بینه‌ر

بەڕێوەچوونی دانیشتنێک لەگەڵ مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی لە زانکۆی کوردستان


مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی لە حەفتەی ڕابردوودا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی بەشی نێونەتەوەییی فێستیڤاڵی فارابی ڕوونیای تاران بوو و پاش وەرگرتنی خەڵاتەکە و لە کاتی گەڕانەوەدا، دانیشتنێکی لە زانکۆی کوردستان لەگەڵ مامۆستایان و لێژنەی سەرۆکایەتیی ئەو زانکۆیە، فەرمانداری سنە، هەندێک لە چالاکڤانانی بواری زمان و چاندی کوردیی دانیشتووی سنە و هەروەها چەند خوێندکارێکی بەشی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی ناوبراو، لە ڕۆژی چوارشەمە، ۲۷ی بەفرانباری ۱۳۹۶ی هەتاویدا هەبوو. لەم دانیشتنەدا کە لە لایەن توێژینگەی کوردستان‌ناسی‌یەوە بەڕێوەچوو، سەرەتا لە لایەن سەرۆکی توێژینگەوە، بەڕێز د. ئومید قادرزادە بەخێرهاتنی مامۆستا قەرەداغی کرا و هەروەها پوختەی چەند گەڵاڵەیەکی فەرهەنگیی بەئەنجام‌گەیشتوو لەلایەن توێژینگەی کوردستان‌ناسییەوە بە مەبەستی ئاشنابوونی مامۆستا قەرەداغی و ئامادەبووان لەگەڵ کار و چالاکییەکانی توێژینگەی نێوبراو، پێشکەش‌کرا. پاشان، لە لایەن د. نەوید نەقشبەندی (سەرۆکی بەشی مێژوو و فەرهەنگی کوردستان له توێژینگە)، د. بەختیار سەجادی (سەرۆکی بەشی کوردیی زانکۆ)، مامۆستا حەیرەت سەجادی، د. ئەسعەد ئەردەڵان، د. مێهدی حسەینی (سەرۆکی پەرتووکخانەکانی زانکۆ)، د. ئەحمەدی (سەرۆکی پەرتووکخانە گشتییەکانی سنە)، مامۆستا جەماڵ ئەحمەدی‌ئایین، د. فەرزاد حاجی میرزایی، د. فەردین ئەخلاقیان (سەرۆکی زانکۆ)، د. رەحمەت سادقی (سەرۆکی رێکخراوەی هەڵکەوتووانی پارێزگای کوردستان)، د. حەسەن سەرباز، د. سلێمانی (بەرپرسی فەرهەنگیی زانکۆ)، د. چەمەن‌ئارا و بەڕێز ڕەئوف ڕەهنموون، بەخێرهاتنی گەرمی مامۆستا کرا و چەند پرسیارێکیان ئاراستەی مامۆستا کرد.

مامۆستا قەرەداغی لەم کۆڕەدا لەسەر چۆنیەتی کار و چالاکییەکانی خۆی پەیڤێکی پێشکەش‌کرد و چەند بیرەوەرییەکی سەرنجڕاکێشی بۆ ئامادەبووان گێڕاوە و هەروەها جەختی لەسەر گرنگیدان بە کەشکۆڵ و دەستنووسە کوردییەکان کرد. بەڕێزیان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە زۆربەی هەرە زۆری پەرتووکخانەکانی دنیادا دەستنووسی کوردی بوونی هەیە و بەداخەوە زۆربەی پسپۆڕانی بواری زمان و چاندی کوردی لەو ڕاستییە ئاگایان نییە. هەروەهاش باسی ئەو دەستنووسانەی کرد کە لە لایەن هەندێ تاک و بنەماڵەوە پارێزراون و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەبێ ئەم دەستنووسانە پێشکەشی پسپۆڕانی بواری ساغ‌کردنەوەی دەستنووسە کۆنەکان بکرێت. مامۆستا هاردێکی خۆی کە هەڵگری هەندێ دەستنووسی بەنرخی کوردییە، پێشکەشی توێژینگەی کوردستانناسیی کرد. لە کۆتاییدا، لەلایەن توێژینگەی کوردستان‌ناسییەوە تابلۆشیعرێک و چەند بەرگ پەرتووکی لەچاپدراوی ئەو توێژینگەیە وەکوو دیاری و پێزانین، پێشکەشی مامۆستا قەرەداغی کرا. مامۆستا لە کۆتایی دانیشتنەکەدا لە دەرەوی هۆڵی دانیشتندا لەگەڵ مامۆستایان و خوێندکاران کۆبووەوە و بەم چەشنە هەڤپەیڤینی بەڕێزیان و توێژەران و خوێندکاران تا درەنگانێ بەردەوام بوو.

 

 ئێحسان میرەکی، خوێندکاری بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان/ ۲۷ی بەفرانباری ۹۶ی هەتاوی

 

 

Exit mobile version