی بە دوای گۆڕانکاری و جیاوازی بێ، بە دوای لاسایی کردنەوە و سەواری شەپۆل بوونە کە ئەویش هەر وەکوو تراژدی بە هەستەوە گرێدراوە. ژیربێژی، جیاوازی لە کاردا دێنێتە ئاراوە بەڵام هەست، وێچوون و دووبارە کردنەوە و بەرەو پێش نەچوون. داعش لە کوردستانی باشوور، باکوور و ڕۆژئاوا سەری هەڵدا بەڵام من لە هیچ خولێکدا تەنانەت یەک نمایشیشم لە کوردستانی باشوور یان باکوور نەدیوە کە سەبارەت بە داعش بێ. ئەوە لە حاڵێک دایە کە لە کوردستانی ڕۆژهەلات بە لێشاو کراوە و ئەکرێ. ئەوەی کە لەم شانزدە خولەدا لە کاری شانۆگەری کوردستانی باشوور بەرچاوە ئەوەیە کە هونەرمەندانی شانۆکاری باشوور، دەقە پتەو و بەرزەکانی شانۆی ئەدەبی جیهان هەڵئەبژێرن و دەقاودەق وەک ئەو شانۆنامانە نمایشی ئەکەن. وەکوو بەرهەمەکانی چیخۆف، ستریند بێرگ، ئیبسن و …شانۆکارانی باشووری کوردستان ڕێکار و چوارچێوەیەکی درووست کە لە شانۆنامەکانی ڕۆژاوایی دایە، ئەکەن بە ئامرازێک تا بتوانن لە پێناوی ئەوەدا بگەن بە ژیربێژی. هەست لەم کارانەدا جێگایەکی ئەوتۆی نییە و یان زۆر لاوازە بەڵام بنەما و چوارچێوەکی ئەدەبی شانۆگەری و ژیرانەی گەورەی تێدایە. ئەم شانۆکارانە تەنانەت لە ئامادە کردنی شوێنی نمایش زۆر وردبینن تا ڕێک ئەو شتە وا لە شانۆنامەکاندا هەیە دووبارە درووستی بکەنەوە تا نەتەنیا لە گێڕانەوەی چیرۆک و نواندنی کەسایەتییەکان، بەڵکوو لە سازکردنی فەزایش، ڕێک ئەو شتە وا نووسراوە بەدی بێنن. ئەمە باش تێگەیشتن و عەقڵانیەتە، ئەو شتەی وا ڕۆژاوایی‌یەکان ئەمڕۆ لە پێناویدا بە هەموو ئامانجەکانی کۆمەڵاتی و ئابووری و سیاسی گەیشتوون.
ئەگەر چی جار وا بوو لە خولێکی فستیڤاڵدا لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە شانۆیەک دەنێردرا بۆ لێژنەی بەرێوەبەرایەتی فستیڤاڵ کە دەقەکەی بەرهەمی شانۆنامەنووسانی بەناوبانگی جیهان بوو بەڵام بە بۆنەی چەند کێشەیک نەئەبینرا. بۆ وێنە شانۆی “لە پشت درگا” بە نوسینی “ولفگانگ بۆرشێرت” نووسەری ئاڵمانی بە دەرهێنەری “رەحیم عەبدورەحیم‌زادە” لە بۆکانەوە لە فستیڤاڵی چواردەهەم کە زۆریش بە جوانی ئامادە کرا بوو، بەشداری کرد بوو، بەەڵام لە لایەن لێژنەی فستیڤاڵەوە گرنگی پێ نەدرا و نەیتوانی جێی خۆی بکاتەوە و شوێن پێی خۆی دابنێ. هەر بە بۆنەی ئەو کەمتەرخەمییە کە لە لایەن لێژنەوە لە ئاست ئەو بەرهەمە کرا، ئەو شانۆیە بە رێکوپێکی و بە شێوەیەکی شیاو و گونجاو نمایش نەکرا و نەبینرا. ئەم جۆرە گرنگی نەدانە لە ئاکامدا ئەبێتە خەسارێک بۆ دەرهێنەر کە ئیتر بە لای ئەو جۆرە کارەدا نەڕوا و شانۆی کوردی ڕۆژهەڵات لەم بوارەدا پەکی بکەوێت و گەشە نەکات.
