فیلمی کوردی » تێبینی تایبه‌تییه‌کان » س.ت » سینه‌ما
کد خبر : 7541
Tuesday - 12 January 2021 - 21:06
ماستەری ئەدەبی شانۆیی

دیالۆگ لە زمانی کوردیدا

“کۆمەڵگا گەشە ناکا مەگەر ئەوەی پرسیارگەلی بنەڕەتی لە خۆی بکا.”

نوسەر بە پێی ئەزموون و زانستی کەمی خۆیەوە، بابەتێک ئەخاتە بەرچاوی خوێنەران و چەندین پرسیار دێنێتە ئاراوە و خۆیشی تا ئەو جێگا کە بتوانێت و ئاستی خوێندنی یاری بکا، وڵام ئەداتەوە. بە دڵنیایەوە ئەم بیروڕایە هەڵەی تێدایە و کەم و کووڕی زۆرە. لە خوێنەران و بیرمەندان داوا ئەکەم لە سەر ئەم بابەتە و ئەو پرسیارانە بدوێن و بیخەنە بەر لێکۆڵینەوە تا هەموومان زیاتر بە ئاگادار بین و ئاستی زانیاریمان بەرز بکەینەوە.
لەگەڵ ئەیوب گوڵکار هاوڕێی سینەماکارم لە سەر فیلمنامەیەک بە زمانی کوردی کارمان ئەکرد. فیلمنامە نووسرا. چوارچێوەی چیرۆک و کەسایەتیەکان داڕێژرا. لە ڕەواڵەتدا هەموو شتێک ڕێک و پێک بوو بەڵام کاتێ کە دەقەکەمان ئەخوێندەوە و خۆمان لە جێگای کەسایەتییەکان دائەنا پەیمان پێ‌برد، لە ڕووی دیالۆگەوە کێشەی زۆرە. دیالۆگەکان لە زاری کەسایەتییەکاندا خۆش نەبوو. باشتر وایە بڵێم دیالۆگ نەبوو. کەوتینە بیر کردنەوە و تێڕامان کە کێشە لە کوێدایە؟ بۆ ئەو دیالۆگانە سفت و سۆڵ نین؟ ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە ئەمانزانی دیالۆگی شانۆیی لەگەڵ وت و وێژی ڕۆژانەدا جیاوازی هەیە.
ئاسایی‌ترین پێناسە بۆ دیالۆگ ئەوەیە کە دیالۆگ وەکوو کایەی تێنسی سەر مێز وایە. تۆپ، ڕەستەکانە کە لە بەینی دوو یاریزان دێت و دەچێ. دیالۆگی شانۆیی باری دراماتیکی هەیە. بۆ وێنە دیالۆگی شانۆیی کورتە. دەستەواژە و چەمکی ئەدەبی تێدایە. ڕاستەوخۆ نییە، پڕە لە ئاماژە و هێما؛ وێنەییە. نۆرەی تێدا ڕەچاو ئەکرێ واتە کەسێک دیالۆگ ئەڵێ دوای ئەوە نۆرەی کەسێکی ترە. دیالۆگی شانۆیی چیرۆک ئەگێرێتەوە. کەمتر دوبارە ئەکرێتەوە. لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یەکگرتووە، بەڵام وت و وێژی ئاسایی پەرش و بڵاوە. لە وت و وێژی ڕۆژانەدا ڕەنگە کەسێک هەر بڵێ و ئەوانی‌تر بێ دەنگ بن. پڕە لە دوبارە و دوبارە، هیچ وێنەیەک بەدی ناکا، چیرۆکی نییە. یەکسەر دەچێتە سەر بابەتەکە و بێ لادان لە بابەتەکە قسە ئەکە و …
گەڕاین بە دوای نموونەدا. زۆر فیلمان دی بە زمانی فارسی کە پڕ بوو لە دیالۆگی پتەو. بۆ وێنە فیلمی ” ابد و یک روز” بەڵام لە فیلمە کوردییەکاندا وا نەبوو. پەیمان برد فیلمە باشە کوردییەکان ڕاشکاوانە بێ دیالۆگن. گرینگترین نموونەکان فیلمەکانی بەهمەنی قوبادی بوو کە ئەوانیش دیالۆگی شانۆیی نەبوو و زۆرتر ژیانی ڕاستەقینە و قسەی کەسایەتییەکان بوو تا دیالۆگی سینمایی. زانیمان سینماکارە کوردەکان چۆن نەیانتوانیوە دیالۆگ بۆ کەسایەتییەکان دابنێن ڕوویان کردۆتە وێنە و تەنانەت پلەیەکیش چوونەتە پێشەوە و ڕوویان کردووە لە ژانری سووریال و خۆیان لە ڕیال کە پڕە لە دیالۆگ دوور گرتووە.
لە ئەدەبی کوردیدا گەڕاین و لە ئاکامدا تێگەیشتین گەورەترین گەنجینەی زمانی کوردی، شێعرە و ئەوەی کە لە شێعری کوردیشدا گرینگە، وەسف و پێداگوتنە. بە دەگمەن دیالۆگ یان تەنانەت وت و وێژ ئەبینین. ئەگەریش ببێ ئەوەندە کەمە کە نەیتوانیوە بچێتە نێو کومەڵگاوە و پوێن پێی خوی دابکوتێ و بتوانێ بچێتە نێو کاری شانۆ و فیلمەوە. ڕۆمان لە ئەدەبی کوردیدا کەمە، شانۆنامە و فیلمنامە کە هەر زۆر بە دەگمەن.
پرسیارگەلێک درووست بوو:
– ئایا زمانی کوردی خۆی لە وتنی دیالۆگدا کێشەی هەیە؟
– ئایا زمان بۆ خۆی ئەتوانێ دیالۆگ پێک‌هێنەر یان نادیالۆگی بێ؟
– ئایا زمانەکان بە یەک ئەندازە توانایی دیالۆگیان هەیە؟
– زمان بۆ ئەوەی بتوانێ دیالۆگ بڵێ ئەبێ چی بکا؟
– بۆ ئەوەی دیالۆگ لە نێو کۆمەڵگادا جێگەی خۆی بدۆزێتەوە ئەبێ چ کارێک بکرێ؟

دیالۆگ دیاریی مودێڕن بوونە، کاتێ کە مرۆڤ چەکی دانا و وتی بێن بە یەکەوە گفتگۆ بکەین.
لە بنەڕەتدا زمان هەر بۆ دیالۆگ هاتووە. زمان دروست بووە تا مرۆڤ بتوانن بە یەکەوە پەیوەندی دروست بکەن. کە وایە زمان و دیالۆگ دوو سەری یەک دارن.
زمانەکان بە درێژایی مێژوو گۆڕانکاریان بە سەردا هاتووە. یەکێ لە هۆکاری ئەو گۆرانکاریانە ئەوەیە کە زمانی کۆن و سەرەتایی توانایی دیالۆگی کەم بووە. دیالۆگ ئاسانکاری گەرەکە. زمانێکی ئەوێ کە بە ئاسانی لە دەمدا بسووڕێت. بۆ وێنە زمانی فارسیی پەهلەوی یان زمانێک کە لە ئەدەبی کۆن و کلاسیکی فارسیدا هەیە بۆ مرۆڤی ئەمڕۆ لە دەمدا دژوار هەڵ‌ئەسووڕێت و توانایی دیالۆگی کەمە. هەر بەو بۆنەوەیە کە زمانی فارسی زۆرێک لە چەمک و دەستەواژەکانی سەرەکی خۆی بە درێژایی مێژوو لە دەس داوە و ئاسانتر و ڕەوانتر کراوە. بۆ ئەوە خەڵک بتوانن دیالۆگی پێ دروست بکەن. زمانی کوردیی وتار و نووسین واتە زمانی پێوەر بە درێژایی مێژوو کەمترین گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە ڕەنگە بەو بۆنەوەیە کە وتنی دیالۆگ لەم زمانەدا ئەوەندە دژوارە. ئەگەرچی زمانی کوردی لە نووسیندا لە زۆربەی زمانەکانی‌تر ئاسانتر و یاساهەڵگرترە، چی ئەوترێ هەر ئەوەیش ئەنووسرێ بەڵام لە وتندا سەختە. زمانی کوردی بۆ ئەوەی لەم سەخڵەتییە رزگاری بێ، زاراوەی زۆری لێ دەرهاتووە. شایەد هۆی زۆربوونی ئەو زاراوانەیش هەر بۆ دیالۆگ بووە.
هۆکاری دووەم ئەوەیە هەر زمانێک کە لە سەری کار بکرێ، ڕۆمان وداستان و شێعر و فەلسەفە و دەقی زانستی پێ بنووسرێ و زۆر کاری لە سەر بکرێ توانا و هێزی دیالۆگیشی زیاتر ئەبێ. دیالۆگ نە تەنیا لە ئەدەب بەڵکوو لە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکانیشدا زۆر گرینگە. نەتەوەیەک کە دیالۆگ نەزانێ ناتوانێ ماڤی خۆی بسێنێ. ئەوەی وا دیالۆگ باشتر ئەزانێ لە سیاسەتدا براوەیە. ئەوەیش نەزانێ بە دیالۆگ بەرانبەرەکانی ببەزێنێ، ئەیدۆڕێنێ. دیومانە لە شارێکی فارسدا لە نێو شەقامدا دوو کەس بە یەکەوە دەمبۆڵەیان دێ. ئەم قسەیەک ئەکا ئەو یەکی دیکە. ئەم ئەو، ئەم ئەو. وەکوو کایەی تێنسی سەر مێز، ئەوەندە دیالۆگ ئەکەن تا کێشەکە چارەسەر ئەکەن. بەڵام لە ناو کوردەواریدا دوو کەس لەجێگایەکدا دەمبۆڵەیان بێ، دوای دوو قسە کار ئەکێشێتە هەڵمەت و لێدان.
یەکێکی‌تر لەو گۆڕانگاریانە وا بە سەر زماندا هاتووە بۆ ئەوەی دیالۆگ ئاسانتر بگۆترێ ئەوەیە کە زمانی گفتگۆ واتە زمانی شەقام لە زمانی نووسین جیا بووەتەوە. بەم جۆرە کە زمانی شەقام بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئاسانتر مەبەستی خۆی بگەیەنێ و بە مانایەکی‌تر بتوانێ دیالۆگ بکا هەم پۆخت کراوە هەم وشەکان پاش و پێش کراوە و هەم گۆڕاوە. بۆ وێنە لە زمانی فارسی لە نووسین‌دا ئەڵێی: “آن لیوان را بە دست من بدە.” بەڵام لە وتاردا ئەڵێی: اون لیوانو بدە من.” پیتێک کە وتنی سەختە جێگای خۆی داوە بە پیتێک کە وتنی ئاسانترە و جیا لەوە جێگەی وشەکانیش پاش و پێش ئەبێ و وشەیەک کە وتنی قورسە ئەسڕێتەوە. لە زمانی کوردیشدا زمانی ئاخاوتن سادەترە لە زمانی نووسین. ئەو زمانە سادەیە زاراوە جۆربەجۆرەکانە. کاتێک ئەم زاراوانە لە یەک شوێندا بە یەک ئەگەن بۆ ئەوەی لە زمانی یەکتر بە باشی تێبگەن روو ئەهێنن بۆ زمانی پێوەر. زمانی پێوەریش هەر ئەو زمانی نووسینەیە. کاتێ کە زاراوەکانی‌تری زمانێک وەکوو فارسی، بە یەک ئەگەن بە زمانی پێوەری نووسین بە یەکەوە قسە ناکەن بەڵکوو بە زمانی پێوەری ئاخاوتن کە زمانێکە کە خەڵکی تاران قسەی پێ ئەکەن پێکەوە ئەدوێن. کێشە، نەبوونی زمانی پێوەری ئاخاوتنە کە تەواوی زاراوەکانی کوردی قسەی پێ بکەن.
کێشەیەکی‌تر کە لێرەدا درووست بووە ئەوەیە کە زمانی ئاخاوتنی کوردی لە زاراوە جۆربەجۆرەکاندا تێکەڵاوی زمانەکانی‌تر وەکوو فارسی و عەرەبی و تورکی بووە. هەر بەو بۆنەوە وتاربێژ بۆ ئەوەی خۆی دوور بگرێ لە وشەی زمانەکانی‌ ترەوە لە کاتی ئاخاوتندا، زمانی خۆی لە زمانی نووسین نزیک ئەکاتەوە و هەر بەو ڕادەیەش وشەکان و ڕەستەکان قورس ئەبن و توانایی دیالۆگیان لاوازتر ئەبێتەوە. کەوایە زمانی کوردی لەم بابەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ دیالۆگ بکا ئەبێ زمانی ئاخاوتن لە زمانی نووسینی پێوەر جیا بکاتەوە و زمانێکی پێوەری ئاخاوتن کە ئاسان و ڕەوان قسەی پێ بکرێ دابین بکا، کە ئەتوانێ یەکێک لە زاراوەکانی زمانی کوردی یان شێوەیەکی نوێ بێ.

پرسیارەکانی تر:
– ئایا زمانێک کە خەڵکانێکی زۆرتر قسەی پێ دەکەن لە بواری دیالۆگدا پتەوترە؟
– ئایا زمانێک بۆ خۆی لە بواری وتندا واتە شێوەی دەربڕین ئەتوانێ دیالۆگ ئاسانتر بڵێ تا زمانێکی تر؟
– شێوازی نووسین تا چ ڕادەیەک لە سەر دیالۆگ ئەتوانێ کاریگەری ببێ؟
لە ڕاستیدا دیارە زمانێک کە کۆمەڵێکی زیاتر لە خەڵک قسەی پێ بکەن توانایی دیالۆگی زیاترە. وشە و دەستەواژەی زیاتری هەیە تا زمانێک کە خەڵکێکێ کەمتر قسەی پێ دەکەن. لە جوابی پرسیاری دووهەم من ئەوەم بیستووە کە دوو کەس کە بە زاراوەی کورمانجی بە یەکەوە گفتگۆ ئەکەن گفتگۆکەیان زۆر درێژەی نابێ و بە کورتی تەواو ئەبێ واتە ئەڵێن زاراوەی کورمانجی توانایی دیالۆگی کەمە. وادیارە زاراوەی کەلهۆڕی دیالۆگ رەوانتر ئەڵێ تا زاراوەی سۆرانی و سۆرانی ڕەوانترە تا کورمانجی.
مرۆڤی سەرەتایی خەتی بزماری داهێنا. خەتی بزماری وەکوو خەڵکی سەرەتایی تیژ بوو. ئەم خەتە بە گشتی لە هێڵ درووس بووە. خەت یەک لایەنیە، یەک رەهەندە. ئەوە لە حاڵێکدایە خەتی ئەمڕۆ لە ڕوو(سە‌تح) درووس بووە. لە بازنە، لە چوار گۆشە لە سێ گۆشە. دوو ڕەهەند نیشان ئەدات مرۆڤ گەشەی کردووە. ئەگەر خەت بگا بە سێ ڕەهەند ئەوە گەشەیەکی زیاترە. یەک ڕەهەند دیالۆگ ناکا. توند و تیژە. هەر خۆی ئەبینێ و هەر خۆی قەبووڵە بەڵام دوو ڕەهەند ڕوانگەی گەورەترە. حەز بە گفتگۆ ئەکا. ئەوەیش نیشان ئەدات بە درێژایی مێژوو تەنانەت لە خەتیشدا گۆڕانکاری بەرەو گفتگۆی زیاتر واتە دیالۆگ چووەتە پێشەوە.
شێوەی فۆنتی لاتین و ئارامی و ڕۆژهەڵاتی دوور بەناوبانگترین شێوەی نووسین لە دنیای ئەمڕۆدایە. مەبەست شێوەی نووسێن لە بواری وێنەدایە. ئەم سێ شێوەی نووسینە بنەمای خۆی لە خەت و ڕوو(سەتح) وەرگرتووە. شێوەی لاتین زۆر بە ڕاشکاوی لە بازنە، چوارگۆشە و سێ گۆشە درووست بووە. شێوەی ئارامی و ڕۆژهەڵاتی دوور ئەگەرچی ڕوو(سەتح)یشی تێدایە بەڵام خەتی زۆرتر تێدایە. پێشتر وتمان خەت تەک ڕەهەندییە ڕەنگە بەو بۆنەوە کە مرۆڤی ڕۆژئاوا زۆر بە ئاسانی ئەتوانێ دیالۆگ بکا و مرۆڤی ڕۆژهەڵات ناتوانێ. بگرە هەر ئەوەیە شتگەلێک وەکوو چوونە ناو خەڵوەت و دوورپەرێزی لە ڕۆژهەڵاتدا زۆرترە تا ڕۆژئاوا. ڕۆژهەڵات لەگەڵ خۆ قسە کردن واتە مۆنۆلۆگە تا گفتگۆی دوو یان چەن کەسی واتە دیالۆگ. سیاسەتوانانی بەناوبانگ لە ڕۆژئاواوە هاتوون بەڵام لە ڕۆژهەڵاتدا مرۆڤی ئایینی و دوورەپەرێز فەراوانن.
کێشەیەکی ‌تر کە لە نەبوونی دیالۆگەوە پێک دێ هەڵە تێگەیشتنە. بە هەڵە تێگەیشتن زۆر زۆر خراپترە لە تێنەگەیشتن. زمان ئەگەر نەتوانێ چەمکی خۆی ڕاست و ڕێک بگەیەنێ هەڵە تێگەیشتن درووست ئەبێ.
لە کۆتایی‌دا
جەماورێک ئەڵێن ئەوەی کە شانۆکاران و سینماکاران لە نووسینی دیالۆگ بە زمانی کوردی کێشەیان هەیە هی ئەو شتانە نیە وا لێرەدا باس کرا بەڵکوو هۆکارێکی تری هەیە. هۆکاری ئەوەیە کە ئەوان زمانی کوردی واتە زمانی زگماکی خۆیان بە باشی نازانن. ئەگەر زمانەکە بە باشی بزانن و سەرەتا زمان بە گشتی فێر بن و دوای ئەوە بێنە سەر نووسینی دیالۆگ ئەو کات ئەتوانن دیالۆگی دراماتیک و ڕێک و پێک بنووسن. لە تەواوی دنیادا هەوەڵ و پێش لە هەموو شتێک منداڵ لە قۆتابخانەوە زمانی نووسین و خوێندن بە زمانی دایکی خۆی فێر ئەبێ دوای ئەوە کە زمان بە گشتی فێر بوو ئەو جار لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا وەکوو سینما، شانۆ و… کەڵکی لێ‌وەر ئەگرێ. بەرهەمێک کە بەم جۆرە بێتە ئاراوە پتەو، بێ کێشە و سەرنج‌ڕاکێش ئەبێ.

دارو بەردەکانی مەهاباد ناگۆرمەوە بە تەوای ئوستڕاڵیا

ماوەیەکە دەبیسم کە ژمارێک لە هونەردۆستان، داوا دەکەن مامۆستا شاڕوخ کۆنسێرتێک لە شاری مەهاباد بەڕێوە ببات. وە گلەیی دەکەن کە هۆکاری ڕازی نەبوونی مامۆستا بۆ بەڕێو بردنی هەر چەشنە کۆنسێرت لە شاری مەهاباد چیە؟

هەر چەند من قەت لە جیاتی مامۆستا قسان ناکەم و بڕیاڕ نادەم، بەڵام وەک کچی ئەو، کە ساڵیان دەگەڵی ژیاوم و بەش بە حاڵی خۆم ئاگاداری دۆخەکە هەم، بە پێویستم زانی چەند مژار باس بکەم.
سەرەتا شایانی باسە دەنگۆی ناڕەزایەتی مامۆستا لەسەر بەڕێوە بردنی هەر چەشنە پێرفۆرمەنسێک لە مەهاباد دوور لە ڕاستیە. بۆ دەرکەوتنی ئەم بابەتە، ئاماژە دەکەم کە ئاماژە بکەم بەو کۆنسێرتانەی کە مامۆستا دە ساڵەکانی ۷۰، بۆ یارمەتی دان بە نەخۆشخانەی مەهاباد و نەخۆشانی گورچیلە بەڕێوەی برد. وە دەیان کورتە پێرفۆرمەنسی تر کە بە پێشنیاری سازمانی نیزام موهەندسی و ڕێخرووەکانی تر، دە ساڵانی ڕابردوو دا هاتە سەر سێن.

دووهەم زۆر بە گونجاوی دەزانم لەم قۆناغە دا، ئەو بابەتە بێنمە ئارا، ئەگەر وای داینێن کە مامۆستا ناڕازیە لە بەڕێو بردنی کۆنسێرت هۆکارەکەی چیە؟

من قەت نکۆڵی لە خۆشەویستی هونەردۆستانی مەهاباد و ڕێز و پێزانینیان ناکەم، بە تایبە دو ساڵ لەمەو بەر، کاتێک کە مامۆستا، توشی کێشەی دڵ بوو خەڵکم دەدیت کەبە گیانو بە دڵ سەردانی دەکەن.
دە هەمان کات دا دەمهەوێ شتێکی بە ڕوونی باس بکەم.” ئەو پیاوە هیچ کات بەوشێوازەی کە لە شارەکانی تر ڕێزیان گرت لە مەهاباد ڕێزی لێنەگیرا.” ڕەنگە کەسانێک بە بیستنی ئەو قسەیە دڵگران بن بەڵام، چ تاڵ چ شیرن، ئەوە حەقیقەتی کۆمەڵگای مەیە. هونەرلە لای ئێمە بێ قەدرە و ڕەنگە دواهەمین شتێک بێ کە بیری لێ بکەینەوە. بەتایبەت ئەگەر لە لامان بێ و لێمان دوور نەبێ. عەزیز شاڕوخ هەر ئەو پیاوەیە کە ڕەنگە چەند ڕۆژ جارێک بیبینین و سڵاوی لێبکەین (هەر چەند کە من دوورم و ئەو ڕۆژانە حەسرەت بۆتەواوی ئەو کەسانە دەبەم کە تەنانەت لە پەنای ئەو پیاوە تێپەڕ دەبن) ئەو پیاوەی کە لە “چواڕڕای ئازادی” ساڵیانە بەسەر بەرزی ئیستریۆیەکی هەیە پڕە لە “ڕەسەنایەتی”. گەنجینەیەکە پڕ لە هونەر و مڕژوویەکی پەنجاساڵەی هونەری. ئێمە وا ڕاهاتووین کە کەسایەتی سادەو ساکار مان پێ گرینک نەبێ، دەبێ هونەرمەند یان بمرێ، یان لە دەرەوەی وڵات بێ. کە بزانین هەیە و ڕێزێکی تایبەت تری بۆ دانێین – دووری و پووری-.

با لەخۆمان بپرسین، ئێمە تا چ ڕادەیەک فەرهەنگی کۆنسێرت چونمان هەیە؟ کاتێک دەڕۆینە کۆنسێرتێک بە چ شێوازێک دەڕۆین و گوێ دەگرین کە چێژ لە هوونەر ببینین؟ ئایا بە ئارامی و بێ دەنگی گوێ ڕادەگڕین؟ دە هەمان کات دا چەندە ئامادەین بۆ دیتنی کۆنسێرتی هونەرمەندانی ڕەسەن لە گیرفانمان دانەین؟ هەر چەند، مامۆستا هەموو کات بابەتی هونەری وە پێش ئابوری خستووە و قەت ئامانجی بیزینس کردن بە هونەر نەبوە هەر ئەو جورەی کە بەخۆی بە دەیان جار ئاماژەی پێ کردووە: “گۆرانی بێژی حێرفەی من نیە”.

لە کۆتایی دا لەبیرمان بێ:

مەهاباد هەر ئەو شارەیە کە مامۆستا گۆرانی بۆ دەڵێ و هەستی شێعری بۆ دەجوڵێ. هەر ئەو زێدەیە کە سەرەڕایی تەواوی نەهامەتی و مەترسی دە ژیانی دا وازی لێ نەهێنا بە جێی نەهێشت.
هەر ئەو شارەی کە کاتێک سەفارەتی ئوستڕاڵیا لە تاران، بۆ دانی ویزا لە ساڵی ۲۰۱۴ وتووێژی دەگەڵ کرد لێان پرسی: “چ تەزمێنک هەیە کە تۆ بگەڕێوەوە بۆ وڵاتی خۆت؟” مامۆستا وڵامی دابوو: “دارو بەردەکانی مەهاباد ناگۆرمەوە بە تەوای ئوستڕاڵیا”.

