رفتن به بالا

تعداد اخبار امروز : 0 خبر


    -١٨(°C)
    Wind (mph)
    Pressure (in)
    Visibility (mi)
    UV Index -
    Humidity (in)
گاه‌شمار تاریخ خورشیدی
دی ۱۳۹۹
ش ی د س چ پ ج
« آذر   بهمن »
 12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
27282930  
ماستەری ئەدەبی شانۆیی

دیالۆگ لە زمانی کوردیدا

“کۆمەڵگا گەشە ناکا مەگەر ئەوەی پرسیارگەلی بنەڕەتی لە خۆی بکا.”

نوسەر بە پێی ئەزموون و زانستی کەمی خۆیەوە، بابەتێک ئەخاتە بەرچاوی خوێنەران و چەندین پرسیار دێنێتە ئاراوە و خۆیشی تا ئەو جێگا کە بتوانێت و ئاستی خوێندنی یاری بکا، وڵام ئەداتەوە. بە دڵنیایەوە ئەم بیروڕایە هەڵەی تێدایە و کەم و کووڕی زۆرە. لە خوێنەران و بیرمەندان داوا ئەکەم لە سەر ئەم بابەتە و ئەو پرسیارانە بدوێن و بیخەنە بەر لێکۆڵینەوە تا هەموومان زیاتر بە ئاگادار بین و ئاستی زانیاریمان بەرز بکەینەوە.
لەگەڵ ئەیوب گوڵکار هاوڕێی سینەماکارم لە سەر فیلمنامەیەک بە زمانی کوردی کارمان ئەکرد. فیلمنامە نووسرا. چوارچێوەی چیرۆک و کەسایەتیەکان داڕێژرا. لە ڕەواڵەتدا هەموو شتێک ڕێک و پێک بوو بەڵام کاتێ کە دەقەکەمان ئەخوێندەوە و خۆمان لە جێگای کەسایەتییەکان دائەنا پەیمان پێ‌برد، لە ڕووی دیالۆگەوە کێشەی زۆرە. دیالۆگەکان لە زاری کەسایەتییەکاندا خۆش نەبوو. باشتر وایە بڵێم دیالۆگ نەبوو. کەوتینە بیر کردنەوە و تێڕامان کە کێشە لە کوێدایە؟ بۆ ئەو دیالۆگانە سفت و سۆڵ نین؟ ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە ئەمانزانی دیالۆگی شانۆیی لەگەڵ وت و وێژی ڕۆژانەدا جیاوازی هەیە.
ئاسایی‌ترین پێناسە بۆ دیالۆگ ئەوەیە کە دیالۆگ وەکوو کایەی تێنسی سەر مێز وایە. تۆپ، ڕەستەکانە کە لە بەینی دوو یاریزان دێت و دەچێ. دیالۆگی شانۆیی باری دراماتیکی هەیە. بۆ وێنە دیالۆگی شانۆیی کورتە. دەستەواژە و چەمکی ئەدەبی تێدایە. ڕاستەوخۆ نییە، پڕە لە ئاماژە و هێما؛ وێنەییە. نۆرەی تێدا ڕەچاو ئەکرێ واتە کەسێک دیالۆگ ئەڵێ دوای ئەوە نۆرەی کەسێکی ترە. دیالۆگی شانۆیی چیرۆک ئەگێرێتەوە. کەمتر دوبارە ئەکرێتەوە. لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یەکگرتووە، بەڵام وت و وێژی ئاسایی پەرش و بڵاوە. لە وت و وێژی ڕۆژانەدا ڕەنگە کەسێک هەر بڵێ و ئەوانی‌تر بێ دەنگ بن. پڕە لە دوبارە و دوبارە، هیچ وێنەیەک بەدی ناکا، چیرۆکی نییە. یەکسەر دەچێتە سەر بابەتەکە و بێ لادان لە بابەتەکە قسە ئەکە و …
گەڕاین بە دوای نموونەدا. زۆر فیلمان دی بە زمانی فارسی کە پڕ بوو لە دیالۆگی پتەو. بۆ وێنە فیلمی ” ابد و یک روز” بەڵام لە فیلمە کوردییەکاندا وا نەبوو. پەیمان برد فیلمە باشە کوردییەکان ڕاشکاوانە بێ دیالۆگن. گرینگترین نموونەکان فیلمەکانی بەهمەنی قوبادی بوو کە ئەوانیش دیالۆگی شانۆیی نەبوو و زۆرتر ژیانی ڕاستەقینە و قسەی کەسایەتییەکان بوو تا دیالۆگی سینمایی. زانیمان سینماکارە کوردەکان چۆن نەیانتوانیوە دیالۆگ بۆ کەسایەتییەکان دابنێن ڕوویان کردۆتە وێنە و تەنانەت پلەیەکیش چوونەتە پێشەوە و ڕوویان کردووە لە ژانری سووریال و خۆیان لە ڕیال کە پڕە لە دیالۆگ دوور گرتووە.
لە ئەدەبی کوردیدا گەڕاین و لە ئاکامدا تێگەیشتین گەورەترین گەنجینەی زمانی کوردی، شێعرە و ئەوەی کە لە شێعری کوردیشدا گرینگە، وەسف و پێداگوتنە. بە دەگمەن دیالۆگ یان تەنانەت وت و وێژ ئەبینین. ئەگەریش ببێ ئەوەندە کەمە کە نەیتوانیوە بچێتە نێو کومەڵگاوە و پوێن پێی خوی دابکوتێ و بتوانێ بچێتە نێو کاری شانۆ و فیلمەوە. ڕۆمان لە ئەدەبی کوردیدا کەمە، شانۆنامە و فیلمنامە کە هەر زۆر بە دەگمەن.
پرسیارگەلێک درووست بوو:
– ئایا زمانی کوردی خۆی لە وتنی دیالۆگدا کێشەی هەیە؟
– ئایا زمان بۆ خۆی ئەتوانێ دیالۆگ پێک‌هێنەر یان نادیالۆگی بێ؟
– ئایا زمانەکان بە یەک ئەندازە توانایی دیالۆگیان هەیە؟
– زمان بۆ ئەوەی بتوانێ دیالۆگ بڵێ ئەبێ چی بکا؟
– بۆ ئەوەی دیالۆگ لە نێو کۆمەڵگادا جێگەی خۆی بدۆزێتەوە ئەبێ چ کارێک بکرێ؟

