بینه‌ر

مەمی ئالان یان شیکاگۆ؟

ئەگەر باسی ئەدەبی زارەکی و بەیتە کوردییەکان (کە ئەوانیش لە سەر دەستی توێژەرانی ئەورووپی کۆ کراونەتەوە) و زەرفییەتی دراماتیزەکردنیان وەلاوەنین و شانۆ وەکوو دیاردەیەکی نوێ بۆ نواندنەوە Performance)) و بینین لە بەر چاو بگرین، ئەوا بە پێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی لە نووسینگەی (World Colombian Exposition) پارێزراوە، بە پێچەوانەی ئەو مێژووەی کە مەمی ئالان نووسینی عەبدولڕەحیم ڕەحمی هەکاری بە دەسپێکی شانۆی کوردی دەزانن، دەسپێکی شانۆی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٦ ساڵ پێش مەمی ئالان، واتە ساڵی ١٨٩٣کاتێ کە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بۆنەی یادی ٤٠٠ ساڵەی دۆزینەوەی ئەمریکا لە لایەن کریستۆفێر کۆڵۆمبووسەوە، پیشانگایەک لە شیکاگۆ لە ژێر ناوی (World Colombian Exposition) یان (Chicago World Fair) واتە پیشانگای جیهانیی شیکاگۆ ساز کرا. لە سەر بانگهێشتی فەرمیی وڵاتە یەککرتووەکانی ئەمریکا دەوڵەتی عوسمانی بە هەموو میللەتانی جۆراوجۆری ئیمپراتۆرییەکەیەوە بە ٦٥ ئەکتەر و هونەرمەندەوە بەشداریی ئەو پیشانگایە دەکەن، لەو ٦٥ ئەکتەرە چەند کەسیان کورد دەبن. لە بۆلتەن یان بڵاڤۆکی رۆژانەی پیشانگای جیهانیی شیکاگۆدا، عوسمانییەکان بەم شێوەیە ئەناسێنرێت:
"ئەو ھەموو نەتەوە و ئاینەی لە ئیمپراتۆریای عوسمانیدا هەیە، لە هیچ وڵاتێکی تری دنیای کۆندا نییە … ئەکتەرە مێزەر سپییەکانی ئێرە دوورۆزین و مێزەر بە سەرەکانی تریش کوردن …".
گرووپەکانی شانۆی عوسمانی لە مانگەکانی "پێشانگەی شیکاگۆی نێودەڵەتی ١٨٩٣"دا کۆمەڵێك شانۆنامەی کوردی و تورکی و عەرەبی و دوورۆزی نمایش دەکەن. گرنگترین تایبەتمەندیی نمایشە کوردییەکە لەوە دایە کە بڵاوکراوه‌ی ڕۆژانەی پێشانگە، کورتەیەکی شانۆگەرییەکە لە سێ Act یان پەردەدا بڵاو ئەکاتەوە. لەوێوە تێدەگەین بابەتی شانۆنامەکە چۆن بووە. گۆڤارەکە تیپە کوردییەکەی بە شانۆی کوردی (The Kurdish Drama) ناوبردووە و لەو بارەیەوە نووسیوێتی:


پەرەدەی یەکەم
 "گرووپێکی کورد شێوازی ژیانی ناوماڵ، خواردن، خواردنەوە، گۆرەوی چنین، خووری ڕستن و کەیف و خۆشییەکانی خۆیان نمایش دەکەن. لەو نێوانەدا حەسەن بەدوای مامە فەیازیدا دەگەڕێت کە ئامادە نەبووە کچەکەی لەم مارە بکات و لەگەڵ کچ و ژنەکەیدا هەڵهاتووە.
پەردەی دووهەم
 فەیاز و ژن و کچەکەی لە ژێر ڕەشماڵیکدا دانیشتوون و سەرزەنشتی کچەکەیان دەکەن لە بەر ئەو نەهامەتییانەی کە بەهۆی ئەوەوە بەسەریان هاتووە. لەمکاتەدا یەكێك لە شوانەکان دەبینین کە خەریکی هەڵاتنە. چەند عەرەبێک هێرشیان کردۆتە سەری و مەڕ و ماڵاتیان دزیوە. عەرەبەکان پەلاماری ڕەشماڵەکەی فەیاز دەدەن و ژن و کچ و هەموو موڵك و ماڵی دەدزن. فەیاز له‌ چاره‌ی ڕەشی خۆی گلەیی دەکات. حه‌سه‌ن گوێی لێ دەبێت. به‌ڵام به‌ڵێن به‌ حه‌سه‌ن ده‌دات ئه‌گه‌ر وەدوای عەرەبەکان کەوێت و ژن و کچەکەی ڕزگار کات و مه‌ڕ و ماڵاته‌کانی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وا کچه‌که‌ی خۆی لێماره‌ ده‌کات. حه‌سه‌نیش جه‌نگاوه‌ره‌کانی کۆ ده‌کاته‌وه‌ و دوای عه‌ره‌به‌کان ده‌که‌وێت. له‌و کاته‌دا جیلانەکان دانیشتوون و دڵداریی فه‌یاز ده‌ده‌نه‌وه‌. حه‌سه‌نیش سەرکەوتووانە لە گەڵ زه‌هرا و که‌ریمه‌ و کۆمه‌ڵێك یەخسیری عەرەبەوە ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئەم گەڕانەوە ئاهەنگییاریی شمشێر و هه‌ڵپه‌ڕکێ و گۆرانی لەگەڵە.
پەرەدەی سێهەم
زه‌ماوه‌ندەکە دەبێت بە شایی گێڕانێکی گه‌وره‌ بە چەندین شێوە سەمای جۆراوجۆرەوە.
پیشانگای جیهانیی شیکاگۆی ساڵی ١٨٩٣ هەم بۆ شانوکاران و توێژەرانی میژووی ئەدەب و هۆنەری کوردی و هەم بۆ مێژوونووسانی کورد ڕووداوێکی گرینگە؛ یەکەم لە بەر ئەوەی تەمەنی راستەقینەی شانۆی کوردیمان بۆ دەردەخات و دووهەم لەبەر ئەوەی باروودۆخی کەلتووریی کورد و مامەڵەی دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ کەلتووری کوردمان پیشان دەدات.
گەڕان بە ئەرشیڤەکان و مۆزەخانەکانی وڵاتانی دیکە و پشکنینیان بۆ دۆزینەوەی بەڵگەنامە و ئاسەوار، ڕووناکاییەکە بۆ سەر لایەنە تاریک و نادیارەکانی مێژووی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کە پێویستە توێژەران و ڕووناکبیرانی کورد گرینگی پێ بدەن. کەواتە پیرۆز بێت ( ١٢٥)ەمین ساڵی شانۆی کوردی. /ئاژانسی هەواڵی مێهر-بەشی کوردی
دوکتۆر ئومید وەرزەندە
  سه‌رۆکی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی کوردستان ناسی زانکۆی ئازادی ئیسلامی لقی سنە

سەرچاوە:

Sarikaya, Jafer,(October, 29, 2014), "Kurdish theater at the 1893 Chicago World Fair" Retrievedfrom:

http://www.yeniozgurpolitika.org/index.php?rupel=nuce&id=35599Cafer

Schwani, Baker, (March, 26, 2016), شانۆی کوردی لە "پێشانگەی شیکاگۆی نێودەوڵەتی۱۸۹۳"دا" Retrived from : https://www.facebook.com

Tekpinar, Ibrahim, (April), 19, 2017"Unknown History of Kurdish Theatre" Retrieved from: https://gaiadergi.com/kurt-tiyatrosunun-bilinmeyen-tarihi

Exit mobile version