ساوان شاڕوخ

بە بیانوی بەشداری دوو نوێنەری فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز لە فەسیتوالی شانۆی فەجر؛

فێستیوالی شانۆی کوردی لە بەردەم چەند پرسیار

ئەوساڵێش وەک چەند ساڵی رابردوو دوو شانۆ، وەک هەڵبژاردەی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز بەشداری فێستیوالی فەجر بوون. بەشداری شانۆ هەڵبژێردراوەکانی سەقز لە فەجر وەک تایبەتمەندی سەرەکی و گرینگی فێستیوالی شانۆی کوردی لێهاتووە، وەک ئەوەی ئەو رووداوە بووبێتە یەک لە ڕێگەکانی گەیشتن بە فەجرو ئەوە گەورەترین مەبەستی بەڕێوەچونی بێ. هەڵبەت مەبەست نەبینینی حەول و تێکوشانی چەندین ساڵەی بەڕیوبەرانی فێستیوالی شانۆی کوردی و لەبەرچاو نەگرتنی کاردانەوە باشەکانی بەڕێوەچوونی ئەو فێستیوالە نییە، بەڵام ناکرێ بە هۆی چەندکاردانەوەی باش ڕەخنە لە کەمی و گرفت و هەڵە بەرچاوەکان نەگرین. ناکرێ بە کاردەنەوەکانی ئەو فێستیوالەدا نەیەینەوە، ناکری پرسیار نەکەین فێستیوالی شانۆی کوردی ئامانجەکانی چین؟ تا چەند لە گەیشتن بەو ئامانجانە سەرکەوتوو بووە؟ بۆچی فێستیوال هەلسوکەوتێکی دیار و ڕوون ناگرێتە خۆی؟ هەڵبەت دیار نییە ئەو پرسیارانە دەبێ ئاراستەی کێ بکرێن؟ بەرپرسی (دبیر) فێستیوال کە بەردەوام و ساڵانە دەگۆڕدرێ؟ بەرپرسی (ادارە فرهنگ و ارشاد اسلامی) پارێزگای کوردستان یا شاری سەقز؟ یا هەموو چالاکان و بەشدارانی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز؟

بەڵام پرسیاری هەرە گرینگ و سەرەکی ئەوەیە، ئەو دوو شانۆیەی وەک هەلبژاردەی سەرەکی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز بەشداری فێستیوالی فەجر دەبن ئایا نوێنەری شانۆی کوردین؟ پێوەرێکی دورستن بۆ هەڵسەنگاندنی شانۆی کوردی؟ ئایا ئەوە ڕوانگە و بۆچوون و چاوەڕوانی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقزە لە شانۆی کوردی؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەبێ ئاوڕێک لە شانۆ هەڵبژێردراوەکان بدەینەوە. هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی هەموو شانۆ هەڵبژێردراوەکانی فێستیوالی کوردی سەقز لەو چەند ساڵەێ ڕابردوودا پێویستی بە کات و دەرفەتێکی ترە، ڕەنگە پێویست بێ فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز تا بەر لە بەرێوە چونی خولی داهاتوو پێداچوونەوەیەک بە چالاکیەکانی ساڵانی رابردوودا بکا، چونکە دوو بەرهەمی هەلبژێردراوی ئەوساڵی شانۆی کوردی سەقز "هەموومان باشین" (فەرزاد محەمەدمیرزایی، سامان مێهران) و "کچە سەتڵێکە" (فاتح بادپەروا) ناهومێدکەرن.

شەڕ لە هەردووک شانۆدا هۆکاری سەرەکی رووداوەکاننو هەرکام لە روانگەیەکەوە حەولی لێکدانەوەی دەرئەنجامەکانی ئەو راستیە دەدەن، بەڵام ئەوە هێمایەکی گشتی ئەو دوو بەرهەمەن و کاتێک لێیان ورددەبینەوە ئەو ناهومێدیە خۆیمان بەسەردادەکێشێ.

"هەموومان باشین" بەتەمای گێرانەوەیەک لە سەر بنەمایەکی سایکۆلۆژیکی لە کارەساتی بۆمبارانی شیمیایی سەردەشتە. تابڵۆی دەستپێکی شانۆ، ئەو بیرەمان لا دروستدەکا، ڕەنگە ئەزمونێکی وێنەیی (بصری) تایبەت ببینین. دەرهێنەرەکانی ئەو شانۆیە کەڵکیان لە ویدیۆ و کامێرا وەرگرتووە. کامێرا لە میچی سەروی تەختی شانۆ رووی لە خوارەوەیە و وێنەکەی لە سەر پەردەیەکی لە سەرەوەی دێکۆری بچووک و ئەکتەرەکان نیشاماندەدرێ. بینەر تەختی شانۆکە لە دوو ئاڕاستەوە دەبینێ، یەکیان بەرامبەر بەخۆی وەک هەموو شانۆیاکی تر و یەکیش لە سەرەوە ڕا بە بۆنەی ئەو کامێرایەی دەرهێنەرەکان دایانمەزراندووە، واتا ئەو ئاڕاستەیەو ئەو وێنەی سەر پەردەکە، دەرهێنەر بۆ بینەری لەبەر چاوگرتووە و ڕوانگەی ئەوە، خەریکە دەڵێ شانۆکەمان لە دوو ئاڕاستەوە ببینە. بۆ؟ لە کاتی پێشکەشکردنەکەدا چاوەڕوانین وڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە. وەک باس کرا لە رووبەڕوو بوونەوەی سەرەتایدا، ئەو ئاوێتەبوونەی تەختی شانۆ و وێنەی کامێراکە، باس لە بیرۆکەیەکی وێنەیی جێی سرنج دەکەن – ئەگەر چی تازەنییە- بەڵام بینەر تامەزرۆ دەکەن بۆ بینینی چۆنیەتی ڕەوتی گەشەی بیرۆکەکە. بەڵام تا کۆتایی شانۆکە بیرۆکەکە هەر لەو ئاستەدا دەمێنێتەوە و بەرهەم وڵامدەری ئەو پرسیارە گرینگەی لای بینەر درووستی کردووە نییە. دەرهێنەرکان نەک تەنیا حەولێک نادەن بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە و گەشاندنەوەی بیرۆکەکەیان و کەڵک وەرگرتن لەو دوو ئاڕاستە بینینەی بۆ بینەریان داڕشتوو، تەنانەت بەرهەمەکەشیان لە پێناو بیرۆکەیەکی گەشە نەکردوو قوربانی دەکەن. بازنەی جووڵەو هاتووچووە و میزانسێنەکان بە پێوەری وێنەی کامێراکە داڕشتراوە، جیا لەو دوو، سێ جارەی ئەکتەر بۆ لای تەرمی کچەکەی کە نیزیکی ئاوانسێنە دەڕوا، هەموو جووڵە و هاتووچۆکان لەدەوری ئەو دەستکردە شێوە تەندوورەن کە تەرمی ژنێکی پێوە هەڵپەسێردراوە. وێنەی کامێراکە زۆر زوو دەبێتە شتێکی زیادی و موزاحیم، دیار نییە بۆ بەردەوامن لە سەرەوەڕا وێنەی هاتووچۆی ئەکتەرمان پێنیشاندەن، بەڵێنە چ ببەخشن بە بینەر؟ دەرهێنەرەکان تا ئەو کاتەی پیاوەکە تەرمی کوڕەکەی دێنێتە سەروی قوڵکە شێوە تەندوورەکە بەردەوامن لەسەر نیشاندانی وێنەی کامێراکە، بەڵام لەو کاتەدا وەک ئەوەی لایان وابووبێ خەریکن بینەر سورپرایز دەکەن وێنەی کامێراکە دەقرتێنن، تەنیا بۆ ئەوەی بینەر چەند چرکەسات زووتر وێنەی تەرمی کوڕەکە لە سەر پەردەکە نەبینێ، هەر ئەو هەڵسوکەوتە دانپێدانێکە بۆ ئەوەی دەرهێنەرەکان تەنیا ڕواڵەتی بیرۆکەکەیان بەلاوە جوان و سرنجڕاکێش بووبێ و ئیتر بیریان لە هۆی ئەو داڕشتنەو چۆنیەتی کەڵک وەرگرتنی دڕاماتیک لێی نەکردبێتەوە. هەڵبەت بۆ دۆزینەوەی هۆی ئەو بۆچوون و لێکدانەوە و کردەوی دەرهێنەرەکان پێویستە هەنگاوێک بۆ دوواە وەگەڕێن، واتا بۆ شانۆنامە. شانۆنامەکە ئەوەندە لاواز و ساویلکانەیە، تەنانەت لە دیالۆگێکیشدا هۆی هەڵبژاردنی بۆ بە شانۆ کردنی لەلایان دەرهێنەرەکانەوە دەرناکەوەی. باقرسرووش بۆ گێڕانەوەی بەشێکی بچووکی کاڕەساتی بۆمبارانی شیمایای سەردەشت کەڵکی لە مۆنۆلۆگ وەرگرتووە، پیاوێک هەموو ئەندامانی خێزانەکەی لە بۆمبارانەکەدا تێداچوون، بەڵام باوەڕی بەو ڕاستیە نییە و بەدەوری تەرمەکانیاندا دەخولێتەوە و وەک ئەوەی پێیوابێ خەوتوون، حەولدەدا خەبەریانکاتەوە و هانیاندەدا بۆ میوانیەک و ئامادە بوونیان بۆ زەماوەندی کوڕە تازەلاوەکەی. بیرۆکەکە تا ڕادەیەک جێی سرنجە – ئەگەرچی نوێ نییە- بەڵام، لە شانۆنامەکەشدا بیرۆکەکە لە ئاستی بیرۆکەدا دەمێنێ و گەشە ناکا، نووسەر پەرە بە بیرۆکەکەی نادا و مۆنۆلۆگەکەی ساویلکانە و ماندووکەرە، زۆر زوو ئەوەی هەیەتی دەریدەخا و هۆکارێک بۆ درێژەدانی نییە. هەڵبەت ئەو دیاردەیە کێشەی زۆربەی شانۆنامە کوردیەکانن کە وا بەتەمان باس لە کاڕەساتە نەتەوەیەکان بکەن. واتا، تەنیا گێڕانەوەیەکی لاوازن لە کاڕەساتێک و بیر و بۆچوون و لێکدانەوەی هونەرمەندانەیان تێدا بەدی ناکرێ. بەرهەمی هونەری ڕاپۆڕتی میدیایی نییە بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان. ڕووداو و کارەسات بیانوویەکن بۆ دەڕبڕینی ڕا و بۆچوون دەربارەی هۆکارەکان، وشیار کردنەوە، ئاماژەبە هۆکارەکان، ناڕەزایی دەڕبڕین، تاوتوێ کردن و …، هەڵبەت هەمووی ئەوانەش لە ئێستراکچێرێکی هونەری و سەردەمیاندا. باقر حەولیداوە کاریگەری سایکۆلۆژیکی کاڕەساتێک لەسەر مرۆڤێک بکاتە هەوێنی شانۆنامەکەی، بەڵام سەرکەوتوو نییە، بینەر زۆر زوو بۆی دەردەکەوێ، کابرا لەگەڵ چەند تەرم دەدوێ و لە حەولێکی بێ ئاکامدەدایە، بەڵام نووسەر چی تری پێ نییە و تەنانەت هەستی بینەریش نابزوێنێ بۆ ئەوەی هاوخەمی لەگەڵ مرۆڤێکی لێقەوماو بکا. شانۆنامەکە یەک توێخی هەیە و توانای قوڵبوونەوی لە هیچ ڕوویەکەوە نییە، نە تەکنیکی نە سایکۆلۆژیکی و نە هونەری، تەنانتەت بۆ گێرانەوی ئەو وێنە ئاڵۆزانەی کابرا خوازیاری بینینیانە لە میوانداری و زەماندی کورەکەی و بیرەوەرێکانیشی هیچ حەولێکی نوسەرانە نەدراوە و تەنیا بەدوای یەکدا دەگێڕدرێنەوە. شانۆنامەی "هەموومان باشین" نە تەنیا لە ئاست بیرۆکەدا دەمێنێتەوە و هەڵگری لێکدانەوە و ئاماژەیەکی هونەری نییە، شێوازێکی کۆن و ناسەردەمیانەی بۆ گێڕانەوە هەڵبژاردووە، لە شێوازی مۆنۆلۆگە فارسیەکانی ساڵانی ٦٠ و ٧٠ (٨٠ و ٩٠ زایینی). ئەوانیش لە ئاستی بیرۆکە بەرزتر نەدەبوونەوە و زۆر زۆر ئەزمونێکی خوێندکارانە بوون لە لایان نووسەرەکانیانەوە، وەک بەرهەمەکانی ئەو سەردەمی محمدچرمشیر. شانۆنامەی "هەموومان باشین" بە بێ زانیاری دەرەوەی بەرهەم لاوازتریش دەبێ، واتا بینەرێکی ئاگاداری کارەساتەکەی سەردەشت بێ لە ئاڵۆزیو پەشۆکاوی کابرا تێدەگاو بە بێ ئەو زانیاریە ئەو چیرۆکەی بۆکابراو خێزانەکی دارشتراوە زۆر دوواپاتەوبوو و لاوازە، گێرانەوەی هەندێک بیرەوەری ئاسایی و حەولێکی خۆڕایی کابرا بۆ میوانی و زەماوەندە، بێ هیچ خاڵێکی دڕاماتیک، زۆربڵەییەکی ماندووکەر و بێ سوودە. کەواتا لە سەرەتاوە هەڵبژاردنی وەها شانۆنامەیەک دەرهێنەر دەخاتە ئاستەنگێکی بێدەرەتانەوە و تەنانەت بە کەڵک وەرگرتن لە ویدیۆ و کامێرا و نیشاندانی ئاڕاستەیەکی تر لە تەختی شانۆ هەنگاوێکیش واوەتر ناچن، لەبەر ئەوەی نە شانۆنامە ئێستراکچێری هەیە و نە شانۆکە. بە تایبەت ئەگەر نووسەر بە تەما بووبێ لە کۆتاییدا بۆ بینەر روونکاتەوە ئەندامانی خێزانی کابرا مردوون و وەک خاڵێکی لاوازی بزواندنی هەستی بینەر کەڵکی لێوەرگرتبێ، جۆری میزانسێن و داڕشتنی دەرهێنەرەکان ئەوەشی نەهێشتۆتەوە و لە سەرەتاوە دوو تەرم لە سەر تەختی شانۆ نیشانمان دەدەن، پێموانیە چاوەڕوان بووبن بینەر واهەست بکا ئەوانە خەوتوون. وەک پێشتر باسم کرد شانۆکە لە کامێرا و پڕۆژۆکتۆر کەڵک وەردەگرێ. کەڵک وەرگرتن لەو چەشنە ئامێرانە لە شانۆدا تەنیا بۆ ڕازندنەوەی تەختی شانۆ و نیشاندانی بیرۆکەیەک بە لاوازی نین، پێویستە لە چوارچێوەی ئێستراکچێری داڕێژڕاو بە پاڵپشتی شانۆنامەوە بێت و هەروەها دەرخەری لێکدانەوە و بۆ چونی ئافرێنەرانە بێ، لەو شانۆیەدا هیچکام لەئەوانە بەدی ناکرێن. سەرقاڵی دەرهێنەرەکان بەو بیرۆکە لاوازەوە ئەوەندە زۆرە کە ئاگادار نیین تا چەند دەستوباڵی ئەکتەر دەبەستنەوە و چۆن ناچاری دەکەن لە خرابترین فیگۆڕەکاندا دیالۆگ بڵێ و هەستی دەڕببڕێ، تەنانەت حەولیان نەداوە ئەکتەر بۆ ئەو جۆر میزانسێنە ئامادە بکەن، لە هەموو تایمی شانۆکەدا ئەکتەر هۆشی لە ئەوەیە پێی بە هەڵە دانەنێ و نەکەوێ واتا دیارە ئەکتەر بە جەستە پەیوەندی لەگەڵ دێکۆڕی هەڵقوڵاوی بیرۆکەی دەرهێنەرەکانەەو نییە. تەنانەت سرنج نەدراوەتە ئاخفتن و دەنگی ئەکتەر و زۆربەی دیالۆگەکان لە لاوازی دەنگی و نا شارەزایی ئاخافتنیدا بزر دەبن. واتا ئەو کەمترین کارەش شانۆنامەنووس بۆ باس کردن لە کاڕەساتێک کردویەتی و حەولیداوە لە دیالۆگەکانی پیاوێکی ژن و منداڵ قوربانی بوو بۆمانی بگێڕێتەو قوربانی دەبێ. نیشاندانی وێنەی هەڵات هەڵاتی خەڵکانێک -ڕەنگە بە تەمای نیشاندانی ویدیۆیەک لە کاتی بۆمبارانەکەی سەردەشت- لە سەر دیواری دیکۆڕ و هەروەها ویدیۆی کۆنی هەڵپەڕکێ لە کاتی گێڕانەوەی بیرەوەری زەماوەندی خزمێکیان لە سلێمانی دۆخەکە ئالۆزتردەکا. ئیتر با باس لەوە نەکەین چۆن ویدیۆکە خراوەتە سەر زارکی قووڵکە شێوە تەندورەکە و لە ڕێی کامێراوە خراوەتەوە سەر پەردەکەی دواوە. کەڵک وەرگرتن لە ویدیۆ بێ بنەما و بێ پێداویستی لەجیاتی ئەوەی ببێتە بەشێک لە میزانسێن و ئەو پلان و نەخشەیەی دەرهێنەر بۆ راگوێستنی بیروبۆچۆنەکانی دایڕشتووە، دەبێتە دەستکردێکی ناشاز بۆ خۆشارنەوە لە پشتی. بیرۆکەی سەرەکی شانۆکە ئینسانی و مرۆڤدۆستانەیە و لە لایەکی ترەوە بنەمایەکی باشی دڕاماتیکی تێدا بەدی دەکرێ، بەڵام کەم حەولی نووسەر و هەروەها دەر‌هێنەرکان وادەکا ئەو بیرۆکەیە گەشە نەکا. کارەساتگەلی وەک بۆمبارانی سەردەشت لە مێژوماندا کەم نیین، هەڵبەت مژارێکی پتەون بۆ چالاکانی شانۆ و هونەرەکانی تر، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا کارێکی هونەری ئەوتۆ دەربارەیان نەکراوە.