دیالۆگ دیاریی مودێڕن بوونە، کاتێ کە مرۆڤ چەکی دانا و وتی بێن بە یەکەوە گفتگۆ بکەین.
لە بنەڕەتدا زمان هەر بۆ دیالۆگ هاتووە. زمان دروست بووە تا مرۆڤ بتوانن بە یەکەوە پەیوەندی دروست بکەن. کە وایە زمان و دیالۆگ دوو سەری یەک دارن.
زمانەکان بە درێژایی مێژوو گۆڕانکاریان بە سەردا هاتووە. یەکێ لە هۆکاری ئەو گۆرانکاریانە ئەوەیە کە زمانی کۆن و سەرەتایی توانایی دیالۆگی کەم بووە. دیالۆگ ئاسانکاری گەرەکە. زمانێکی ئەوێ کە بە ئاسانی لە دەمدا بسووڕێت. بۆ وێنە زمانی فارسیی پەهلەوی یان زمانێک کە لە ئەدەبی کۆن و کلاسیکی فارسیدا هەیە بۆ مرۆڤی ئەمڕۆ لە دەمدا دژوار هەڵ‌ئەسووڕێت و توانایی دیالۆگی کەمە. هەر بەو بۆنەوەیە کە زمانی فارسی زۆرێک لە چەمک و دەستەواژەکانی سەرەکی خۆی بە درێژایی مێژوو لە دەس داوە و ئاسانتر و ڕەوانتر کراوە. بۆ ئەوە خەڵک بتوانن دیالۆگی پێ دروست بکەن. زمانی کوردیی وتار و نووسین واتە زمانی پێوەر بە درێژایی مێژوو کەمترین گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە ڕەنگە بەو بۆنەوەیە کە وتنی دیالۆگ لەم زمانەدا ئەوەندە دژوارە. ئەگەرچی زمانی کوردی لە نووسیندا لە زۆربەی زمانەکانی‌تر ئاسانتر و یاساهەڵگرترە، چی ئەوترێ هەر ئەوەیش ئەنووسرێ بەڵام لە وتندا سەختە. زمانی کوردی بۆ ئەوەی لەم سەخڵەتییە رزگاری بێ، زاراوەی زۆری لێ دەرهاتووە. شایەد هۆی زۆربوونی ئەو زاراوانەیش هەر بۆ دیالۆگ بووە.
هۆکاری دووەم ئەوەیە هەر زمانێک کە لە سەری کار بکرێ، ڕۆمان وداستان و شێعر و فەلسەفە و دەقی زانستی پێ بنووسرێ و زۆر کاری لە سەر بکرێ توانا و هێزی دیالۆگیشی زیاتر ئەبێ. دیالۆگ نە تەنیا لە ئەدەب بەڵکوو لە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکانیشدا زۆر گرینگە. نەتەوەیەک کە دیالۆگ نەزانێ ناتوانێ ماڤی خۆی بسێنێ. ئەوەی وا دیالۆگ باشتر ئەزانێ لە سیاسەتدا براوەیە. ئەوەیش نەزانێ بە دیالۆگ بەرانبەرەکانی ببەزێنێ، ئەیدۆڕێنێ. دیومانە لە شارێکی فارسدا لە نێو شەقامدا دوو کەس بە یەکەوە دەمبۆڵەیان دێ. ئەم قسەیەک ئەکا ئەو یەکی دیکە. ئەم ئەو، ئەم ئەو. وەکوو کایەی تێنسی سەر مێز، ئەوەندە دیالۆگ ئەکەن تا کێشەکە چارەسەر ئەکەن. بەڵام لە ناو کوردەواریدا دوو کەس لەجێگایەکدا دەمبۆڵەیان بێ، دوای دوو قسە کار ئەکێشێتە هەڵمەت و لێدان.