شانۆگەری باشووری کوردستان هەنگاوێک لە پێش شانۆگەری ڕۆژهەلاتەوەیە. ئەوان هەستیان وەلا ناوە و بە دوای عەقڵیەت و داڕشتنن. داڕشتنێک بۆ ئەوەی درووست بکەن و بخۆلقێنن. ئەو شتانەی وا نیانە لە پێناوی عەقلانیەت و ژیربێژی‌دا درووستی بکەن و ڕێک چاوێکیان لە ڕۆژاوایی‌یەکانەوەیە چ لە ناوەڕۆکی شانۆنامەکاندا چ لە شێوەی ژیانی ڕۆژانە و کەلو پەلیاندا. بۆ وێنە ئەمساڵ شانۆی باوک کە لە سلێمانییەوە نێردرا بوو بۆ فێستیڤاڵی شانۆی کۆردی سەقز، نووسینی ستریند بێرگ یەک لە شانۆنامەنووسە بە ناو بانگەکانی ڕوژاوایە.کاتێ کە چاو لە کارەکانی شانۆگەری باکوور واتە کوردستانی تورکیە دەکەین ئەبینین ئەوان یەک هەنگاو لە پێش شانۆگەری باشوور و چەن هەنگاو لە پێش شانۆگەری ڕۆژهەلاتەوەن. شانۆکاری باکوور هەست و سۆزی شانۆکاری ڕوژهەڵات و ژیربێژی و عەقڵانیەتی شانۆکاری باشووری وەرگرتووە و شتێکی پێ زیاد کردووە و بەرهەمێکی نوێ درووست ئەکا. ئەو شتەی وا هۆنەرمەندی باکوور زیادی کردووە ئامانج و ئارەزووەکانیەتی. ئەوەی کە لە کاری شانۆگەری ڕۆژهەڵات و باشوور نایبینین. شانۆکاری باکوور ئەو قۆناخانە وا شانۆکاری ڕۆژهەلات و باشوور خەریکە دەیبڕێ، ساڵانێکە تێیپەڕاندووە. ئەمڕو ئەو قسە لە ئامانجەکانی خۆی ئەکات. بە ئێمە ئەڵێ کە چی ئەوەی و بە دوای چییەوەیە.
وێنەی ئەم بابەتە بە کورتی و بە باشی ئەمساڵ لە شانوی “ڕاپۆرتێک بۆ ئاکادمیا” کە لە ئیستانبۆڵەوە نێردرا بوو بۆ نێو شانزدەهمین فستیڤاڵی شانۆی کوردی سەقز، ئەبینین. ئەوەی کە ئەکتەر بە تەواوی هەست و نەستییەوە ئەڵێ من مڕۆڤم مرۆڤ و هیچم ناوێ تەنیا یەک شتم ئەوێ ئەویش ئازادیە. شانۆکاری باکوور ئەیەوێ بە جیهان بڵێ منیش وەکوو ئێوە مڕۆڤم و ئازادم.

سێهەم
ئەوەی کە لە کۆمەڵگا گرنگە، پرسیارە. پرسیارە کە ئەبێتە هۆی ئەوە رووداوێک بیر نەچێتەوە و بەردەوام بڵێین بۆچی؟ ئەو بۆچییانەیە کە وڵاتێک بەرەو پێش ئەبات. لە ڕاستی‌دا ئەتوانین بلێین سنووری نێوان وڵاتی پێشکەوتوو و دواکەوتوو، پرسیارەیە. کاتێ کە رووداوێکی دڵتەزێن لە وڵاتی دواکەوتوو روو ئەدات بە ئاسانی قەبووڵ ئەکرێ؛ ماوەیەک شینی بۆ ئەگێردڕێ و دوایی تەواو ئەبێ بەڵام لە وڵاتی پێشکەوتوو بە ئاسانی ئەو شتە ناسەلمێنرێ و پرسیار ئەکرێ و ئەبێ کەسانێک وەڵام بدەنەوە. ڕێک ئەمەیە کە لە هۆنەریشدا ڕەنگ ئەداتەوە.
