بینه‌ر

سینەماکاری کورد یەک لە بەهرەمەندانی فەستیوالی بەرلین

بە پێی هەواڵی بینەر، شیلان سەعدی ژنە سینەماکاری کورد یەک لە بەشدارانی کەمپی «بەهرەمەندانی بەرلین»ی ٢٠١٩یە.

کەمپی (Berlinale Talents) یەک لە بەشەکانی فەستیوالی بەرلین لە گرینگترین ڕوداوە سینەمایەکانی جیهانە. هەموو ساڵێ ٢٥٠ کەس هەڵبژاردەی لێژنەکانی ژووری، بەشداری ورکشاپ و مەستێرکلاسەکانی ئەو کەمپە دەبن. ئەوساڵ ٣٤٠٠ سینەماکار لە ١٣٠ وڵاتەوە خوازیاری بەشداری بوون.

شیلان سەعدی بە پڕۆژەی (I promise) لە بەشی بەڵگەفیلم بەشدار دەبێ و تەنیا ١٠ پڕۆژە بۆ ئەو بەشە دەستنیشان کراون. ئەو بەڵگە فیلمە چوارساڵ ژیانی ٧ کچی ئیزەدی کە پاش هێرشی داعیش پەنایان بردبووە کەمپی پەنابەرانی ئامەدی باکوری کوردستان و ئێستا هەرکامیان لە وڵاتێک دەژین دەگێرێتەوە.

فیلمەکە ئێستا قۆناغی پاش وێنەگرتن دەڕباز دەکا. کەمپی (Berlinale Talents) ٩ تا ١٤ی فێوریە بە دروشمی «هەڵەکان چۆن دەبنە هۆکاری پێشکەوتن؟» هاوکات لەگەڵ فەستیوالی فیلمی بەڕلین بەڕێوە دەچێ.

Exit mobile version