یەکێکی‌تر لەو گۆڕانگاریانە وا بە سەر زماندا هاتووە بۆ ئەوەی دیالۆگ ئاسانتر بگۆترێ ئەوەیە کە زمانی گفتگۆ واتە زمانی شەقام لە زمانی نووسین جیا بووەتەوە. بەم جۆرە کە زمانی شەقام بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئاسانتر مەبەستی خۆی بگەیەنێ و بە مانایەکی‌تر بتوانێ دیالۆگ بکا هەم پۆخت کراوە هەم وشەکان پاش و پێش کراوە و هەم گۆڕاوە. بۆ وێنە لە زمانی فارسی لە نووسین‌دا ئەڵێی: “آن لیوان را بە دست من بدە.” بەڵام لە وتاردا ئەڵێی: اون لیوانو بدە من.” پیتێک کە وتنی سەختە جێگای خۆی داوە بە پیتێک کە وتنی ئاسانترە و جیا لەوە جێگەی وشەکانیش پاش و پێش ئەبێ و وشەیەک کە وتنی قورسە ئەسڕێتەوە. لە زمانی کوردیشدا زمانی ئاخاوتن سادەترە لە زمانی نووسین. ئەو زمانە سادەیە زاراوە جۆربەجۆرەکانە. کاتێک ئەم زاراوانە لە یەک شوێندا بە یەک ئەگەن بۆ ئەوەی لە زمانی یەکتر بە باشی تێبگەن روو ئەهێنن بۆ زمانی پێوەر. زمانی پێوەریش هەر ئەو زمانی نووسینەیە. کاتێ کە زاراوەکانی‌تری زمانێک وەکوو فارسی، بە یەک ئەگەن بە زمانی پێوەری نووسین بە یەکەوە قسە ناکەن بەڵکوو بە زمانی پێوەری ئاخاوتن کە زمانێکە کە خەڵکی تاران قسەی پێ ئەکەن پێکەوە ئەدوێن. کێشە، نەبوونی زمانی پێوەری ئاخاوتنە کە تەواوی زاراوەکانی کوردی قسەی پێ بکەن.
کێشەیەکی‌تر کە لێرەدا درووست بووە ئەوەیە کە زمانی ئاخاوتنی کوردی لە زاراوە جۆربەجۆرەکاندا تێکەڵاوی زمانەکانی‌تر وەکوو فارسی و عەرەبی و تورکی بووە. هەر بەو بۆنەوە وتاربێژ بۆ ئەوەی خۆی دوور بگرێ لە وشەی زمانەکانی‌ ترەوە لە کاتی ئاخاوتندا، زمانی خۆی لە زمانی نووسین نزیک ئەکاتەوە و هەر بەو ڕادەیەش وشەکان و ڕەستەکان قورس ئەبن و توانایی دیالۆگیان لاوازتر ئەبێتەوە. کەوایە زمانی کوردی لەم بابەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ دیالۆگ بکا ئەبێ زمانی ئاخاوتن لە زمانی نووسینی پێوەر جیا بکاتەوە و زمانێکی پێوەری ئاخاوتن کە ئاسان و ڕەوان قسەی پێ بکرێ دابین بکا، کە ئەتوانێ یەکێک لە زاراوەکانی زمانی کوردی یان شێوەیەکی نوێ بێ.