هۆنەرمەندی وڵاتی دواکەوتوو پرسیار ناکا هەر ئەو ڕووداوە دووبارە پیشان ئەداتەوە و بینەر دووبارە تووشی هەست و رووژاندن ئەبێ و ئێحساساتی خۆی ئەڕژێنی و ته واو. بەڵام هۆنەرمەندی وڵاتی پێشکەوتوو پرسیار ئەکا بۆچی ئه‌م رووداوە هاتەتە ئاراوە و بە دوای هۆکارگەلێک ئەگەڕێ و زانیاری ئەدات بە خۆی و بە بینەر. ئەگەر هۆنەرمەند رووداوێک وەکوو بوومەلەرزە ئەکات بە پلانێک بۆ شانۆ، ئەبێ بە دوای ئەوەدا بگەرێ بۆچی ئەوندە خەسارت؟بۆچی ئەوەندە ماڵ وێرانی؟ لە رووداوێک وەکوو مردنی کۆڵبەرێک پرسیار بکا بۆچی کۆڵبەری؟ چی بوو بە هۆی روودانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە؟ کێ تاوانبارە؟ نە هەر ئەوە کە شانۆیەک پێک بێت و دووبارە هەر ئەو رووداوە درووست بکرێتەوە، بێ ئەوەی بە دوای هۆکارەکانیدا بگەڕێ. لە فیستیڤاڵی شانزدەهەم دا کارێک بە ناوی “گراداڤ” لە شاری بانە هات‌بوو کە ئەیەویست ئەنفاڵ لە تێڕوانینێکی ترەوە پیشان بدات. دەستپێکی شانۆکە زۆر باش بوو بە هێنانەوەی هۆکار و ژیربێژی ئەیەویست شتێک ڕوون بکاتەوە بەڵام لە درێژەیدا دووبارە کەوتە نێو هەستەوە و نەیتوانی ژیربێژی بە سەر هەستدا زاڵ بکا. هەر وەها شانۆی “سەرپێڵ” لە سنەوە کە سەبارەت بە بوومەلەرزەی کرماشان بوو نەیتوانی پرسیارێکێ باش درووست بکات و بە دوای وڵامەکەیدا بگەڕێ.
ئەرکی شانۆ تەنیا پیشان دانی دیاردە نیە بەڵکوو کاری شانۆ درووست کردنی پرسیارێکە و هەوڵ دانە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەیە لە درێژەی نواندن و نمایش‌دا.
ئەم شێوە ڕووبەڕوو بوونەوە جیاوازی مڕۆڤی پێشکەوتوو و دواکەوتووە دەر دەخات.
