س. تیر ۲۴ام, ۱۳۹۹

تە‌های‌که‌ریمی،ڕێبوارێکی سپی

ناسر ڕەحمانی

کاک ته‌های‌که‌ریمی له ساڵی‌ ۱۳۵۴ی هه‌تاوی‌ له گوندی بۆیه‌ن سه‌ر به شاری بانه له دایکبوه. هه‌ر له سە‌رەتاوە ئاوێتەی دونیای ئه‌ده‌ب و تێڕامان لە باروودۆخی کوردستان بوه.

ساڵەکانی۷۳-۷۵ له زانکۆی پزیشکی گیلان ته‌کنیسیه‌نی نه‌شته‌رگه‌ری خوێندوە و ماوه‌یه‌ک له نه‌خۆشخانه‌ی بانه کاری کردوه، به ڵام خولیای تیمارکردنی زامێکی گەورەتر بوە، بۆیە ڕوو لە سینەما ئه‌کات.ئه‌وە‌یە کە کار له نە‌خۆشخانە جێ ئە‌هێڵی و ژیانێکی ئه‌ستە‌م به‌ڵام پڕ له شانازی هه‌ڵئه‌بژێری و خوێندن به شێوازی پسپۆری له شاخە‌ی هونە‌ر دە‌ست پێ‌ئە‌کات و له کنکوری ساڵی۷۹ له به‌شی سینه‌مای زانکۆی هونەری تاران بە پلە‌ی ۵ وەر ئەگیرێت.
به‌رهه‌می ساڵانی خوێندنی لە‌زانکۆی‌تاران چه‌ندین کورته فیلمە،له‌ساڵی ۲۰۰۶فیلمی (کوێستانی سپی) وەک نامەی کۆتایی بەرهەم ئەهێنێت کە بە‌ نمره‌ی۲۰ وە‌رئەگیرێت. لەساڵی ۲۰۰۶ له سلێمانی ناوە‌ندی(سینەماتیک)دائەمەزرێنێت کە بانگەوازێک بوو بۆ وەرگێڕانی سینەمایی و ناسینی مێژووی سینه‌ما.

دواتر چه‌ندین فیلمی دیکه به‌رهه‌م ئه‌هێنێت :(کوێستانی قه‌ندیل-۲۰۰۹) (من به‌کرێگیراوێکی سپیم – ۲۰۱۱). (هه‌زارو یه‌ک‌سێو – ۲۰۱۳) ، وهه‌روە‌ها چه‌ندین فیلمی به‌ڵگەنامە یی(دیکۆمێنتی)تر.

هه‌زاران مخابن لە دوائێوارەی ژیانی و دوای کارکردنی ئه‌و ڕۆژه‌ی لە سەر فیلمی بەڵگەنامەیی(دە ستنوسەکان)، لە کاتژمێر ۸ی ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشە‌ممە ۸/۳/۱۳۹۲ (۲۹/۵/۲۰۱۳) لە شاری سلێمانی و کاتی گە‌ڕانەوە بۆ ماڵ بە هۆی ڕووداوێکی هاتووچو، ماڵئاوایی له ژیان و نیشتمان و هونه‌ری سینه‌ما ئه‌کات و دڵە پڕ لە هیوا و لێوانلێو لە خۆشەویستیەکەی بۆ کوردستان، بۆ هەمیشە لە لێدان ئەکەوێت‌ و خولیا وحە‌زه‌کانی به تە‌نیا جێ ئە‌هێڵێ.

تە‌های‌کە‌ریمی براوە‌ی چە‌ندین خە‌ڵاتی نێونە‌تە‌وە‌یی و جیهانیە،هه‌رچە‌ند گە‌وره‌ترین خە‌ڵات بۆ کاک تە‌ها، دیتنی بزه‌ی دایکان و مناڵان بوو، هه‌ربۆیە له کاتی وە‌رگرتنی یە‌کێ له خە‌ڵاتە‌کانی کە خە‌ڵاتی ئۆرێنسی ۲۰۱۱ی وڵاتی ئیسپانیابوو بۆ فیلمی کوێستانی قه‌ندیڵ، ئە‌و خە‌ڵاتە‌ی به‌خشی به دایکانی جە‌رگ‌سووتاو کە سه‌ره‌ڕای جیاوازی زمانیان به‌ یە‌ک زمان له سه‌ر مە‌زارە‌کان ئە‌گرین! و دواهه‌مینیان خە‌ڵاتی ئاسیاپاسڤیکی۲۰۱۴یە بۆ ئاخرفیلمی کە ۱۰۰۱سێوە کە ساڵێک دوای کۆچە‌ ناوە‌ختە‌کە‌ی له وڵاتی ئۆسترالیا پێی بە‌خشرا.

تە‌های کە‌ریمی هه‌رچە‌ند کە‌م ژیا به‌ڵام کە‌ڵ ژیا و به‌دڵنیاییە‌وە بۆ هه‌میشه‌ له‌ دڵی میلله‌تە‌کە‌یدا ژیان دە‌کات و بۆ نە‌وە‌ی داهاتوو هێمای ئه‌مە‌گناسی و نیشتمان‌خۆشە‌ویستی‌‌یه!

هه‌زاران سڵاو لە ڕۆحی به‌رزی کاک ته‌های نەمر. به‌دڵنیاییه‌وە ڕێگای پڕ ڕێبوارە

Leave a Reply

Your email address will not be published.

css.php