بینه‌ر

دووهەمین فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەڕێوە دەچێت

به‌ ڕاپۆرتی بینەر بە گێڕانەوە لە مێهر، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی بۆ مەلا بەختیار، سەرۆكی فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، سەبارەت بەڕاگەیاندنی دووهه‌مین فستیڤاڵ، لە كۆمپانیای مەستی فیلم، بەڕێوە چوو.

به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌ له‌م کۆنفڕانسه‌دا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: وەک لە یەكەمین فستیڤاڵدا بەڵێندرا كە فستیڤاڵەكان بەردەوام ده‌بن، ئەوا ئەمڕۆ یەكەمین چالاكی خۆ ئامادە كردن بۆ دووهه‌مین فستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەما، لە شاری سلێمانی، پایتەختی رووناكبیری دەست پێ دەكات‌و هاوڕێیانی مەستی فیلمیش خۆیان ماندوو دەكەن‌ و لەم ساڵیشدا وچانیان نەبووە و ئەوەندەی توانیویانە وردە وردە هەنگاوی بەجێیان داناوە و یەكەمین فستیڤاڵیان بە جوانی هەڵسەنگاندووە، كەموكوڕییەكانی یەكەمین فستیڤاڵ ئەوەندەی من دەزانم، لە دووهه‌مین فستیڤاڵدا دووبارە نابێتەوە.

ئه‌و زیادی کرد: ئومێدێكی گەورە هەیە، دووهه‌مین فستیڤاڵ، لە یەكەمین نەچێت‌ و زەمینەیەكی لەبار ساز بدات، كە سێهەمین فستیڤاڵ، هەر بەڕاستی فستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی ئەوتۆ بێت، كە نەتەوەی كورد و شاری سلێمانیش شانازی پێوە بكەن.

مه‌لا به‌ختیار ئاماژەی دا: سلێمانی لەو شارانەیە، كە توانایەكی زۆری تێدایە، هەم بە زوویی رەخنە لە كەموكوڕییەكانی دەگیردرێت‌ و هەم رەخنەش لەم شارە وەردەگیرێت. یەكێك لەخەسڵەتە جوانەكانی هەموو شارێكی زیندوو ئەوەیە، كە رەخنە تیایدا زیندووەو قبوڵ كردنی رەخنەش، بۆ چارەسەر كردنی كەموكوڕییەكانه‌.

ئه‌و جه‌ختی کرد: دووهەمین فستیڤاڵ لە ئێستاوە ئەوەندەی فیلم كۆبۆتەوە و ئەوەندەی پەرۆشی هۆگری هەیە بۆ بەشداری كردن، دەتوانین بڵێین؛ مایەی دڵخۆشییە. ئومێدەوارین سلێمانی ئەو ئامێزە گەرم و پڕ لە داهێنانە بێت، كە ئاییندەی سینەما و سینەماسازی لە كوردستاندا چاوەڕوانی دەكات و بێگومان ئەمكارەش، یەكێك لەو شارانەی كە شایەنێتی بتوانێت ئەو ئامێزە پڕ لە داهێنانەبێ‌، شاری سلێمانییە.

فوئاد جەلال، بەڕێوەبەری مەستی فیلم، لەهەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ساڵی پار فستیڤاڵەکە چوار ڕۆژ بوو، بەڵام ئەمساڵ دەکرێتە حەوت ڕۆژ لە ٢٠١٧/١٠/١ بەرامبەر دەگەڵ ٩ی ڕەزبەر تاوەکو ٢٠١٧/١٠/٧ بەرامبەر دەگەڵ ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوە دەچێت. ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر بەهاوکاری کۆمەڵێک کۆمپانیا و کەسایەتی نەبوایە ئەم فستیڤاڵەکە ئەنجام نەدەدرا و ئەمساڵیش ئەو کەسایەتییانە بە هەمان هیممەتی ساڵی ڕابردوو هاتونەتە پێشەوە.

Exit mobile version