مڕۆڤانی ڕۆژئاوایەکان لە ژیانی کۆمەلاتیشیاندا بۆ هەر رووداوێک هەر وا بە سووک و ئاسانی لە لایەوە تێناپەڕن بەڵکوو بە شوێنی هۆکارەکانیدا ئەگەڕن. بۆ وێنە بە یەک چاو سەیری بابەتێک وەکوو مردن، مردنی ئاسایی و مردن بە هوی هەڵەی مڕۆڤەوە و یان هەڵەی دەسەڵاتەوە، ناکەن. بەڵام ئێمە هەر مردنێک وەکوو یەک ئەبینین؛ پیرێک بە هۆی تەمەن و چوونە ساڵەوە ئەمرێ، که سێک بە هۆی هەڵەی پزشکییەوە ئەمرێ، کۆڵبەرێک ئەمرێ، سەدان مڕۆڤ کە بە بۆنەی بوومەلەرزە یان لافاوەوە ئەمرن، ئەوانەی کە بە هۆی کاره‌ساتی هاتوچۆوە ئەمرن، که‌سێک کە ئەکۆژرێت و یان فڕۆکەیەک کە ئەخرێتە خۆاروە و دەیان کەس ئەمرێ؛ هەر هەمووی بە مردن ئەزانین و هەر هەمووی وەکوو یەک ئەبینین. بە بۆنەی ئەوەوەیە کە گیرۆدەی هەستین نە بیر، بۆ هەموو مردنێک یەک جۆر مەراسم ئەگرین و پرسە و سەرەخۆشی دائەنێین و ئەڵێین خوا بیبەخشێ و دوای چەن ڕۆژ، لە بیری ئەکەین و ئیتر بە دوای هۆکاری ئەو ڕووداوەدا ناگەڕێین. هۆنەرمەندێکیش بیهەوێ ئەم شتە بکا بە کارێکی هۆنەری، ئەویش دووبارە ئەو رووداوە پیشان ئەداتەوە و ئەیەوێ بینەر تووشی هەست و رووژان بکا و جۆرێک کار ناکا کە بینەر بیر بکاتەوە و لە خۆی و ژیانی خۆی ڕابمێنێ. ئەمانە هێمای هەستە و دوور لە ژیربێژی و بیر کردنەوەیە.
چوارەم
پرسیاری کۆتایی ئەوەیە بۆچی ئەم چوار کۆمەڵە کە هەمووی کوردن ئەوەندە جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە و ڕەنگدانەوەی ئەو جیاوازیە لە کاری هونەرمەندەکانیشیاندا ئەبینین؟
شانۆ ئاوێنەیک لە کومەڵگایە. لە باروودۆخی کومەڵاتی، ئابووری، فەرهەنگی و سیاسی و … ئەگەر ئەمڕۆ هونەرمەندی باکوور ئامانجەکانی خۆی باس ئەکا شایەد بە هۆی ئەوەیە کە ئەو لە وەڵاتێکدا ئەژی کە ئازادی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەو لە ئۆڕووپا ئەژی. ئەو تەنیا ئازادی سیاسی نییە. کێشەی هەرەگەورە ئەو وەکوو کوردێک، ئازادی سیاسیە؛ ئەگینا وەکوو هاووڵاتییەکی ئۆڕووپایی هەموو ئازادیەکانی کۆمەڵایەتیی هەیە. کە وایە ئەو تەنیا بە دوای چارەسەری کەم لە ژمار هاتنە و تا پێی نەگا دەس هەڵناگرێ.
کوردستانی باشووریش بە هۆی ئەوە کە دەسەڵاتی خۆیان هەیە، گەورەترین کێشەیان دروست کردنی وەڵاتەکەیانە. بۆیە بە دوای ژیریەتی و داڕشتن و ساز کردنە. بە دوای درووس کردنەوەی ماڵێکن کە ئازادانە تیا بژین. هەر ئەوەیە ژیربێژی هەڵئەبژێرن. بۆیە چاوێکیان لە ڕۆژاواوەیە کە بزانن ئەوان لە کوێوە دەستیان پێ کردووە و چۆن ڕۆیشتوون. دارە دارەی وڵاتداری ئەکەن و ئەمە لە کاری هونەرمەندەکانیشیاندا بەرچاوە.
بەڵام کوردی ڕۆژهەڵات لە ناو گێژاوێکا گیری کردوە نازانێ کێیە؟ چیە؟ پڕۆپاگەندەی میدیا بەردەوام ئەو بە سەرەکی‌ترین هاووڵاتیی ئێران ناو ئەبات. بەڵام لە ڕاستیدا دەسەڵات بە چاوی هاووڵاتی پلە چەندەمیش لە قەڵەمی نادا. لە وەلاتێکا ئەژی کە کێشەی شوناس و کێشەی زمان و کێشەی دین و ئایین و هەزاران کێشەی تری هەیە.ژیان بۆ کوردی ڕۆژهەڵات تراژدیە بۆیە شوێن‌کەوتووی هەستە، بۆیە هاوار ئەکا. ئەو بە هیچ کام لە مافە سەرەکییەکانی نەگەیشتووە تا بتوانێ لە ئامانجەکانی بیر بکاتەوە. بۆیە تەنیا هاوار ئەکا. لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەرئەگرێ، بە تەواوی هەستەوە بۆ هاوار کردن کە بڵێ منیش هەم، من هەبوونم هەیە. ئەم دەربڕینی هەست و ئێحساساتە سەرەکی‌ترین هێڵی تراژدیە. ئەرەستوو چەن هەزار ساڵ لەوە پێش لە کتێبی بوتیقا ئەوەی باس کردوە. ئەرەستوو ئەڵێ تراژدی ئەبی کاتارسیس بکا. کاتارسیس بە واتای پاک کردنەوەی گیان. یانی بینەر ئەبێ بە دیتنی شانۆ واتە تراژدی بە کاتارسیس بگا. گیان و دەروونی ئەبێ پاک بێتەوە. ئەبێ دوای شانۆ هەستی ئاسوودەیی و ئارام بوونەوە بکا. بینەر ئەبێ لە کاتی شانۆ لەگەل ئەکتەرەکاندا هاوڕێ بێ. دەرد و ئێشی ئەوان بچێژێت و دوای کۆتایی شانۆ، هێوەر ببێتەوە. ئەم بابەتە کاتێ کە لە فیستیڤاڵی شانۆی کوردیدا شانۆیک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەبینین بە ئاسانی بە دی ئە کرێ. زۆر دیومە بینەرەکان لە دیتنی بەشێک لە شانۆیەکی ڕۆژهەڵاتیدا تووشی هەستیاری و هەیەجان بوون و گریاون. هەست و هەیەجان لە هۆڵی شانۆ شه پۆل ئەدا و بیر و ژیربێژی، هیچ جێگایەکی نیە. ئەمە هەڵسەنگێنین لەگەڵ خۆ دوور گرتنی(فاصلە گذاری) مۆدێڕنی بڕێشت. بڕێشت باوەڕی وابوو بینەر ئەبێ لە دەرەوە چاو لە شانۆ بکا. وەکوو ڕخنەگرێک نە وەکوو یەکێک لە ئەکتەرەکان و لە هەموو کاتدا ئەو دووریە لە نێوان خۆی و شانۆ بپارێزێ. بیرۆکەی مۆدێڕنی بڕێشت نزیک بە شێوەی شانۆگەریی باشوور و باکوورە و هەزاران میل لە شێوەی شانۆگەریی ڕۆژهەڵات دوورە.ئەمڕۆ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات بە تەواوی گیر و گرفتەکانمانەوە، بە تەواوی ئێش و ئازارەکانمانەوە زیاتر لە هەموو شتێک پێویستی‌مان بە بیرە، بە بیرکردنەوە لە ئامانجەکانمان. “نەهێلین ئارەزووەکانمان بمرن”. چەقاندنی بیر و ئارەزوو ئەمڕۆ ئەرکی هونەرمەندان، بیرمندان و چالاکوانانی مەدەنییە. کاتی ئەوەیە لە هەست تێپەڕێن و بیر بکەینەوە. ژیربێژی ئەبێ زاڵ بێ بە سەر هەستدا. شانۆکاری ڕۆژهەڵات ئەبێ کارێک بکا تماشاوان بە دوای خویدا پەلکێش بکات، نەک دوای ئەو بکەوێ. هۆنەرمەند و بیرمەند ئەبێ وتەی نوێی ببێ. ئەمە ئەرکی شانۆکار و هۆنەرمەندی ڕۆژهەڵاتە. ئەگینا کۆمەڵ لە ناو بازنەی دووپاتە و دووپاتە و دووپاتە ئەسووڕێتەوە و هەر گێژ ئەخوا بێ ئەوەی کە بەرەو پێش بڕۆا. کاتی سەلماندنی بوون بە سەر چووە، نۆبەی هەنگاوێکی ترە.

فەرەیدوون محەممەدزادە

Leave a Reply

Your email address will not be published.

css.php