بینه‌ر

یه‌که‌مین ژماره‌ی مانگ نامه‌ی ڕۆژمان له‌ چاپ درا

به‌ ڕاپۆرتی بینەر، پڕۆسه‌ی بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌فته‌ نامه‌ و مانگ نامه‌ نوێیەکان له‌ شاره‌ کوردنشینه‌کانی ئێران درێژه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌مڕۆ یه‌که‌مین ژماره‌ی مانگ نامه‌ی ڕۆژمان ڕه‌وانه‌ی بازاڕی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کانی ئێران کرا.

مانگ نامه‌ی ڕۆژمان ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ ئێستا مۆڵه‌تی بڵاو کردنه‌وه‌ی وه‌رگرتووه‌ و ئه‌مڕۆ یه‌که‌مین ژماره‌ی ئه‌م مانگ نامه‌یه‌ بڵاو کرایه‌وه، ئه‌م مانگ نامه‌یه‌ له‌ هه‌موو شاره‌ کوردنشینه‌کانی ئێران و تارانی پایته‌خت بڵاو ده‌بێته‌وه.

ڕۆژمان به‌ دوو زمانی فارسی و کوردی بابه‌ته‌کان بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و زۆربه‌ی بابه‌ته‌کانی تایبه‌ته‌ به‌ فه‌رهه‌نگ و که‌لتووری کورده‌وری و بابه‌ته‌ ڕۆژه‌کانی کوردستان.

خاتوو سه‌میرا مورادپوور خاوه‌ن ئیمتیاز و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژمانه‌ که‌ پێشتر له‌ ڕۆژنامه‌ ناوچه‌ییه‌کانی شاری سنه‌ کاری ڕۆژنامه‌وانی کردووه.

له‌ ماوه‌ه‌ی سێ مانگی ڕابردوودا ئه‌مه‌ چه‌نده‌مین هه‌فته‌ نامه‌ و مانگ نامه‌ و گۆڤاره‌ که‌ مۆڵه‌تی بڵاو بوونه‌وه‌ له‌ شاره‌ کوردنشینه‌کانی ئێران وه‌ر ده‌گرێت و بڵاو ده‌بێته‌وه.

له‌ پارێزگای کوردستان ڕۆژنامه‌ بڵاو نابێته‌وه، به‌ڵام زیاتر له‌ ٥٠ هه‌فته‌نامه‌ و دوو هه‌فته‌ نامه‌ له‌م پارێزگایه‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و له‌م نێوانه‌دا ١٥ هه‌فته‌نامه‌یان توانی ئه‌وه‌یان نییه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام کار بکه‌ن و فرۆشێکی ئه‌وتۆیان نییه.

سەرچاوە: مێهر

Exit mobile version