شانۆی کچە سەتڵێەکە ئاماژە بە لایەنێکی تری شەڕە، جۆرێکی تری شەڕ. تاریکی دەستپێکی بەرهەم بە ڕوناکی نزم و کزی ئامێرێکی وەک مۆبایل دەشکێ، لە شوێنێکی شێوەی ساردخانە (ئەو شوێنەی تەرمەی مردوەکانی لێڕادەگرن)، پیاوێک بە تەنیا خەریکی هێلکەوڕۆن خواردن دەبێ، تەنیایەکەی زۆر ناخایێنێ و وەک ئەوەی بە دوای سەرچاوەی دەنگێکەوە بێ، ئەو دەرگایانەی ڕەنگە مردوویان تێدا بێ دەکاتەوە و بە کردنەوەی یەکیان، دەنگی هەڵلەرزینی کچێک دێ. کابرا دەپرسێ: لێرەی؟ وەک ئەوەی نەیزانیبێ ئەو کچە لەوێ بێ و خۆی چوبێتە ئەوێوە یا کەسێکیتر لەوێی ئاخنیبێ. کچ سەرمایەتی و دێتە دەرەوە. لێرەوە پەیڤین و مشتومڕی ئەو دوو کاراکتەرە دەستپێدەکا. درێژەی دیالۆگەکان دونیایەک پرسیار دروستدەکەن، ئەوانە کێن؟ پەیوەندیان بەیەکەوە چیە؟ لە کوێن؟ باسی چی دەکەن؟ ئەوەش بینەر تامەزرۆی بیستن و بینینی وڵامەکان دەکا. بە شێوەیەکی کلاسیکی حەولدەدرێ وڵامی پرسیارەکان وردە وردە و بە پێخۆر بدرێنەوە واتا زانیاری لەسەر کاراکتەرەکان، ڕوادەوکانی پێشوی دڕام و کێشەی ئەو ژن و پیاوە. کچ شاڕوانێکی قۆڵبەستکراوە، خۆی و چەند هەڤاڵی گیراون، کابراش شکەنجەکەرێکەو حەولدەدا هەندێک زانیاری لە زاری دەرکێشێ، لە ئاڵوگۆڕی بەردەوامی تاریکیو رووناکیدا، بەو بیانوویەی کەشوهەواخراپەو هێڵەکانی کارەبا دەپچڕێن. بەڵام لێرەوە ئاڵۆزییەک دەستپێدەکا. جۆر و چۆنیەتی پەیوەندی شکەنجەکەرو کچی شەڕوان و هەڵسوکەوتیان لە شپڕێوی شانۆکە کەم ناکاتەوە. دیار نییە ئەو چیرۆکە لە کوێ ڕوودەدا، بەڕاشکاەی باس لە وڵاتێک ناکرێ، هەڵبەت شەرت نییە لە هەموو شانۆنامەیەکدا ئەو زانیاریە بدرێ، سەدان شانۆنامە هەن کە شوێن و کات تێیاندا دیاری نەکراون، کچەسەتڵێکەش دەیتوانی لەو چەشنە شانۆنیانە بێ، بەڵام ئەوکاتەی پیاوەکە دەڵێ ناوەکوردیەکان زۆر جوانن ئیتر دوور دەبێتەوە لەو شێوە شانۆیانە، پاشان بە هۆی کەڵک وەرگرتن لەو ناوانەی بۆ شەڕوانان هەڵبژێردراون و هەروەها بە دەستنیشانکردنی وێنەیەکی تایبەت و گۆرانیەک کە لە ویدیۆیەکی کورتدا چەند شەڕوان دەیچڕن و دواتریش کچی شەڕوان لە سەر مێزی کابرا دووپاتی دەکاتەوە، شانۆنامەکە خۆی پێویستی پێدانی زانیاری پتر درووستدەکا، بەڵام واوەرتر ناچێ، وەک ئەوەی ترسی بێ لە پێدانی زانیاری پتر، ترس لە سانسۆڕ و هەڵقرتان، یا ڕەنگە نوسەر لای وابووبێ ئەو شوێن و دۆخەی لە تێکستەکەیدا ڕێکیخستووە ئەگەری روودانی لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا هەبی، یان لای وابوبێ بینەری کورد زیرەکترە لەو قسانە و باش تێدەگا شوێنێ شانۆکە چ وڵاتێکە. بەڵام ئەگەر وەها بۆچونێک یا خۆ دورخستنەوە لە سانسوڕ وایکردبێ شوێن بە روونی دیاری نەکرێ و زانیاری پتر نەدرێ بە بینەر دەتوانین ئەو چاوەڕوانیەمان هەبێ هەموو بینەرانی شانۆکە بە پالپشتی ئەو زانیاریانەی لەسەر کوردستان هەیانە وڵامی پرسیارەکانیان وەرگرنەوە؟ بۆ مەگەر هەموو بینەران لەو چەشنە زانیاریانەیان هەیە؟ ئایا بۆ ئەو بینەرانی کورد نیین و زۆر ئاگاداری کێشەکانی کوردستان نیین ئەو زانیاریە گرینگ نییە؟ یا نووسەر و دەرهێنەر پێیان وایە کێشەکان لە هەموو بەشەکانی ئەو نیشتمانە لێکدابڕاوەدا یەک جۆر و شێوازن؟ هەڵبژاردنی وەها مژارێک بۆ نوسینی شانۆنامە، بەرپرسیارەتی دەخاتە ئەوستۆی نوسەرەکەی، بەتایبەت کاتێک لەناوگەلێک کەڵک وەردەگیرێ کە دەستکردی نوسەر نین و ڕاستەوڕاست پەیوەندیان بە بزوتنەوە و روداوگەلێکی ڕاستەوە هەیە. ئەگەر شوێن و کاتی شانۆنامەکە نادیار و هەڵقوڵاوی مێشکی نوسەربا، نێوگەلی تایبەت و باس لە کوردستان وا بە ڕاشکاوی نەکرابا ئیتر جوغڕافیا و زۆر شتی تر گرینگ نەبوون، دەیتوانی هەر شوێن و ساتێک بێ، لەهەمان کاتیشدا نووسەر ویستو روانگەی خۆی دەربڕیبا تەنانەت راشکاوانەتریش. بەڵام نوسەر لە مابەینی ئەو دوو جیهانەدا ماوەتەوە و دیار نییە لە کوێ ڕاوەستاوە نە ئەوەیە لەو چەشنە شانۆیانە بێ کە شوێن و کات دیاری ناکەن و نە ئەوەی زانیاری پێویست بدا و بە راشکاوی ئاماژە بە پێویستیەکان بکا. جیالەئەوانەش، نووسەر تاچەندە دەتوانێ پشت بە زانیارییەکانی دەروەی تێکستەکەی ببەستێ؟ ئایا پێویست نییە جیهانی خۆی بەجۆرێک داڕێژێ کە هەموو پرسیارەکان لە ناوخۆیدا وڵامداتەو؟ هەربۆیە لە کچە سەتڵیەکەدا، ئامانج و ڕێبازی کچی شەڕوان و هەڤاڵانی دیار نییە. شەڕیان لەسەر چییە؟ بۆ چییە؟ لەگەڵ کێیە؟ نوسەر ئاستی ئەو کچە شەڕوانە تا ئەو ڕادەیە نزمدەکا کە هیچکات هێمای کەسێکی بۆ ڕێباز و ئامانجێک چالاک بووبێی بە باڵایەوە نابینین. لێرەدا گرینگ نییە شەڕوانی کام وڵات و نەتەوەیە، ئی کام بیر و بۆچوون و ڕێبازێکە، گرینگ ئەوەیە نوێنەری سەرهەڵدانێکە لە سوچێکی ئەم دونیایە، نەیاری بارودۆخێکە و ئامانجگەلێکی هەیە و شەڕی بۆیان کردووە، لە بەرامبەریشیدا کاراکتەری کابرای شکەنجەکەری نوێنەری دەستهەڵاتیش دەبێ سەد ئەوەندە بە توانا و بە هێز بەێ، بەڵام هەموو شتەکانی شانۆنامەکە جۆرێک ڕێکخراون کە شەڕوانان و شکەنجەکەرو هاوکارانی زۆر لاواز بن. چوونکە نووسەر داوالە بینەر دەکا زۆربەی وڵامانە لە جیهانی دەروەی شانۆکەدا بدۆزێتەوە.

