“بەهمەن قوبادی” سینەماکاری ناوداری کورد بوو بە ئەندامی فەرمی ئەکادیمیای ئۆسکار.
بە پێی ڕاپۆڕتی بینەر، "بەهمەن قوبادی" سینەماکاری ناوداری کورد بوو بە ئەندامی فەرمی ئەکادیمیای ئۆسکار که گەورەترین ئەکادیمیای تایبەت بە سینەما لە جیهاندایە.
ئەکادیمیای زانست و هونەرە سینەماییەکانی "ئۆسکار" کە لەئێستادا بە گەورەترین و گرینگترین رێکخراوی سینەمایی جیهان دێتە ئەژمار و لە ساڵی 1927 لە کالیفۆڕنیا دامەزراوە هەموو ساڵێ ژمارەیەک لە سینەماکارانی ناودار و ناسراوی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی سینەمادا بانگهێشت دەکات و ئێستا زیاتر لە شەش هەزار ئەندامی هەیە کە تایبەتمەند و پسپۆڕی بواری هونەری حەوتەمن و لەوەش نزیکەی ۵٨۰۰ کەسیان ئەندامی لیژنەی دەنگدانن.
لە ئەکادیمیای "ئۆسکار" ئەندامییەتی تەنیا بە کەسانێک دەبەخشرێت کە لە هونەرەکانی پەیوەست بە سینەما دەستکەوتی بەنرخیان بەدەستهێنابێت و شایستەی ئەوەن کە لەلایەن لیژنەی هەڵبژاردنەوە پەسەند بکرێن.
ئەکادیمیای هونەر و زانستە سینەماییەکان بۆ ئەمساڵیش نزیکەی ٨۰۰ سینەماکاری نوێی لە سەرانسەری جیهانەوە بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی بەشە جیاوازەکانی، لەنێو ئەوانەدا نۆ سینەماکاری ئێرانیش هەن کە دەرهێنەری ناوداری کورد "بەهمەن قوبادی" یەکێکە لەوان. لەنێو ئەو نۆ کەسەدا دوو دەرهێنەری ژنیش هەن کە بریتین لە لەیلا حاتەمی و گوڵشیفتە فەراهانی.
شایانی باسە کە قوبادی پێشتریش لە مانگی یەکی ۲۰۱۷ دا بە فەرمی بووە بە ئەندامی بنکەی سینەماکارانی ئەمەریکا.
بەھمەن قوبادی ساڵی ۱۹٦۹ لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. فیلمەکانی لە فێستیڤاڵ و کێبەر کێ جیهانییەکاندا خەڵاتی زۆریان وەرگرتووە.
نظرات