بە پێی ڕاپۆرتی پێگەی هونەری بینەر، شانۆنامەی «چوار سندوق» بەرهەمی بەهرام بێیزایی هونەرمەندی بەناوبانگی شانۆ و سینەمای ئێران بە قەڵەمی مەریوان حەلەبجەیی كرا بە كوردی و لە سلێمانی لە باشووری كوردستان بڵاو بۆوە.
«چوار سندوق» شانۆنامەیەكی دوو ئێپیزۆدی لە نووسینی بەهرام بێیزایییە كە لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی نووسراوە و بە چاپ گەیشتووە. ئەو شانۆنامەیە ڕامیاری ترین بەرهەمی بەهرام بێیزایی دێتە ئەژمار كە نووسەر و ڕۆژنامەوانی كوردی باشووری كوردستان ئەو شانۆنامەیەی لە زمانی فارسی ڕا بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاند. پێشتر محەممەدڕەزا قانون پەروەر چوار سندوقی بە نێوی Four Boxes به ئێنگلیزی وەرگێڕاندبوو.
بەهرام بێیزایی (لەدایکبووی ٥ی بەفرانباری ١٣١٧ی هەتاوی لە تاران) دەرهێنەری شانۆ و سینەما، شانۆنامەنووس، ئێدیتۆڕ، پێشكەشكەر و توێژەری ئێرانییە. ئەو لە دەرهێنەرانی خاوەن شێواز و بەناوبانگی سینەمای ئێران و لە باشترین نووسەرانی وێژە و ئەدەبی نوێی فارسی بە ئەژمار دێت.
مەریوان حەلەبجەیی (لەدایکبووی ١٣٥٨ی هەتاوی لە حەلەبجە) وەرگێڕ، نووسەر و ڕۆژنامەوانی كوردی باشووری كوردستانە كە بەرهەم گەلێكی لە فارسی بۆ كوردی و لە كوردی بۆ فارسی وەرگێڕاوە.