پرسیارەکانی تر:
– ئایا زمانێک کە خەڵکانێکی زۆرتر قسەی پێ دەکەن لە بواری دیالۆگدا پتەوترە؟
– ئایا زمانێک بۆ خۆی لە بواری وتندا واتە شێوەی دەربڕین ئەتوانێ دیالۆگ ئاسانتر بڵێ تا زمانێکی تر؟
– شێوازی نووسین تا چ ڕادەیەک لە سەر دیالۆگ ئەتوانێ کاریگەری ببێ؟
لە ڕاستیدا دیارە زمانێک کە کۆمەڵێکی زیاتر لە خەڵک قسەی پێ بکەن توانایی دیالۆگی زیاترە. وشە و دەستەواژەی زیاتری هەیە تا زمانێک کە خەڵکێکێ کەمتر قسەی پێ دەکەن. لە جوابی پرسیاری دووهەم من ئەوەم بیستووە کە دوو کەس کە بە زاراوەی کورمانجی بە یەکەوە گفتگۆ ئەکەن گفتگۆکەیان زۆر درێژەی نابێ و بە کورتی تەواو ئەبێ واتە ئەڵێن زاراوەی کورمانجی توانایی دیالۆگی کەمە. وادیارە زاراوەی کەلهۆڕی دیالۆگ رەوانتر ئەڵێ تا زاراوەی سۆرانی و سۆرانی ڕەوانترە تا کورمانجی.
مرۆڤی سەرەتایی خەتی بزماری داهێنا. خەتی بزماری وەکوو خەڵکی سەرەتایی تیژ بوو. ئەم خەتە بە گشتی لە هێڵ درووس بووە. خەت یەک لایەنیە، یەک رەهەندە. ئەوە لە حاڵێکدایە خەتی ئەمڕۆ لە ڕوو(سە‌تح) درووس بووە. لە بازنە، لە چوار گۆشە لە سێ گۆشە. دوو ڕەهەند نیشان ئەدات مرۆڤ گەشەی کردووە. ئەگەر خەت بگا بە سێ ڕەهەند ئەوە گەشەیەکی زیاترە. یەک ڕەهەند دیالۆگ ناکا. توند و تیژە. هەر خۆی ئەبینێ و هەر خۆی قەبووڵە بەڵام دوو ڕەهەند ڕوانگەی گەورەترە. حەز بە گفتگۆ ئەکا. ئەوەیش نیشان ئەدات بە درێژایی مێژوو تەنانەت لە خەتیشدا گۆڕانکاری بەرەو گفتگۆی زیاتر واتە دیالۆگ چووەتە پێشەوە.
شێوەی فۆنتی لاتین و ئارامی و ڕۆژهەڵاتی دوور بەناوبانگترین شێوەی نووسین لە دنیای ئەمڕۆدایە. مەبەست شێوەی نووسێن لە بواری وێنەدایە. ئەم سێ شێوەی نووسینە بنەمای خۆی لە خەت و ڕوو(سەتح) وەرگرتووە. شێوەی لاتین زۆر بە ڕاشکاوی لە بازنە، چوارگۆشە و سێ گۆشە درووست بووە. شێوەی ئارامی و ڕۆژهەڵاتی دوور ئەگەرچی ڕوو(سەتح)یشی تێدایە بەڵام خەتی زۆرتر تێدایە. پێشتر وتمان خەت تەک ڕەهەندییە ڕەنگە بەو بۆنەوە کە مرۆڤی ڕۆژئاوا زۆر بە ئاسانی ئەتوانێ دیالۆگ بکا و مرۆڤی ڕۆژهەڵات ناتوانێ. بگرە هەر ئەوەیە شتگەلێک وەکوو چوونە ناو خەڵوەت و دوورپەرێزی لە ڕۆژهەڵاتدا زۆرترە تا ڕۆژئاوا. ڕۆژهەڵات لەگەڵ خۆ قسە کردن واتە مۆنۆلۆگە تا گفتگۆی دوو یان چەن کەسی واتە دیالۆگ. سیاسەتوانانی بەناوبانگ لە ڕۆژئاواوە هاتوون بەڵام لە ڕۆژهەڵاتدا مرۆڤی ئایینی و دوورەپەرێز فەراوانن.
کێشەیەکی ‌تر کە لە نەبوونی دیالۆگەوە پێک دێ هەڵە تێگەیشتنە. بە هەڵە تێگەیشتن زۆر زۆر خراپترە لە تێنەگەیشتن. زمان ئەگەر نەتوانێ چەمکی خۆی ڕاست و ڕێک بگەیەنێ هەڵە تێگەیشتن درووست ئەبێ.
لە کۆتایی‌دا
جەماورێک ئەڵێن ئەوەی کە شانۆکاران و سینماکاران لە نووسینی دیالۆگ بە زمانی کوردی کێشەیان هەیە هی ئەو شتانە نیە وا لێرەدا باس کرا بەڵکوو هۆکارێکی تری هەیە. هۆکاری ئەوەیە کە ئەوان زمانی کوردی واتە زمانی زگماکی خۆیان بە باشی نازانن. ئەگەر زمانەکە بە باشی بزانن و سەرەتا زمان بە گشتی فێر بن و دوای ئەوە بێنە سەر نووسینی دیالۆگ ئەو کات ئەتوانن دیالۆگی دراماتیک و ڕێک و پێک بنووسن. لە تەواوی دنیادا هەوەڵ و پێش لە هەموو شتێک منداڵ لە قۆتابخانەوە زمانی نووسین و خوێندن بە زمانی دایکی خۆی فێر ئەبێ دوای ئەوە کە زمان بە گشتی فێر بوو ئەو جار لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا وەکوو سینما، شانۆ و… کەڵکی لێ‌وەر ئەگرێ. بەرهەمێک کە بەم جۆرە بێتە ئاراوە پتەو، بێ کێشە و سەرنج‌ڕاکێش ئەبێ.