هەڵبەت نابێ حەول و تێکۆشانی تریفەکەریمیان لە ئەو تایبەتمەندیە دڕاماتیکیانەی بۆ کاراکتەرەکان دایڕشتون، لەبەرچاو نەگرین. کەڵک وەرگرتن لە ئاو بۆ شکەنجە کردن، لە خاڵە بەرچاوەکانی شانۆنامەێ تریفەیە، ئاو وەک هێمای ژیانو پاکی، لێرە ئەو ماناو هێمایانەی لێ دەسڕدرێتەوە، نووسەر جۆرێک شکەنجەی ئافرێنەرانەی دڕاماتیکی داڕشتووە جیاواز لەو شکەنجانەی زانیاریمان لەسەریان هەیە، ئەوەش لایەنی بەرامبەری کچی شەڕوان، واتا دەستهەڵات و سیستەم پتەو و پیتۆڵ نیشاندەداو توێخێک لە کاراکتەری شکەنجەکەر زیاددەکا.  هەڵسوکەوتی شێتانەی کابرای شکەنجەکەر، کە بەردەوام حەولێتی میزڵدانی کچ پڕ بێ، تەنیا بۆ وەقسە هێنانی کچی شەڕوان نییە، بەڵکو مەبەستێکی مازۆخیستیش لە پشتێوەیە، ئەو کاتەی داوا لە کچی شەڕوان دەکا میزی بە سەردابکا، لایەنێکی دەرونی و سایکۆلۆژیکیش لەو کاڕاکتەرەدا دروستدەکا. هەڵبەت نووسەر لەو کەرەستانەی کەم نییە، تەنانەت زۆریشن، ئەوەندە زۆر کە شانۆنامەکە بازدانی خێراخێرایە لە مژارێکەوە بۆ مژارێکی تر، پرسیار درووست بوون پاش پرسیار، وەک ئەو پرسیارانەی لە سەرەتای شانۆکەوە درووست دەبن و پێشتر باسیانکرا، ئێستا ئەوان وڵام نەدراونەوە پرسیار دەربارەی ئەو کچە نەدیوەی تەنانەت شانۆنامەکەی بە ناو کراوە دێنەگۆڕێ، واتا کچە سەتڵێکە. ئێستا بینەر سەرقاڵی کچەسەتڵیەکە و هەڵسوکەوتی مازۆخیستی کابرایە، کەسێک دێ و بە کچی شەڕوان دەڵێ من براتم، لە چەند خولەکدا دەریایەک زانیاری و هەواڵ دەدا بە کچی شەڕوان. پاش ئەو باس لە کچێکی تر دێتە گۆڕێ، یەک لە هەڤاڵانی کچی شەڕوان، ئەو کەسەی نەگیراوە و توانیویەتی دەرباز بێ. جیالەئەوانەش، ئەگەری خۆشویستی کچ لەلایان شکەنجەکەر، کۆترەکانی بەر پەنجەرە، کاسێتەکان، ئەگەری ئەوەی هەڤاڵانی کچ خۆیان دۆڕاندبێ و قسەیان کردبێ و … شانۆنامەکە دەکەن بە بازبازێنێک به سەر گەلێک شتیگرینگدا، هەرئەوەش جیهانێکی ئاڵۆزو شپڕێو دوو لەت درووستدەکا. لەتی سەرەتایی شانۆکە درووست کردنی گەلێک پرسیار و لەتی پاش ئەو وڵامدانەوەی خێراخێرای هەندێک لە پرسیارەکانو هەروەها درووست کردنی پرسیاری تر، لە هەمان کاتیشدا بێ وڵام هێشتنەوەی زۆر پرسیاری گرینگ. دیار نییە کچە سەتڵیەکە تیشک دەخاتە سەر کام کاراکتەر؟ کچەسەتڵێکە؟ کچی شەڕوانی قۆڵبەستکراو؟ کابرای شکەنجەکەر؟ یا ئەو کچە شەڕوانەی نەگیراوە و خۆی دەرباز کردووە؟ کامیان؟

دەرهێنەریش بۆ بەدیهێنانی شانۆکەی بیرۆکەی کەم نیین، لە دانانی بینەران لە دوو ئاڕاستەوە، تا ڕووناک و تاریک کردنی تەختی شانۆ بۆ ئاگراندیسمان کردنی مژاری شەڕ و بەربەرەکانی دوولایەنی شەڕ، بە وەبیرهێنانەوەی شەڕی ڕوناکی و تاریکی واتا چاکی و خراپی (خیر و شر)،  تا شپڕێو ئاڵۆز کردنی تەختی شانۆ بە مەبەستی نیشاندانی دەرئەنجامی شەڕێکی بی هۆ و خۆڕایی. بەڵام فاتح بادپەروا زۆر خێراو بەپەلە هەموو ئەوانەمان نیشاندەدا، دەرفەتمان پێنادا بۆ چرکە ساتێکیش بیر بکەینەوە. هەڵبەت دەرهێنەر بە پاڵپشتی ئەزموونی چەندین ساڵەی ئاگاداری ئەو بابەتەیە لایەنی هیچکام لە بەرەکانی کێشەی ناو شانۆکە نەگرێ و تەنیا رووداوەکان و چیرۆکەکەیمان بۆ بگێڕێتەوە، لە کۆتاییشدا هەردووک لایەن بە قوربانی ئەو بارودۆخە دەناسێنێ، بەڵام بۆ گەیشتن بۆ ئەو بۆچونە بەپەلەیە و خێرا خێرا و بە پێی شانۆنامەکە لە شتیکەوە بازدەداتە شتێکی ترەوە. هەڵبەت مەبەست ئەوە نییە ٦٠ خولەک کاتی شانۆکە کەمە، پێویست بوو دەرهێنەر بە پشت بەستن بە داڕشتنەوەیەکی نوێ و دڕاماتۆڕژی شانۆکەی لە شپڕێوی و خێرایی دوورخاتەوە.

لە فێستیوالی فەجر هەموومان باشین بە زمانی کوردی پێشکەشکرا، بەڵام کچەسەتڵیەکە بە فارسی، دیارە وەریانگێڕابووە سەر زمانی فارسی، هەڵبەت ئەو هەڵسوکەوتە خۆی پێچەوانەی ئەو دێڕەبوو کە لە ژێرناوی شانۆکە نوسرابوو، واتا هەڵبژاردەی فێستیوالی شانۆی کوردی. ڕەنگە گروپی کچە سەتڵێکە لایان وابووبێ بە وەرگێڕانی شانۆکەیان توانای بەدیهاتنی پەیوەندی زۆرتر لەگەڵ بینەران و تەنانەت ڕاکێشانی بینەری زۆرتریان دەبێ. فاتح بادپەروا ساڵانی پێشووش وەک هەڵبژاردەی فێستیوالی شانۆی کوردی بەشداری فێستیوالی فەجر بووە و ئەزمونی لەو بوارەوە هەیە و ڕەنگە بە پاڵپشتی ئەو ئەزموونە تەمای گرتبێ شانۆکەی بە فارسی پێشکەش بکا. دیالۆگەکان زۆر هەڵەی زمانیان تێدابوو کە وێدەچی لە وەرگێڕاندا ڕوویدابێ. پاڵپشتی شانۆیەک بە دیالۆگ بەربەست نییە بۆ خۆڵقاندنی بەرهەمێکی وێنەیی، بەڵام هەر دووک شانۆی هەڵبژێردراوی فێستیوالی شانۆی کوردی و زۆربەی شانۆکانی ساڵانی پێشووش تەنیا پاڵیان وە دیالۆگەوەداوە. تەنانەت لە هەموو ئەو ساڵانەشدا حەول نەدراوە بۆ کەڵک وەرگرتن لە ژێرنووس بۆ ئەوەی بینەری تریش تێبگا لە چیرۆک و دیالۆگەکان. هەڵبەت بە تەنیا وەرگەڕاندنەوەی دیالۆگەکان کێشەی پەیوەندی زۆرتر لەگەڵ بینەر چارەسەر نابێ و پێشکەش کردنی بەرهەمێکی پتەو لە ڕوی وێنەوە زۆرجار تێنەگەیشتن لە دیالۆگیش چارەسەر دەکا. ئەگەرچی لە کچە سەتڵێکەدا وەک باسکرا حەولدراوە بە کەڵک وەرگرتن لە ڕووناکی، شێواندنی هەندێک ئامێری دێکۆڕ، ڕاگوێستنی مێز، ویدیۆ و فۆتۆ تا ڕادەیەک بواری بینین پتەوە بێتەوە و هەروەها لە هەموومان باشین دا کەڵک لە ویدیۆ و کامێرا وەگیراوە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بەس نیین بۆ دروستکردنی لایەنی پتەوی وێنەیی لە شانۆدا. بەداخەوە هێنانەگۆڕی باسگەلی وەک کارەساتە نەتەویەکان یا سەرهەڵدان و خەبات تەنیا لە ئاستی ئاماژە بە مژارێکدا دەمێننەوە. ساڵەهایە باس لەئەوە دەکرێ ئەرکی شانۆی کوردی ئەوەیە باس لە کێشە نەتەوەیەکان و کەندوکۆسپە دیار و بەرچاوەکانی سەردەم بکا. بەڵام ئەگەرواش بێ ئەو بۆچوونە بەردەوام بەلاوازی و ئاوێتەی لێڵی و نادیاری باسی لێکراوە و بەجوانی رووننەکراوەتەوە مەبەست چییە؟ بە تەنیا باسکردنی ئاسایی کارەساتەکان؟ بە شانۆنامە نوسین دەربارەیان؟ بە کام بۆچوونو لێکدانەوە؟ بە کام رێبازی شانۆیی؟ پێویستە بۆ نیشاندانی ئەو کارەساتانە تەنیاخۆمان شانۆنامە بنوسین؟ چیبکەین ئاستی شانۆنامەنوویسینمان بەرزکەینەوە؟ بڵێی نەکرێ بە شانۆنامەی پتەوەی نەتەوەکانی تر باسی کێشەکانی خۆمان بکەین؟ رەنگە نادیاری وڵامی پرسیارگەلی لەو شێویە وایکردبێ زۆربەی ئەو شانۆ کوردیانەی بە تەمان تیشک بخەنە سەر کارەسات و کێشە نەتوەیی و مێژوییەکان تەنیا لە ئاستی باس کردنێکدا بمێننەوە و واوەتر نچن. کەم نەبوون لەو چەشنە شانۆیانە، لەو ١٤ خولەی بەڕێوەچوونی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز. پرسیاری تر ئەوەیە ئەو چەشنە شانۆیانە بە پێی پێویستی کام جۆری بینەر لەو ئاستەدا دەمێننەوە؟ ئەو خەڵکەی سیستەم بە هەموو هیز و توانا حەولێتی سەرقاڵی ژیانی رۆژانە، سکە و دۆلار، تۆڕەکۆماڵایەتی و زنجیرەدڕاماکانیان بکاو هەر بۆیە بەردەوام پێویستاین بە بەرهەمی هونەری و هونەرمەندانی ئاوڕوونکەرەوەیە؟ بۆ بینەری تایبەتی شانۆ و شانۆکاران کە چاوەڕوانی بینینی هزر و تاووتوێ و لێکدانوەی پتەو لە بەرهەمەکاندان؟ بۆ فێستیوالەکان؟ کامە تاقم بەم جۆرە بۆچوون و هەڵسەنگاندنەی ڕاستیەکان رازی دەبن؟ بەداخەوە رەنگە تاقمێک لە فێستیوالەکان. ئەزموونی ئەو چەندساڵەی رابردوو نیشانیداوە زۆر زەحمەت نییە تەنانەت گەیشتن بە فێستیوالی فەجر، کە وەک گرینگترین رووداوی شانۆی ئێران ناسراوە.

لێرەدا مەبەست ئەوە نییە هەموو خەتاکان بخەینە سەر شانۆکاران و هەڵبژێردراوانی فێستیوالی شانۆی کوردی. هەروەها سڕینەوەی چالاکی و حەولی نیزیک ٢٠ ساڵەی شانۆکارانی بەڕیوبەری فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز، هەموومان ئاگاداری خەبات و تێکۆشینیان لە ئاستەنگترین بارودۆخ و بە کەمترین پاڵپشتی ئابووری هەین، ئەوەش لەیاد ناکەین فێستیوالی شانۆی کوردی هۆکارێک بووە بۆ چالاکی لە بواری بەرهەمهێنانی شانۆ بە زمانی کوردی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و تەنانەت لە زۆر شار کە چاوەڕوان نەدەکرا. بەڵام ئەزموونی بەشداری شانۆ کوردیەکان لە فێستیوالی فەجر بەرپرسیارەتی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز قورستردەکا. چونکە وەک لە سەرتادا باس کرا، پێمانخۆش بێ یا نا، ئەو شانۆیانە بە ناوی شانۆی کوردی بەشداری فێستیوالی فەجر دەبن. دیارە فێستیوالی فەجر نە ئامانجە و نە دەبێ ئامانج بێ بۆ فێستیوالی سەقز، بەڵام لانیکەم شوێنێکە بۆ نیشاندانی بەهرەو و توانای تاقمێک لە شانۆکارانی کورد. هەر ئەوەش چاوەڕوانی لە فێستیوالی شانۆی کوردی پتردەکا. فێستیوالێک ناوێک وەک شانۆی کوردی بە دوای خۆیەوە دەلکێنێ، چالاکیەکی بەردەوامە نەک رووداوێکی ساڵانە. بەداخەوە فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز پاش ١٤ خول لە بەڕێوە چوونی ئێستاش ماڵپەڕێکی سەربەخۆی نییە بۆ ئەوەی سەرچاوەی هەواڵو زانیاریەکان بێ. فێستیوالی شانۆی کوردی ئەگەر بە تەمایە ئەو رێبازە بگرێتە بەر کە شانۆکاران تەنیا دەبێ شانۆنامەی ئۆرجیناڵی کوردی ئامادە بکەن، دەبێ ئەو دڵنیایەش بدا کە ئەو ڕێبازە چاڵ و قووڵیەکانی شانۆنامەنووسی کوردی پڕدەکاتەوە یا رێگاوشوێنێک بۆ پتەو کردنی شانۆنامەی کوردی پێشنیار بکا. فێستیوالی شانۆی کوردی دەبێ رێگا بۆ درووست بوونی رەخنەی زانستی لە شانۆی کوردیدا بکاتەوە. فێستیوال ئەگەر چی لە چەند خولدا حەولی بۆ درووست بوونی پەیوەندی لەگەڵ شانۆکارانی باشوری کوردستان و فێستیوالی ئامدە (دیاربەکر) لە باکور داوە بەڵام حەولێکی ئەوتۆ بۆ پەیوەندی لەگەڵ شانۆکاران و فێستیوالەکانی وڵاتانی تر نەدراوە. دیارە هەموومان ئاگاداری بەربەستە ئیداری و ئەمنیەکان هەین، بەڵام دڵنیاشین ڕیگاگەلێک هەن کە تاقی نەکراونەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە تا ئێستاش لە (دبیرخانە)ی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز بەشی پەیوندیە نێونەتەوەیەکان بە چالاکی دانەمەزراوە. وەها بەشێک ئەگەر نەتوانێ بەهۆی بەربەستەکان لە وڵاتانی ترەوە شانۆ بانگهێشت بکا لانیکەم رێگەخۆشکەر دەبێ بۆ ناردنی شانۆ کوردیەکان بۆ فێستیوالەکانی وڵاتانی تر. بە بێ ئەوانە و زۆر شتی تر فێستیوالی شانۆی کوردی ناتوانێ سەرچاوەیەک بێ بۆ شانۆی کوردی و هەڵبژاردەکانی پێوەرێک بن بۆ هەڵسەنگاندی شانۆی کوردی. نەبوونی ڕەوت بە ئاراستەیەکی دیار لەو ١٤ خۆلەی بەڕیوەچووندا و گۆڕانی بەردەوامی هەڵسوکەوتو ڕوانگەی فێستیوالی شانۆی کوردی نەیهێشتووە فێستیوال رێبازێک بگرێتە بەر و حەول بدا بۆ گەیشتن بە چەند ئامانجی دیار و بەرچاو، چونکە رێباز و روانگەی فێستیوال هەرساڵ بە گۆڕانی بەرپرسی فێستیوال ئاڵوگۆڕی بەسەرداهاتووە. هەر ئەوەش وایکردووە لەماوەی ئەو چەندساڵەدا پێناسەیەک بۆ ئەو جۆرە شانۆیانەی ویست و خواستی فێستیوالی شانۆی کوردین بەدی نەکرێن. هەربۆیەش گەشەی شانۆی کوردی لاوازە، تەنانەت حەولو ئەزموونە جاروبارەکانی تاقمێک لە شانۆ کارە بەهرەمەندەکانیش نابیندرێو گرینگی پێندارێ. وەک لەسەرەتاش باسکرا، پێویستە فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز پێداچوونەوەیەک بە ١٤ خولی رابردوودا بکا و بۆ ئەوەش پێویستی بە تێبینی و لێکدانەوەی شانۆکارانی چالاک و لێهاتووی کوردستانە، بۆ ئەوەی ببێتە چالاکیەکی بەردەوام و هەمیشەیی و لایەنە زانستیەکانی فێستیوال پتەوبنو دەرگا بۆ رەخنە، لە چاپدانی کتێب، تێئۆریزە کردنی روانگەو بۆچونەکان، وەرگێران، پتەو کردنی شانۆنامەی کوردی و زۆر شتیتر بکرێتەوە.


Keyvan_fahimi_sh@yahoo.com

 

 

سینەماکاری کورد یەک لە بەهرەمەندانی فەستیوالی بەرلین

بە پێی هەواڵی بینەر، شیلان سەعدی ژنە سینەماکاری کورد یەک لە بەشدارانی کەمپی «بەهرەمەندانی بەرلین»ی ٢٠١٩یە.

کەمپی (Berlinale Talents) یەک لە بەشەکانی فەستیوالی بەرلین لە گرینگترین ڕوداوە سینەمایەکانی جیهانە. هەموو ساڵێ ٢٥٠ کەس هەڵبژاردەی لێژنەکانی ژووری، بەشداری ورکشاپ و مەستێرکلاسەکانی ئەو کەمپە دەبن. ئەوساڵ ٣٤٠٠ سینەماکار لە ١٣٠ وڵاتەوە خوازیاری بەشداری بوون.

شیلان سەعدی بە پڕۆژەی (I promise) لە بەشی بەڵگەفیلم بەشدار دەبێ و تەنیا ١٠ پڕۆژە بۆ ئەو بەشە دەستنیشان کراون. ئەو بەڵگە فیلمە چوارساڵ ژیانی ٧ کچی ئیزەدی کە پاش هێرشی داعیش پەنایان بردبووە کەمپی پەنابەرانی ئامەدی باکوری کوردستان و ئێستا هەرکامیان لە وڵاتێک دەژین دەگێرێتەوە.

فیلمەکە ئێستا قۆناغی پاش وێنەگرتن دەڕباز دەکا. کەمپی (Berlinale Talents) ٩ تا ١٤ی فێوریە بە دروشمی «هەڵەکان چۆن دەبنە هۆکاری پێشکەوتن؟» هاوکات لەگەڵ فەستیوالی فیلمی بەڕلین بەڕێوە دەچێ.

۲۳ فیلم لە ئێرانەوە بەشداربوی فێستیوالی جیهانی فیلمی سلێمانی دەبێ

بە پێی ڕاپۆڕتی بینەربه۲۳ فیلم لە ئێرانەوە بەشداربوی فێستیوالی سینەمایی سلێمانی دەبێ. لەم فێستیوالە ۱۴ خەلات لە بەشەکانی جۆراوجۆر پێشکەش بە هەلبژاردەکان دەکرێ.

بەشی داکیومێنت- نێونەتەوەیی

  1. ئاوازی خوا (عارف موحەمەدی)
  2. من دەمێنمەوە (فاتیمە مەرزبان)

بەشی داکیومێنت- نێوخۆیی

  1. باوانی (سەجاد ئەحمەدبەێگی)
  2. داده سەلتەنە (هادی ئەحمەدی)
  3. من کوردم (لاوان حوسێنی)
  4. چاوی ئاواز( رێبوار محەمەدپور)
  5. ئاهەنگی دەوران ( سەرکەوت نیکدڵ)
  6. دەنگ (رەئی) ( جەمشید بەهرامی)

بەشی فیلمی کورت و ئەنیمەێشێن

  1. بلۆق (مورتزا شەمس)
  2. ویانه (نەزیر میرزایی)
  3. من و دایکم (فەریدە نادری)
  4. دەریا شەپۆل شەپۆل دەلەرزیتەوە (ئەمیر غۆڵامی)
  5. تەنیا (مەستانە غەفاربەیگی و ئەحمەد غۆڵامی)
  6. هەڵبژاردن (ئەسرین مەحمودی)
  7. ئالا (جەلال ویسی)
  8. مانگ (رامین مۆحەمەدیار)
  9. ئالفابێت (کەیانوش عابیدی)
  10. بالانس (بەرزان رۆستەمی)
  11. شەوی بە دۆنیا هاتنی (فەرشاد مۆهیتی)
  12. بینەر (شەیدا کاشی)

بەشی سینەمایی

  1. سه رۆخ (جەعفەر پەناهی)
  2. ئەو دیوی هەورەکان (مەجید مەجیدی)
  3. گول نێسا (سەتار چەمەنی گوڵ)

سێهەمین فێستیوالی جیهانی فیلمی سلێمانی رۆژانی ۱۰ تا ۱۷ ئۆکتۆبر هەلکەوت دەگەل ۱۸ تا ۲۵ رەزبەر بەرێوە دەچێ.

 

ململانێیی(رقابتی) یا ناململانێیی (غیر رقابتی)

فستیواڵی شانۆی کوردی بە درێژایی خوی و بە پێی چواردە دەورە بەرێوەچوون، توانیویەتی شکڵ و پێکهاتە(ساختار) خوی هەر چەند لاواز پەیدا بکا. لە تەواوی ئەم ساڵانە کە فستیواڵ بە رێوە چووە زۆرترین رخنە لە شێوازی بەرێوەچوون وەکوو نەبوونی فەزا و جێگە بووە. بەو جۆرە کە لە زۆربەی نمایشەکاندا جێگە بۆ بینەران نەبووەو مەجبوور بوون بە پێوە بێستن و یان زۆر کەس هەر نەیانتوانیوە بێنە ناو هۆڵی نمایش (سالن نمایش) و کار ببینن.

نۆکتەی دووەم و رخنەی دووهەم لەوا بووە کە بەرنامەکان لە کاتی خۆیدا بە رێوە نەدەچوو و جار وا بوو یەک یان دوو کاتژمێر دێرتر دەستی پێ دەکرد و ئەمە ئەبوو بە شپرزەیی بۆ فستیواڵ و کێشە بۆ بینەران.
بەڵام لە بوارەکانی تردا  فستیواڵ زۆر خراپ نەبووە. لێکۆڵینەوە و رخنە، میوانداری و نیشتەجێ بوون، بۆڵتەن، وڕک شاپ و … شکڵێکی باشی و جوانی پەیدا کردبوو و هەر کام لە کاتی خۆی و شوێنی خۆی بە رێوە ئەچوو.

فستیواڵی شانویی کوردی لە چواردە دەورەی پێشوو بە شکڵی ململانێیی بووە. واتە لە ئاهەنگی کۆتاییدا بە شانۆ و شانۆکارانی باشتر خەڵات دراوە. هەر چەن ئەو خەڵاتانە زۆر کەم بووە و ئەمە جێگەی رخنەیە بەڵام هەر ئەوە ئەبوو بە هاندەرێک بۆ شانۆکاران کە کار بکەن و بەشدار بن. فستیواڵی پانزدەهەم قەرارە بە شێوەی ناململانێیی بەرێوە بچێ. بەڵام ئەمرۆ باس لە سەر ئەوەیە کە نابێ هەروا، بێ ئەوەی چوارچێوەیکی باشی بۆ دابین بکرێ شێوازی بەریوەچوونی فستیواڵ بگۆڕدرێ. ئەبێ کارناسی بکرێ.

ئەبێ لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بواری شانۆ و ئەدەب و … شارەزان هاودەنگی بکرێ تا پێکهاتەیەکی باش و رێک و پێکی بۆ دابین بکرێ. ئەبێ بزانین بەو دەستمایە کە شانۆی ئێمە وەکوو کورد هەیەتی ئەتوانین ئەو کارە ئەنجام بدەین یان نە.

نۆکتەی تر ئەوەیە کە لە بانگەشەی پانزدەهەم باس لە سەر ئەوە کراوە کە تەرجەمە قەبووڵ ناکرێ. جێگەی سەرنجە کە بەشێ زۆر لە ئاسەواری ئەدەبی/شانۆیی ئێمە تەرجەمەیە. بۆ وێنە لە یادمان نەچێ شێعری بەرزی پیرە هەڵۆ کە بوەتە نماد و ئوستوورەی کورد تەرجەمەیە. بە قەوڵی عەتا نەهایی (نووسەر) ئێمە چون زمانی خوێندن و نووسینمان لە سەرەتای قۆتابخانەوە زمانی دایکیمان نیە، بەردەوام لە حاڵی تەرجمەداین. ئەو حەتا ئەڵێ ژیانیشمان تەرجەمە. هەموو شتێکمان تەرجەمەی شتێکی ترە و باشترین رێگە بۆ دەرچوون لە ژێر چەکمەی تەرجمە، هەر تەرجمە دەزانێ ( دار تا پوازی لە خۆ نەبێ ناقڵشێ). نەهایی ئەڵێ لە تەرجەمەدایە کە کەل و کڵێنەکانی زمان دەر ئەکەوێ و ئەبێ ئەوەندە لە سەری کار بکرێ تا زمان پاراوە بێ. کە وایە چۆن ئەبێ لە فستیوالی شانۆی کوردی ئەو کارانەی کە تەرجەمەن قەبووڵ نەکرێ؟ ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. لە یادمان نەچێ یەکێ لە باشترین دەسکەوتەکانی فستیواڵی شانۆی کوردی و حەتا گرنگترین دەسکەوتی ئەوە بووە کە لە پێناوی خویدا توانی ئێمە لەگەڵ ئاسەواری هەرە بەرزی دنیا بە زمانی دایکیمان ئاشنا بکا و چەن کەس وەرگێڕی باش لە بواری ئەدەبی شانوی کوردی درووست بکا.

کەسانێک کە بوون بە وەرگێڕی شانونامە گەورەکانی دنیا و زۆرینە ئەو شانونامانە کە بۆ ئەم فستیواڵە کار کراوە لە دوایدا لە چاپ دراوە و بە خەزێنەی ئەدەبی شانۆیی کوردی کە زۆر کز و لاوازە ئیزافە بووە.

گۆڕانکاری لە هەر جێگایەک بێ باشە بەڵام بە شەرتێ بە پەلە و بە بێ بیر و زانست نەبێ. چۆن ئەگەر وا بێ نە تەنیا هیچ دەسکەوتێکی نابێ، ئەوەیش وا بە چەنها ساڵ زەحمەت و تێکۆشان بە دەست هاتووە لە دەس ئەچێ.

فەریدوون محەممەدزادە
ماستەری ئەدەبی شانۆیی

ئاکامی داوەری یەکەمین خولی فێستیواڵی ئینتێرنێتی کورتیلەچیرۆکی تەنزی کوردی پێگەی هەواڵیی هاژە

بە ناوی خودای میر و مەزن

بە ئاگاداری گشت لایەنگرانی وێژەی چیرۆکەوانی کوردی دەگەیەنین کە دوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازی فێستیواڵی کورتیلەچیرۆکی تەنزی کوردی پێگەی هەواڵی هاژە بە هاوکاری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی مەهاباد، ۹۸ کورتیلەچیرۆک لە 53چیرۆکنووس لە گشت کوردستان بە ناوەندی بەڕێوەبردنی فێستیواڵ گەیشت کە ۶۴ کورتیلەچیرۆک لە 34 چیرۆکنووس هەڵگری مەرجەکانی بانگەوازەکە بوون.

ئەم ۶۴ کورتیلەچیرۆکە بۆ هەڵسەنگاندن و داوەری ڕادەستی داوەرانی فێستیواڵ کە بریتی بوون لە بەڕێزان (بەختیار پەنجەیی، مەنسوور حامیدی، جەلیل ڕەحیمی، کامران محەممەد ڕەحیمی و ڕەئووف مەحموودپوور) کران.

دوای کۆتایی ماوەی داوەری بە پێی هەڵسەنگاندنی داوەران ۵ کورتیلەچیرۆک وەک کورتیلەچیرۆکی یەکەم و کۆی ۱۰ کورتیلەچیرۆک بە پێی پلەبەندی بۆ چاپ لە کتێبی فێستیواڵ دەستنیشان کران.  

جێی ئاماژەیە کە لە بۆنەیەکی تایبەتدا بە بەشداری نووسەرانی ۱۰ کورتیلەچیرۆکی تەنزی هەڵبژێردراو، دەستەی داوەران و لایەنگرانی ئەم بوارە لە شاری مەهاباد، لە هەڵبژێرداراوان ڕێز دەگیرێت و هەلی خوێندنەوەی کورتیلەچیرۆکەکان مسۆگەر دەبێت. فێستیواڵ ڕێز و سپاسەکانی خۆی ئاراستەی گشت بەشداربووان و خەمخۆرانی ئەم فێستیواڵە دەکات و لەمەڕ وەدواکەوتنی ڕاگەیاندنی ئاکامی فێستیواڵ داوای لێبوردن لە گشت لایەک دەکات. 

 

ئاکامی داوەری یەکەمین خولی فێستیواڵی ئینتێڕنێتی کورتیلەچیرۆکی تەنزی کوردی پێگەی هەواڵی هاژە

پێنج کورتیلەچیرۆکی یەکەم بە پێی پلەبەندی:

 

۱.  کورتیلە چیرۆکی تەنزی (هاوپەیمانان) لە نووسینی محەمەد مەردانی ئەفزەل لە شاری پیرانشار

۲.  کورتیلەچیرۆکی تەنزی (ڕواڵەتی بۆزی خەونێک) لە نووسینی کەماڵ مەحموودی لە شاری مەهاباد

۳٫ کورتیلەچیرۆکی تەنزی (گوڵەسێو و پیرەمێرد) لە نووسینی هاجەر ڕەمەزانیخاه لە شاری بۆکان

۴٫  کورتیلەچیرۆکی تەنزی( ئەو لەچکە گوڵگوڵییەی...) لە نووسینی هێمن عەبدوڵاپوور لە شاری بۆکان

۵٫   کورتیلەچیرۆکی تەنزی(شاباش) لە نووسینی وەلی فەتاحی لە شاری ڕوانسەر

 

دە کورتیلەچیرۆکی تەنزی هەڵبژێردارو بۆ خوێندنەوە و چاپ لە کتێبی فێستواڵ:

۱.  کورتیلە چیرۆکی تەنزی (هاوپەیمانان) لە نووسینی محەمەد مەردانی ئەفزەل لە شاری پیرانشار

۲.  کورتیلەچیرۆکی تەنزی (ڕواڵەتی بۆزی خەونێک) لە نووسینی کەماڵ مەحموودی لە شاری مەهاباد

۳٫ کورتیلەچیرۆکی تەنزی (گوڵەسێو و پیرەمێرد) لە نووسینی هاجەر ڕەمەزانیخاه لە شاری بۆکان

٤.  کورتیلەچیرۆکی تەنزی( ئەو لەچکە گوڵگوڵییەی...) لە نووسینی هێمن عەبدوڵاپوور لە شاری بۆکان

۵.   کورتیلەچیرۆکی تەنزی(شاباش) لە نووسینی وەلی فەتاحی لە شاری ڕوانسەر

٦. کورتیلە چیرۆکی تەنزی(نان بۆ ڕەخنەگر و ...) لە نووسینی ڕەزا فرووغی لە شاری مەهاباد

۷.. کورتیلەچیرۆکی تەنزی(ئاقڵ) لە نووسینی محەمەد محەمەدی لە شاری مەهاباد

۸.  کورتیلەچیرۆکی تەنزی(هن و هنا) لە نووسینی مستەفا بەیگی لە شاری ئیلام

۹.  کورتیلەچیرۆکی تەنزی(کابرا قەنداوگرەکە) لە نووسینی یاقووب محەمەدنیا لە شاری مەهاباد

۱٠.  کورتیلەچیرۆکی تەنزی(بەشی چەکمەبۆر) لە نووسینی خالەق تەوەکولی لە شاری بانە

 

بانگەشەی فەستیوالی فیلمی داکیۆمێنتی FilmAmed

فەستیوالی فیلمی داکیۆمێنتی FilmAmed کە پێشتر پێنج خوولی بەڕێوە چووە، پاش یەکساڵ ڕاوەستان بەڕێوەدەچێ. لە بانگەوازی ئەو فەستیوالەدا داوا لە هەموو دەرهێنەرانی فیلمی داکیۆمێنتی کراوە فیلمەکانیان بۆ ئەو خولەی فەستیوال بنێرن. لە بەشێکی ئە بانگەوازە دا هاتووە:  بەشداری هەموو دەرهێنەران شانازی ئێمەیە. هۆی خۆشحاڵیمانە بە بەشداری فیلمەکانتان یاریدەدەری ئێمە بن کەوا بەتەماین بە کەمترین هاریکاری و ئیمکان فەستیوال بخەینەوە ڕێ.

شەشەمین خولی فەستیوالی FilmAmed، ۲۳ تا ۲۷ مەی  ٢٠١٨ (۲ تا ٦ جۆزەدانی ۱۳۹۷) لە ئامەدی باکوری کوردستان بەڕێوە دەچێ.

دواکاتی ناردنی بەرهەم: ١ مەی ۲۰۱۸ (۱۱ی گوڵانی ۱۳۹۷)

ئیمەیل بۆ ناردنی لینک و ناسنامەی فیلمەکان: filmamedd@gmail.com

زانیاری پتر:

https://www.facebook.com/pale. huner/posts/156851738328650

یاداشتێک سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێستای ئەنجوومەن ئەدبی مەریوان

ئەنجوومەنی کەتخودایان و ریش سفیدان

هەرئەنجوومەنێکی ئەدبی لە هەر گۆشەیەک لەم جوغرافیایەدا،   هاوکات لەگەڵ ئەویکە ڕەسالەتێکی ئەدەبی و هونەری لە ئاست لۆکاڵی و جیهانیدا  لە ئەستۆدایە و دەبێ هەڵگری پوتانسیەلی بازتولیدی ئەدەبیات و هونەر بێت  و فەزایەکی جیاواز و کراوە بڕەخسێنێت ، بۆ پەروەردەی خوێنەری چالاک و جیدی ،  هاوکات ڕۆڵێکی گرینگی بێت بۆ ناساندنی هونەر وئەدبیاتی جیدی.

گرینگتر لەوەیکە ئێستا بە نسبەت فەزای ئەنجوومەنێکی ئەدبی؛ ئاماژەم پێدائەوەیە چ کەسانێک و بە چ ئاسۆیەکی فکرییەوە دەیانەوێت ڕۆڵێکی گرینگیان ببێ بۆ ئەنجوومەن.
ئەنجومەنی ئەدەبی مەریوان هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە لە دەیەی حەفتاکان و هەشتاکاندا وەک ئەنجومەنێکی ئەکتیڤ لە بەستێنی ئەدەب و هونەردا ناوەندێکی کاریگەر و کارتێکەر بووە لە سەر هزر و فکری زۆربەی نووسەران و شاعیران،  بە داخەوە لە ئێستادا بۆتە ناوەندێک بۆ بازتولیدی ئەدەبیاتی خانقایی و پوپۆلیستیانە و لە هەوڵی داهێنانەوەی ئەدەبیاتێکی پەسا کلاسیکی کدخدامنشانەدایە،
کارنامەی چالاکیەکانی ئەم خولەی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئەدەبی مەریوان  لە چەشنی (همایش علامە ملاعبدالکریم مدرس-کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی "کرامت انسانی"بەرهەمی،مامۆستا سەیید عەلی خالدی-بەڕێوەچوونی تەدریسی پۆلی گولستان-جەژنی کۆتایی پۆلی گلستان-دەعوەت لە یەکێتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان ( یمامە) بە  بۆنەی ۲۷ەمین ساڵوگەڕی ئەنجوومەنی ئەدەبی، دەرخەری ئەو دۆخە قەیرانەیە کە ئەمڕۆ ئەنجومەن ئەدەبی تووشی بووە و بە ئاگاییەوە بێت یان بێ ئاگایانە بێت، بەڕێوەبەرانی ئەنجومەن هەوڵدەدەن ئەدەبیاتێکی پۆپولیستیانە و کدخدامنشانە و پەساکلاسیکی بکەن بە ئاڵترناتیوی ئەدەبیاتی مودێڕن و ئاوانگارد،
ئەمە بەشێکی بەرچاو بوو  لە چالاکییەکانی ئێستای دەستەی بەڕێوەبەری "ئەنجوومەنی کەتخودایان و ریش سفیدان"

لەواقێعدا ئەم وەزعییەتە سیالەشکەر بازییەهیچ کە کاری ئەدبیات و هونەر ناکات  بەڵکوو هەوڵدەدا فەزایەکی پۆپولیستیانە بە نیسبەت ئەدەب و هونەرەوە بخولقێنێ جیاوازیی و سنوورەکانی نێوان ئەدەبیاتی کدخدامنشانە و ئەدەبی ئاوانگارد بسڕێتەوە و وزە و پوتانسیەلی ئەوانەش تازە هاتوونەتە نێو بەستێنی ئەدەب و هونەرەوە لە نێو بەرێت.
هێمن ڕەحیمی

سەبارەت بە شانۆنامەی کۆردی

مەمی ئالان یان شیکاگۆ؟

ئەگەر باسی ئەدەبی زارەکی و بەیتە کوردییەکان (کە ئەوانیش لە سەر دەستی توێژەرانی ئەورووپی کۆ کراونەتەوە) و زەرفییەتی دراماتیزەکردنیان وەلاوەنین و شانۆ وەکوو دیاردەیەکی نوێ بۆ نواندنەوە Performance)) و بینین لە بەر چاو بگرین، ئەوا بە پێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی لە نووسینگەی (World Colombian Exposition) پارێزراوە، بە پێچەوانەی ئەو مێژووەی کە مەمی ئالان نووسینی عەبدولڕەحیم ڕەحمی هەکاری بە دەسپێکی شانۆی کوردی دەزانن، دەسپێکی شانۆی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٦ ساڵ پێش مەمی ئالان، واتە ساڵی ١٨٩٣کاتێ کە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بۆنەی یادی ٤٠٠ ساڵەی دۆزینەوەی ئەمریکا لە لایەن کریستۆفێر کۆڵۆمبووسەوە، پیشانگایەک لە شیکاگۆ لە ژێر ناوی (World Colombian Exposition) یان (Chicago World Fair) واتە پیشانگای جیهانیی شیکاگۆ ساز کرا. لە سەر بانگهێشتی فەرمیی وڵاتە یەککرتووەکانی ئەمریکا دەوڵەتی عوسمانی بە هەموو میللەتانی جۆراوجۆری ئیمپراتۆرییەکەیەوە بە ٦٥ ئەکتەر و هونەرمەندەوە بەشداریی ئەو پیشانگایە دەکەن، لەو ٦٥ ئەکتەرە چەند کەسیان کورد دەبن. لە بۆلتەن یان بڵاڤۆکی رۆژانەی پیشانگای جیهانیی شیکاگۆدا، عوسمانییەکان بەم شێوەیە ئەناسێنرێت:
"ئەو ھەموو نەتەوە و ئاینەی لە ئیمپراتۆریای عوسمانیدا هەیە، لە هیچ وڵاتێکی تری دنیای کۆندا نییە … ئەکتەرە مێزەر سپییەکانی ئێرە دوورۆزین و مێزەر بە سەرەکانی تریش کوردن …".
گرووپەکانی شانۆی عوسمانی لە مانگەکانی "پێشانگەی شیکاگۆی نێودەڵەتی ١٨٩٣"دا کۆمەڵێك شانۆنامەی کوردی و تورکی و عەرەبی و دوورۆزی نمایش دەکەن. گرنگترین تایبەتمەندیی نمایشە کوردییەکە لەوە دایە کە بڵاوکراوه‌ی ڕۆژانەی پێشانگە، کورتەیەکی شانۆگەرییەکە لە سێ Act یان پەردەدا بڵاو ئەکاتەوە. لەوێوە تێدەگەین بابەتی شانۆنامەکە چۆن بووە. گۆڤارەکە تیپە کوردییەکەی بە شانۆی کوردی (The Kurdish Drama) ناوبردووە و لەو بارەیەوە نووسیوێتی:


پەرەدەی یەکەم
 "گرووپێکی کورد شێوازی ژیانی ناوماڵ، خواردن، خواردنەوە، گۆرەوی چنین، خووری ڕستن و کەیف و خۆشییەکانی خۆیان نمایش دەکەن. لەو نێوانەدا حەسەن بەدوای مامە فەیازیدا دەگەڕێت کە ئامادە نەبووە کچەکەی لەم مارە بکات و لەگەڵ کچ و ژنەکەیدا هەڵهاتووە.
پەردەی دووهەم
 فەیاز و ژن و کچەکەی لە ژێر ڕەشماڵیکدا دانیشتوون و سەرزەنشتی کچەکەیان دەکەن لە بەر ئەو نەهامەتییانەی کە بەهۆی ئەوەوە بەسەریان هاتووە. لەمکاتەدا یەكێك لە شوانەکان دەبینین کە خەریکی هەڵاتنە. چەند عەرەبێک هێرشیان کردۆتە سەری و مەڕ و ماڵاتیان دزیوە. عەرەبەکان پەلاماری ڕەشماڵەکەی فەیاز دەدەن و ژن و کچ و هەموو موڵك و ماڵی دەدزن. فەیاز له‌ چاره‌ی ڕەشی خۆی گلەیی دەکات. حه‌سه‌ن گوێی لێ دەبێت. به‌ڵام به‌ڵێن به‌ حه‌سه‌ن ده‌دات ئه‌گه‌ر وەدوای عەرەبەکان کەوێت و ژن و کچەکەی ڕزگار کات و مه‌ڕ و ماڵاته‌کانی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وا کچه‌که‌ی خۆی لێماره‌ ده‌کات. حه‌سه‌نیش جه‌نگاوه‌ره‌کانی کۆ ده‌کاته‌وه‌ و دوای عه‌ره‌به‌کان ده‌که‌وێت. له‌و کاته‌دا جیلانەکان دانیشتوون و دڵداریی فه‌یاز ده‌ده‌نه‌وه‌. حه‌سه‌نیش سەرکەوتووانە لە گەڵ زه‌هرا و که‌ریمه‌ و کۆمه‌ڵێك یەخسیری عەرەبەوە ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئەم گەڕانەوە ئاهەنگییاریی شمشێر و هه‌ڵپه‌ڕکێ و گۆرانی لەگەڵە.
پەرەدەی سێهەم
زه‌ماوه‌ندەکە دەبێت بە شایی گێڕانێکی گه‌وره‌ بە چەندین شێوە سەمای جۆراوجۆرەوە.
پیشانگای جیهانیی شیکاگۆی ساڵی ١٨٩٣ هەم بۆ شانوکاران و توێژەرانی میژووی ئەدەب و هۆنەری کوردی و هەم بۆ مێژوونووسانی کورد ڕووداوێکی گرینگە؛ یەکەم لە بەر ئەوەی تەمەنی راستەقینەی شانۆی کوردیمان بۆ دەردەخات و دووهەم لەبەر ئەوەی باروودۆخی کەلتووریی کورد و مامەڵەی دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ کەلتووری کوردمان پیشان دەدات.
گەڕان بە ئەرشیڤەکان و مۆزەخانەکانی وڵاتانی دیکە و پشکنینیان بۆ دۆزینەوەی بەڵگەنامە و ئاسەوار، ڕووناکاییەکە بۆ سەر لایەنە تاریک و نادیارەکانی مێژووی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کە پێویستە توێژەران و ڕووناکبیرانی کورد گرینگی پێ بدەن. کەواتە پیرۆز بێت ( ١٢٥)ەمین ساڵی شانۆی کوردی. /ئاژانسی هەواڵی مێهر-بەشی کوردی
دوکتۆر ئومید وەرزەندە
  سه‌رۆکی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی کوردستان ناسی زانکۆی ئازادی ئیسلامی لقی سنە

سەرچاوە:

Sarikaya, Jafer,(October, 29, 2014), "Kurdish theater at the 1893 Chicago World Fair" Retrievedfrom:

http://www.yeniozgurpolitika.org/index.php?rupel=nuce&id=35599Cafer

Schwani, Baker, (March, 26, 2016), شانۆی کوردی لە "پێشانگەی شیکاگۆی نێودەوڵەتی۱۸۹۳"دا" Retrived from : https://www.facebook.com

Tekpinar, Ibrahim, (April), 19, 2017"Unknown History of Kurdish Theatre" Retrieved from: https://gaiadergi.com/kurt-tiyatrosunun-bilinmeyen-tarihi