بە پێی ڕاپۆڕتی بینەر، ڕۆژی یەکشەممە ۱٨ی پووشپەڕ، دووەمین فێستیڤاڵی شانۆی مۆنۆدراما بەسەرپەرشتی وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر دەستیپێکرد و تا ٥ ڕۆژ درێژەی هەیە.
سەلام باپیر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵ بە ڕۆژنامەنووسان ڕادەگەیەنێ: "یەكێك لەئامانجەكانی ئەو فێستیڤاڵە هێنانە پێشەوەی ئەكتەری نوێیە كە كێشەیەكی سەرەكیی شانۆی كوردییە".
ئەو دەڵێ: شانۆی مۆنۆدراما بەشێوەی تاكئەكتەر نمایش دەكرێت، ئەمەش زیاتر دەرخستنی توانا و لێهاتوویی ئەكتەر لە بەرامبەر دەرهێنەر و جەماوەری شانۆیی دا دەردەخات.
۱۰ گرووپی باشوور و رۆژهەڵات لە فێستیڤالەکەدا بەشدارن و تا ۲۲ی پووشپەڕ بەردەوام دەبێت.
جێگای ئاماژەیە ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۱ی پووشپەڕ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما سیمینارێک بۆ مامۆستایان (ئەحمەد سالار، قوتبەدین سادقی و گۆران عەلی) لە سەر مۆنۆدراما بەڕێوەچوو.
هەروەها ئاپۆڕ، گەواهی ئاوێنەکان، پەیکەری ئاڵتوونی، نەریمان لە شاری وەزیران، گیانی بێ جێ، پاڵەوانێک لە کاغەز، هاواری ژنێک، چنوور، میدیا و سروودی هەزار ئۆفیلیای ئەویندار لە شانۆکانی دووەمین فێستڤاڵی مۆندرامای هەولێرن.
جێگای باسە لە ڕێوڕەسمی کۆتایی دا بڕاوەکانی فێستیڤاڵەکە خەڵات دەکرێن.
شایانی باسە لێژنەی هەڵسەنگاندنی دووەمین فێستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما بریتین لە دکتۆر مەنسوور نوعمان(سەرۆک)
مامۆستا یوسف عوسمان(سکرتێر)
مامۆستا عادڵ حەسەن( ئەندام)
مامۆستا یاسین قادر بەرزنجی(ئەندام).