اخبار مرتبط

نظرات

ارسال دیدگاه

یادداشت ویژه

تێبینییەک لەسەر کافه کتێبەکان؛

ئەوەی هەیه و ئەوەی پێویسته ببێ

دەمێکه دیاردەی دامەزراندنی هێندێک شوێن به ناو "کافه کتێب" له شارەکانی کوردستان پەرەی گرتووه و له زۆریێک له شارەکان شوێن‌گەلێک بەو ناوه دەکرێنەوه. دیاره هەر هەوڵێک که بەسترانەوەیەکی لەگەڵ هونەر و ئەدەب و فەرهەنگەوه هەبێ، کارێکی پیرۆزه و به تایبەت له وڵاتێکدا که دەزگا فەرمییەکان هەوڵێکی ئەوتۆ نادەن بۆ کردنەوەی شوێنی فەرهەنگی یا ئەوەی دەشکرێ دووره له بێلایەنی، هەوڵی خودی کۆمەڵگای فەرهەنگی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، گرینگییەکی تایبەت و کاریگەری هەیه. بەڵام دیاره هەر پێگه و شوێن و بنکەیەکی فەرهەنگی، دەبێ هێندێک بنەما و ستانداردی هەبێ تا ئەو ئامانجانەی هەیەتی یا بۆی داڕێژراوه دەستەبەر بکا. شوێنێک وەک کافه کتێبیش، ڕاسته که ئامانجی ئابووریی هەیه، بەڵام چون هەڵگری ناوی کتێبه که هێمایەکی فەرهەنگییه، دیاره لەو ئاستەدا هێندێک ئەرکی لەسەر شانه و کۆمەڵێک پێداویستی و بنەمای دەوێ بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەرکانه. کاتی چوونەژوور لەو شوێنانه، بەرچاوترین جیاوازی لەگەڵ کافه و شوێنی دانیشتنه ئاساییەکان، بوونی هێندێک کتێبی جۆراوجۆر له سووچێکی ئەو شوێنانەیه. بەڵام ئەوەی سەرنج ڕا دەکێشێ، ئەو بابەتەیه که گۆیا ئەو کاره تەنیا بۆ لابردنی بەرپرسیارەتییه له ئەستۆ و پاساو هێنانەوەیەکه بۆ ئەوەی شوێنەکه لەگەڵ ناوەکەی بگونجێ. ئەوەش له چەند بوارەوه دەکرێ بەرەوڕووی ڕەخنه ببێتەوه که هێندێکی پەیوەسته به هەڵسوکەوتی خاوەنی شوێن و هێندیکیش جۆری کەڵک وەرگرتنی ئەو کەسانەی ڕوو دەکەنه ئەو شوێنانه. سەرەتا ئەوەی که بەپێی چەند شوێنێک که وردبینییان لەسەر کراوه، هەڵبژاردنی کتێب بەبێ هیچ سەرنجێک ئەنجام دەدرێ و تەنیا وەک لابردنی بەرپرسیارێتییه و پێ دەچێ هەرچی به دەستیان گەیشتبێ له هەر بوارێکدا کۆیان کردبێتەوه و بێ هیچ جیاکردنەوه و خشتەبەندییەک دایان نابێ. مەسەلەی تر، ئەوەیه که بەپێی ئەو ماوه کورتەی لەو شوێنانه ڕادەبردرێ، دیاره خوێندنەوەی تێر و تەسەلی کتێبێک دەست نادا و ئەو شوێنانه دەبێ ڕێگەخۆشکەرێک بن بۆ خەڵک که وێڕای ڕابواردن و تاوێک حەسانەوه، لەگەڵ کتێب یا بەرهەمێکی فەرهەنگیش ئاشنا بن و له کافه کتێبه ستانداردەکان وا باوه که کتێبەکان لەگەڵ خوێندنەوه، بۆ فرۆشیش ئامادەن و کەسێک که لەو چەند خولەکەدا و به خوێندنەوەیەکی کورت حەزی له کتێب یا بەرهەمێک دەبێ یا له گفتوگۆیەکدا کتێبێکی پێ پێشنیار دەکرێ، هەر لەوێ دەتوانێ کتێبەکه بکڕێ و بەو جۆره هەم له بواری ئابوورییەوه یارمەتییەکه بۆ کافەکتێب و هەم ئەو کەسەش وێڕای ڕابواردنی کاتی وچاندان، توانیویەتی کارێکی سوودمەندیش ئەنجام بدا. یەکێکی تر له تەوەرەکان، ئەوەیه که ئەو شوێنانه دەبێ وەک له ناوەکەیانەوه دیاره، جێیەک بن بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵگای فەرهەنگی، نەک تەنیا سیمای ئابووری و گشتی به خۆیان بگرن و تەنیا به ڕواڵەت و به ناو لەوانی تر جیا بنەوه. ئەوه لەسەر شانی بەرپرسانی ئەو شوێنانەیه که کەسانی تامەزرۆی فەرهەنگ و ئەدەب کۆ بکەنەوه و کارهاسانییان بۆ بکەن و پێداویستی‌گەلێکیان له بەردەست بنێن که بتوانن لەو شوێنانه کات ڕابوێرن و هاوکات خەریک به نووسین و نەخشاندن و بیرکردنەوه بن. له زۆر شوێن وەک هەرێمی کوردستانیش شوێن‌گەلێک هەن که ئەدیب و نووسەر و شاعیر و بیرمەندەکان کۆ دەبنەوه و له کەشێکی فەرهەنگیدا کاتیان ڕادەبوێرن که دەکرێ لێرەش کافه کتێبەکان ئەو ڕۆله بگێڕن. یەکێکی تر لەو ئەرکانەی له ئەستۆی ئەو شوێنانەیه و بەرچاو ناگیرێ و لانی کەم له شارەکانی کوردستان هێشتا نەدیتراوه که بەجێی بهێنن ...

وعده گاه مسئولین

روز شمار عنوان وعده
css.php
%d bloggers like this: