د. فروردین ۱۱ام, ۱۳۹۹

فێستیوالی شانۆی کوردی لە بەردەم چەند پرسیار

کەیوان فەهیمی (کارناسی شانۆ):

ئەوساڵێش وەک چەند ساڵی رابردوو دوو شانۆ، وەک هەڵبژاردەی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز بەشداری فێستیوالی فەجر بوون. بەشداری شانۆ هەڵبژێردراوەکانی سەقز لە فەجر وەک تایبەتمەندی سەرەکی و گرینگی فێستیوالی شانۆی کوردی لێهاتووە، وەک ئەوەی ئەو رووداوە بووبێتە یەک لە ڕێگەکانی گەیشتن بە فەجرو ئەوە گەورەترین مەبەستی بەڕێوەچونی بێ. هەڵبەت مەبەست نەبینینی حەول و تێکوشانی چەندین ساڵەی بەڕیوبەرانی فێستیوالی شانۆی کوردی و لەبەرچاو نەگرتنی کاردانەوە باشەکانی بەڕێوەچوونی ئەو فێستیوالە نییە، بەڵام ناکرێ بە هۆی چەندکاردانەوەی باش ڕەخنە لە کەمی و گرفت و هەڵە بەرچاوەکان نەگرین. ناکرێ بە کاردەنەوەکانی ئەو فێستیوالەدا نەیەینەوە، ناکری پرسیار نەکەین فێستیوالی شانۆی کوردی ئامانجەکانی چین؟ تا چەند لە گەیشتن بەو ئامانجانە سەرکەوتوو بووە؟ بۆچی فێستیوال هەلسوکەوتێکی دیار و ڕوون ناگرێتە خۆی؟ هەڵبەت دیار نییە ئەو پرسیارانە دەبێ ئاراستەی کێ بکرێن؟ بەرپرسی (دبیر) فێستیوال کە بەردەوام و ساڵانە دەگۆڕدرێ؟ بەرپرسی (ادارە فرهنگ و ارشاد اسلامی) پارێزگای کوردستان یا شاری سەقز؟ یا هەموو چالاکان و بەشدارانی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز؟

بەڵام پرسیاری هەرە گرینگ و سەرەکی ئەوەیە، ئەو دوو شانۆیەی وەک هەلبژاردەی سەرەکی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز بەشداری فێستیوالی فەجر دەبن ئایا نوێنەری شانۆی کوردین؟ پێوەرێکی دورستن بۆ هەڵسەنگاندنی شانۆی کوردی؟ ئایا ئەوە ڕوانگە و بۆچوون و چاوەڕوانی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقزە لە شانۆی کوردی؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەبێ ئاوڕێک لە شانۆ هەڵبژێردراوەکان بدەینەوە. هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی هەموو شانۆ هەڵبژێردراوەکانی فێستیوالی کوردی سەقز لەو چەند ساڵەێ ڕابردوودا پێویستی بە کات و دەرفەتێکی ترە، ڕەنگە پێویست بێ فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز تا بەر لە بەرێوە چونی خولی داهاتوو پێداچوونەوەیەک بە چالاکیەکانی ساڵانی رابردوودا بکا، چونکە دوو بەرهەمی هەلبژێردراوی ئەوساڵی شانۆی کوردی سەقز "هەموومان باشین" (فەرزاد محەمەدمیرزایی، سامان مێهران) و "کچە سەتڵێکە" (فاتح بادپەروا) ناهومێدکەرن.

شەڕ لە هەردووک شانۆدا هۆکاری سەرەکی رووداوەکاننو هەرکام لە روانگەیەکەوە حەولی لێکدانەوەی دەرئەنجامەکانی ئەو راستیە دەدەن، بەڵام ئەوە هێمایەکی گشتی ئەو دوو بەرهەمەن و کاتێک لێیان ورددەبینەوە ئەو ناهومێدیە خۆیمان بەسەردادەکێشێ.

"هەموومان باشین" بەتەمای گێرانەوەیەک لە سەر بنەمایەکی سایکۆلۆژیکی لە کارەساتی بۆمبارانی شیمیایی سەردەشتە. تابڵۆی دەستپێکی شانۆ، ئەو بیرەمان لا دروستدەکا، ڕەنگە ئەزمونێکی وێنەیی (بصری) تایبەت ببینین. دەرهێنەرەکانی ئەو شانۆیە کەڵکیان لە ویدیۆ و کامێرا وەرگرتووە. کامێرا لە میچی سەروی تەختی شانۆ رووی لە خوارەوەیە و وێنەکەی لە سەر پەردەیەکی لە سەرەوەی دێکۆری بچووک و ئەکتەرەکان نیشاماندەدرێ. بینەر تەختی شانۆکە لە دوو ئاڕاستەوە دەبینێ، یەکیان بەرامبەر بەخۆی وەک هەموو شانۆیاکی تر و یەکیش لە سەرەوە ڕا بە بۆنەی ئەو کامێرایەی دەرهێنەرەکان دایانمەزراندووە، واتا ئەو ئاڕاستەیەو ئەو وێنەی سەر پەردەکە، دەرهێنەر بۆ بینەری لەبەر چاوگرتووە و ڕوانگەی ئەوە، خەریکە دەڵێ شانۆکەمان لە دوو ئاڕاستەوە ببینە. بۆ؟ لە کاتی پێشکەشکردنەکەدا چاوەڕوانین وڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە. وەک باس کرا لە رووبەڕوو بوونەوەی سەرەتایدا، ئەو ئاوێتەبوونەی تەختی شانۆ و وێنەی کامێراکە، باس لە بیرۆکەیەکی وێنەیی جێی سرنج دەکەن – ئەگەر چی تازەنییە- بەڵام بینەر تامەزرۆ دەکەن بۆ بینینی چۆنیەتی ڕەوتی گەشەی بیرۆکەکە. بەڵام تا کۆتایی شانۆکە بیرۆکەکە هەر لەو ئاستەدا دەمێنێتەوە و بەرهەم وڵامدەری ئەو پرسیارە گرینگەی لای بینەر درووستی کردووە نییە. دەرهێنەرکان نەک تەنیا حەولێک نادەن بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە و گەشاندنەوەی بیرۆکەکەیان و کەڵک وەرگرتن لەو دوو ئاڕاستە بینینەی بۆ بینەریان داڕشتوو، تەنانەت بەرهەمەکەشیان لە پێناو بیرۆکەیەکی گەشە نەکردوو قوربانی دەکەن. بازنەی جووڵەو هاتووچووە و میزانسێنەکان بە پێوەری وێنەی کامێراکە داڕشتراوە، جیا لەو دوو، سێ جارەی ئەکتەر بۆ لای تەرمی کچەکەی کە نیزیکی ئاوانسێنە دەڕوا، هەموو جووڵە و هاتووچۆکان لەدەوری ئەو دەستکردە شێوە تەندوورەن کە تەرمی ژنێکی پێوە هەڵپەسێردراوە. وێنەی کامێراکە زۆر زوو دەبێتە شتێکی زیادی و موزاحیم، دیار نییە بۆ بەردەوامن لە سەرەوەڕا وێنەی هاتووچۆی ئەکتەرمان پێنیشاندەن، بەڵێنە چ ببەخشن بە بینەر؟ دەرهێنەرەکان تا ئەو کاتەی پیاوەکە تەرمی کوڕەکەی دێنێتە سەروی قوڵکە شێوە تەندوورەکە بەردەوامن لەسەر نیشاندانی وێنەی کامێراکە، بەڵام لەو کاتەدا وەک ئەوەی لایان وابووبێ خەریکن بینەر سورپرایز دەکەن وێنەی کامێراکە دەقرتێنن، تەنیا بۆ ئەوەی بینەر چەند چرکەسات زووتر وێنەی تەرمی کوڕەکە لە سەر پەردەکە نەبینێ، هەر ئەو هەڵسوکەوتە دانپێدانێکە بۆ ئەوەی دەرهێنەرەکان تەنیا ڕواڵەتی بیرۆکەکەیان بەلاوە جوان و سرنجڕاکێش بووبێ و ئیتر بیریان لە هۆی ئەو داڕشتنەو چۆنیەتی کەڵک وەرگرتنی دڕاماتیک لێی نەکردبێتەوە. هەڵبەت بۆ دۆزینەوەی هۆی ئەو بۆچوون و لێکدانەوە و کردەوی دەرهێنەرەکان پێویستە هەنگاوێک بۆ دوواە وەگەڕێن، واتا بۆ شانۆنامە. شانۆنامەکە ئەوەندە لاواز و ساویلکانەیە، تەنانەت لە دیالۆگێکیشدا هۆی هەڵبژاردنی بۆ بە شانۆ کردنی لەلایان دەرهێنەرەکانەوە دەرناکەوەی. باقرسرووش بۆ گێڕانەوەی بەشێکی بچووکی کاڕەساتی بۆمبارانی شیمایای سەردەشت کەڵکی لە مۆنۆلۆگ وەرگرتووە، پیاوێک هەموو ئەندامانی خێزانەکەی لە بۆمبارانەکەدا تێداچوون، بەڵام باوەڕی بەو ڕاستیە نییە و بەدەوری تەرمەکانیاندا دەخولێتەوە و وەک ئەوەی پێیوابێ خەوتوون، حەولدەدا خەبەریانکاتەوە و هانیاندەدا بۆ میوانیەک و ئامادە بوونیان بۆ زەماوەندی کوڕە تازەلاوەکەی. بیرۆکەکە تا ڕادەیەک جێی سرنجە – ئەگەرچی نوێ نییە- بەڵام، لە شانۆنامەکەشدا بیرۆکەکە لە ئاستی بیرۆکەدا دەمێنێ و گەشە ناکا، نووسەر پەرە بە بیرۆکەکەی نادا و مۆنۆلۆگەکەی ساویلکانە و ماندووکەرە، زۆر زوو ئەوەی هەیەتی دەریدەخا و هۆکارێک بۆ درێژەدانی نییە. هەڵبەت ئەو دیاردەیە کێشەی زۆربەی شانۆنامە کوردیەکانن کە وا بەتەمان باس لە کاڕەساتە نەتەوەیەکان بکەن. واتا، تەنیا گێڕانەوەیەکی لاوازن لە کاڕەساتێک و بیر و بۆچوون و لێکدانەوەی هونەرمەندانەیان تێدا بەدی ناکرێ. بەرهەمی هونەری ڕاپۆڕتی میدیایی نییە بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان. ڕووداو و کارەسات بیانوویەکن بۆ دەڕبڕینی ڕا و بۆچوون دەربارەی هۆکارەکان، وشیار کردنەوە، ئاماژەبە هۆکارەکان، ناڕەزایی دەڕبڕین، تاوتوێ کردن و …، هەڵبەت هەمووی ئەوانەش لە ئێستراکچێرێکی هونەری و سەردەمیاندا. باقر حەولیداوە کاریگەری سایکۆلۆژیکی کاڕەساتێک لەسەر مرۆڤێک بکاتە هەوێنی شانۆنامەکەی، بەڵام سەرکەوتوو نییە، بینەر زۆر زوو بۆی دەردەکەوێ، کابرا لەگەڵ چەند تەرم دەدوێ و لە حەولێکی بێ ئاکامدەدایە، بەڵام نووسەر چی تری پێ نییە و تەنانەت هەستی بینەریش نابزوێنێ بۆ ئەوەی هاوخەمی لەگەڵ مرۆڤێکی لێقەوماو بکا. شانۆنامەکە یەک توێخی هەیە و توانای قوڵبوونەوی لە هیچ ڕوویەکەوە نییە، نە تەکنیکی نە سایکۆلۆژیکی و نە هونەری، تەنانتەت بۆ گێرانەوی ئەو وێنە ئاڵۆزانەی کابرا خوازیاری بینینیانە لە میوانداری و زەماندی کورەکەی و بیرەوەرێکانیشی هیچ حەولێکی نوسەرانە نەدراوە و تەنیا بەدوای یەکدا دەگێڕدرێنەوە. شانۆنامەی "هەموومان باشین" نە تەنیا لە ئاست بیرۆکەدا دەمێنێتەوە و هەڵگری لێکدانەوە و ئاماژەیەکی هونەری نییە، شێوازێکی کۆن و ناسەردەمیانەی بۆ گێڕانەوە هەڵبژاردووە، لە شێوازی مۆنۆلۆگە فارسیەکانی ساڵانی ٦٠ و ٧٠ (٨٠ و ٩٠ زایینی). ئەوانیش لە ئاستی بیرۆکە بەرزتر نەدەبوونەوە و زۆر زۆر ئەزمونێکی خوێندکارانە بوون لە لایان نووسەرەکانیانەوە، وەک بەرهەمەکانی ئەو سەردەمی محمدچرمشیر. شانۆنامەی "هەموومان باشین" بە بێ زانیاری دەرەوەی بەرهەم لاوازتریش دەبێ، واتا بینەرێکی ئاگاداری کارەساتەکەی سەردەشت بێ لە ئاڵۆزیو پەشۆکاوی کابرا تێدەگاو بە بێ ئەو زانیاریە ئەو چیرۆکەی بۆکابراو خێزانەکی دارشتراوە زۆر دوواپاتەوبوو و لاوازە، گێرانەوەی هەندێک بیرەوەری ئاسایی و حەولێکی خۆڕایی کابرا بۆ میوانی و زەماوەندە، بێ هیچ خاڵێکی دڕاماتیک، زۆربڵەییەکی ماندووکەر و بێ سوودە. کەواتا لە سەرەتاوە هەڵبژاردنی وەها شانۆنامەیەک دەرهێنەر دەخاتە ئاستەنگێکی بێدەرەتانەوە و تەنانەت بە کەڵک وەرگرتن لە ویدیۆ و کامێرا و نیشاندانی ئاڕاستەیەکی تر لە تەختی شانۆ هەنگاوێکیش واوەتر ناچن، لەبەر ئەوەی نە شانۆنامە ئێستراکچێری هەیە و نە شانۆکە. بە تایبەت ئەگەر نووسەر بە تەما بووبێ لە کۆتاییدا بۆ بینەر روونکاتەوە ئەندامانی خێزانی کابرا مردوون و وەک خاڵێکی لاوازی بزواندنی هەستی بینەر کەڵکی لێوەرگرتبێ، جۆری میزانسێن و داڕشتنی دەرهێنەرەکان ئەوەشی نەهێشتۆتەوە و لە سەرەتاوە دوو تەرم لە سەر تەختی شانۆ نیشانمان دەدەن، پێموانیە چاوەڕوان بووبن بینەر واهەست بکا ئەوانە خەوتوون. وەک پێشتر باسم کرد شانۆکە لە کامێرا و پڕۆژۆکتۆر کەڵک وەردەگرێ. کەڵک وەرگرتن لەو چەشنە ئامێرانە لە شانۆدا تەنیا بۆ ڕازندنەوەی تەختی شانۆ و نیشاندانی بیرۆکەیەک بە لاوازی نین، پێویستە لە چوارچێوەی ئێستراکچێری داڕێژڕاو بە پاڵپشتی شانۆنامەوە بێت و هەروەها دەرخەری لێکدانەوە و بۆ چونی ئافرێنەرانە بێ، لەو شانۆیەدا هیچکام لەئەوانە بەدی ناکرێن. سەرقاڵی دەرهێنەرەکان بەو بیرۆکە لاوازەوە ئەوەندە زۆرە کە ئاگادار نیین تا چەند دەستوباڵی ئەکتەر دەبەستنەوە و چۆن ناچاری دەکەن لە خرابترین فیگۆڕەکاندا دیالۆگ بڵێ و هەستی دەڕببڕێ، تەنانەت حەولیان نەداوە ئەکتەر بۆ ئەو جۆر میزانسێنە ئامادە بکەن، لە هەموو تایمی شانۆکەدا ئەکتەر هۆشی لە ئەوەیە پێی بە هەڵە دانەنێ و نەکەوێ واتا دیارە ئەکتەر بە جەستە پەیوەندی لەگەڵ دێکۆڕی هەڵقوڵاوی بیرۆکەی دەرهێنەرەکانەەو نییە. تەنانەت سرنج نەدراوەتە ئاخفتن و دەنگی ئەکتەر و زۆربەی دیالۆگەکان لە لاوازی دەنگی و نا شارەزایی ئاخافتنیدا بزر دەبن. واتا ئەو کەمترین کارەش شانۆنامەنووس بۆ باس کردن لە کاڕەساتێک کردویەتی و حەولیداوە لە دیالۆگەکانی پیاوێکی ژن و منداڵ قوربانی بوو بۆمانی بگێڕێتەو قوربانی دەبێ. نیشاندانی وێنەی هەڵات هەڵاتی خەڵکانێک -ڕەنگە بە تەمای نیشاندانی ویدیۆیەک لە کاتی بۆمبارانەکەی سەردەشت- لە سەر دیواری دیکۆڕ و هەروەها ویدیۆی کۆنی هەڵپەڕکێ لە کاتی گێڕانەوەی بیرەوەری زەماوەندی خزمێکیان لە سلێمانی دۆخەکە ئالۆزتردەکا. ئیتر با باس لەوە نەکەین چۆن ویدیۆکە خراوەتە سەر زارکی قووڵکە شێوە تەندورەکە و لە ڕێی کامێراوە خراوەتەوە سەر پەردەکەی دواوە. کەڵک وەرگرتن لە ویدیۆ بێ بنەما و بێ پێداویستی لەجیاتی ئەوەی ببێتە بەشێک لە میزانسێن و ئەو پلان و نەخشەیەی دەرهێنەر بۆ راگوێستنی بیروبۆچۆنەکانی دایڕشتووە، دەبێتە دەستکردێکی ناشاز بۆ خۆشارنەوە لە پشتی. بیرۆکەی سەرەکی شانۆکە ئینسانی و مرۆڤدۆستانەیە و لە لایەکی ترەوە بنەمایەکی باشی دڕاماتیکی تێدا بەدی دەکرێ، بەڵام کەم حەولی نووسەر و هەروەها دەر‌هێنەرکان وادەکا ئەو بیرۆکەیە گەشە نەکا. کارەساتگەلی وەک بۆمبارانی سەردەشت لە مێژوماندا کەم نیین، هەڵبەت مژارێکی پتەون بۆ چالاکانی شانۆ و هونەرەکانی تر، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا کارێکی هونەری ئەوتۆ دەربارەیان نەکراوە.

شانۆی کچە سەتڵێەکە ئاماژە بە لایەنێکی تری شەڕە، جۆرێکی تری شەڕ. تاریکی دەستپێکی بەرهەم بە ڕوناکی نزم و کزی ئامێرێکی وەک مۆبایل دەشکێ، لە شوێنێکی شێوەی ساردخانە (ئەو شوێنەی تەرمەی مردوەکانی لێڕادەگرن)، پیاوێک بە تەنیا خەریکی هێلکەوڕۆن خواردن دەبێ، تەنیایەکەی زۆر ناخایێنێ و وەک ئەوەی بە دوای سەرچاوەی دەنگێکەوە بێ، ئەو دەرگایانەی ڕەنگە مردوویان تێدا بێ دەکاتەوە و بە کردنەوەی یەکیان، دەنگی هەڵلەرزینی کچێک دێ. کابرا دەپرسێ: لێرەی؟ وەک ئەوەی نەیزانیبێ ئەو کچە لەوێ بێ و خۆی چوبێتە ئەوێوە یا کەسێکیتر لەوێی ئاخنیبێ. کچ سەرمایەتی و دێتە دەرەوە. لێرەوە پەیڤین و مشتومڕی ئەو دوو کاراکتەرە دەستپێدەکا. درێژەی دیالۆگەکان دونیایەک پرسیار دروستدەکەن، ئەوانە کێن؟ پەیوەندیان بەیەکەوە چیە؟ لە کوێن؟ باسی چی دەکەن؟ ئەوەش بینەر تامەزرۆی بیستن و بینینی وڵامەکان دەکا. بە شێوەیەکی کلاسیکی حەولدەدرێ وڵامی پرسیارەکان وردە وردە و بە پێخۆر بدرێنەوە واتا زانیاری لەسەر کاراکتەرەکان، ڕوادەوکانی پێشوی دڕام و کێشەی ئەو ژن و پیاوە. کچ شاڕوانێکی قۆڵبەستکراوە، خۆی و چەند هەڤاڵی گیراون، کابراش شکەنجەکەرێکەو حەولدەدا هەندێک زانیاری لە زاری دەرکێشێ، لە ئاڵوگۆڕی بەردەوامی تاریکیو رووناکیدا، بەو بیانوویەی کەشوهەواخراپەو هێڵەکانی کارەبا دەپچڕێن. بەڵام لێرەوە ئاڵۆزییەک دەستپێدەکا. جۆر و چۆنیەتی پەیوەندی شکەنجەکەرو کچی شەڕوان و هەڵسوکەوتیان لە شپڕێوی شانۆکە کەم ناکاتەوە. دیار نییە ئەو چیرۆکە لە کوێ ڕوودەدا، بەڕاشکاەی باس لە وڵاتێک ناکرێ، هەڵبەت شەرت نییە لە هەموو شانۆنامەیەکدا ئەو زانیاریە بدرێ، سەدان شانۆنامە هەن کە شوێن و کات تێیاندا دیاری نەکراون، کچەسەتڵێکەش دەیتوانی لەو چەشنە شانۆنیانە بێ، بەڵام ئەوکاتەی پیاوەکە دەڵێ ناوەکوردیەکان زۆر جوانن ئیتر دوور دەبێتەوە لەو شێوە شانۆیانە، پاشان بە هۆی کەڵک وەرگرتن لەو ناوانەی بۆ شەڕوانان هەڵبژێردراون و هەروەها بە دەستنیشانکردنی وێنەیەکی تایبەت و گۆرانیەک کە لە ویدیۆیەکی کورتدا چەند شەڕوان دەیچڕن و دواتریش کچی شەڕوان لە سەر مێزی کابرا دووپاتی دەکاتەوە، شانۆنامەکە خۆی پێویستی پێدانی زانیاری پتر درووستدەکا، بەڵام واوەرتر ناچێ، وەک ئەوەی ترسی بێ لە پێدانی زانیاری پتر، ترس لە سانسۆڕ و هەڵقرتان، یا ڕەنگە نوسەر لای وابووبێ ئەو شوێن و دۆخەی لە تێکستەکەیدا ڕێکیخستووە ئەگەری روودانی لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا هەبی، یان لای وابوبێ بینەری کورد زیرەکترە لەو قسانە و باش تێدەگا شوێنێ شانۆکە چ وڵاتێکە. بەڵام ئەگەر وەها بۆچونێک یا خۆ دورخستنەوە لە سانسوڕ وایکردبێ شوێن بە روونی دیاری نەکرێ و زانیاری پتر نەدرێ بە بینەر دەتوانین ئەو چاوەڕوانیەمان هەبێ هەموو بینەرانی شانۆکە بە پالپشتی ئەو زانیاریانەی لەسەر کوردستان هەیانە وڵامی پرسیارەکانیان وەرگرنەوە؟ بۆ مەگەر هەموو بینەران لەو چەشنە زانیاریانەیان هەیە؟ ئایا بۆ ئەو بینەرانی کورد نیین و زۆر ئاگاداری کێشەکانی کوردستان نیین ئەو زانیاریە گرینگ نییە؟ یا نووسەر و دەرهێنەر پێیان وایە کێشەکان لە هەموو بەشەکانی ئەو نیشتمانە لێکدابڕاوەدا یەک جۆر و شێوازن؟ هەڵبژاردنی وەها مژارێک بۆ نوسینی شانۆنامە، بەرپرسیارەتی دەخاتە ئەوستۆی نوسەرەکەی، بەتایبەت کاتێک لەناوگەلێک کەڵک وەردەگیرێ کە دەستکردی نوسەر نین و ڕاستەوڕاست پەیوەندیان بە بزوتنەوە و روداوگەلێکی ڕاستەوە هەیە. ئەگەر شوێن و کاتی شانۆنامەکە نادیار و هەڵقوڵاوی مێشکی نوسەربا، نێوگەلی تایبەت و باس لە کوردستان وا بە ڕاشکاوی نەکرابا ئیتر جوغڕافیا و زۆر شتی تر گرینگ نەبوون، دەیتوانی هەر شوێن و ساتێک بێ، لەهەمان کاتیشدا نووسەر ویستو روانگەی خۆی دەربڕیبا تەنانەت راشکاوانەتریش. بەڵام نوسەر لە مابەینی ئەو دوو جیهانەدا ماوەتەوە و دیار نییە لە کوێ ڕاوەستاوە نە ئەوەیە لەو چەشنە شانۆیانە بێ کە شوێن و کات دیاری ناکەن و نە ئەوەی زانیاری پێویست بدا و بە راشکاوی ئاماژە بە پێویستیەکان بکا. جیالەئەوانەش، نووسەر تاچەندە دەتوانێ پشت بە زانیارییەکانی دەروەی تێکستەکەی ببەستێ؟ ئایا پێویست نییە جیهانی خۆی بەجۆرێک داڕێژێ کە هەموو پرسیارەکان لە ناوخۆیدا وڵامداتەو؟ هەربۆیە لە کچە سەتڵیەکەدا، ئامانج و ڕێبازی کچی شەڕوان و هەڤاڵانی دیار نییە. شەڕیان لەسەر چییە؟ بۆ چییە؟ لەگەڵ کێیە؟ نوسەر ئاستی ئەو کچە شەڕوانە تا ئەو ڕادەیە نزمدەکا کە هیچکات هێمای کەسێکی بۆ ڕێباز و ئامانجێک چالاک بووبێی بە باڵایەوە نابینین. لێرەدا گرینگ نییە شەڕوانی کام وڵات و نەتەوەیە، ئی کام بیر و بۆچوون و ڕێبازێکە، گرینگ ئەوەیە نوێنەری سەرهەڵدانێکە لە سوچێکی ئەم دونیایە، نەیاری بارودۆخێکە و ئامانجگەلێکی هەیە و شەڕی بۆیان کردووە، لە بەرامبەریشیدا کاراکتەری کابرای شکەنجەکەری نوێنەری دەستهەڵاتیش دەبێ سەد ئەوەندە بە توانا و بە هێز بەێ، بەڵام هەموو شتەکانی شانۆنامەکە جۆرێک ڕێکخراون کە شەڕوانان و شکەنجەکەرو هاوکارانی زۆر لاواز بن. چوونکە نووسەر داوالە بینەر دەکا زۆربەی وڵامانە لە جیهانی دەروەی شانۆکەدا بدۆزێتەوە.

هەڵبەت نابێ حەول و تێکۆشانی تریفەکەریمیان لە ئەو تایبەتمەندیە دڕاماتیکیانەی بۆ کاراکتەرەکان دایڕشتون، لەبەرچاو نەگرین. کەڵک وەرگرتن لە ئاو بۆ شکەنجە کردن، لە خاڵە بەرچاوەکانی شانۆنامەێ تریفەیە، ئاو وەک هێمای ژیانو پاکی، لێرە ئەو ماناو هێمایانەی لێ دەسڕدرێتەوە، نووسەر جۆرێک شکەنجەی ئافرێنەرانەی دڕاماتیکی داڕشتووە جیاواز لەو شکەنجانەی زانیاریمان لەسەریان هەیە، ئەوەش لایەنی بەرامبەری کچی شەڕوان، واتا دەستهەڵات و سیستەم پتەو و پیتۆڵ نیشاندەداو توێخێک لە کاراکتەری شکەنجەکەر زیاددەکا.  هەڵسوکەوتی شێتانەی کابرای شکەنجەکەر، کە بەردەوام حەولێتی میزڵدانی کچ پڕ بێ، تەنیا بۆ وەقسە هێنانی کچی شەڕوان نییە، بەڵکو مەبەستێکی مازۆخیستیش لە پشتێوەیە، ئەو کاتەی داوا لە کچی شەڕوان دەکا میزی بە سەردابکا، لایەنێکی دەرونی و سایکۆلۆژیکیش لەو کاڕاکتەرەدا دروستدەکا. هەڵبەت نووسەر لەو کەرەستانەی کەم نییە، تەنانەت زۆریشن، ئەوەندە زۆر کە شانۆنامەکە بازدانی خێراخێرایە لە مژارێکەوە بۆ مژارێکی تر، پرسیار درووست بوون پاش پرسیار، وەک ئەو پرسیارانەی لە سەرەتای شانۆکەوە درووست دەبن و پێشتر باسیانکرا، ئێستا ئەوان وڵام نەدراونەوە پرسیار دەربارەی ئەو کچە نەدیوەی تەنانەت شانۆنامەکەی بە ناو کراوە دێنەگۆڕێ، واتا کچە سەتڵێکە. ئێستا بینەر سەرقاڵی کچەسەتڵیەکە و هەڵسوکەوتی مازۆخیستی کابرایە، کەسێک دێ و بە کچی شەڕوان دەڵێ من براتم، لە چەند خولەکدا دەریایەک زانیاری و هەواڵ دەدا بە کچی شەڕوان. پاش ئەو باس لە کچێکی تر دێتە گۆڕێ، یەک لە هەڤاڵانی کچی شەڕوان، ئەو کەسەی نەگیراوە و توانیویەتی دەرباز بێ. جیالەئەوانەش، ئەگەری خۆشویستی کچ لەلایان شکەنجەکەر، کۆترەکانی بەر پەنجەرە، کاسێتەکان، ئەگەری ئەوەی هەڤاڵانی کچ خۆیان دۆڕاندبێ و قسەیان کردبێ و … شانۆنامەکە دەکەن بە بازبازێنێک به سەر گەلێک شتیگرینگدا، هەرئەوەش جیهانێکی ئاڵۆزو شپڕێو دوو لەت درووستدەکا. لەتی سەرەتایی شانۆکە درووست کردنی گەلێک پرسیار و لەتی پاش ئەو وڵامدانەوەی خێراخێرای هەندێک لە پرسیارەکانو هەروەها درووست کردنی پرسیاری تر، لە هەمان کاتیشدا بێ وڵام هێشتنەوەی زۆر پرسیاری گرینگ. دیار نییە کچە سەتڵیەکە تیشک دەخاتە سەر کام کاراکتەر؟ کچەسەتڵێکە؟ کچی شەڕوانی قۆڵبەستکراو؟ کابرای شکەنجەکەر؟ یا ئەو کچە شەڕوانەی نەگیراوە و خۆی دەرباز کردووە؟ کامیان؟

دەرهێنەریش بۆ بەدیهێنانی شانۆکەی بیرۆکەی کەم نیین، لە دانانی بینەران لە دوو ئاڕاستەوە، تا ڕووناک و تاریک کردنی تەختی شانۆ بۆ ئاگراندیسمان کردنی مژاری شەڕ و بەربەرەکانی دوولایەنی شەڕ، بە وەبیرهێنانەوەی شەڕی ڕوناکی و تاریکی واتا چاکی و خراپی (خیر و شر)،  تا شپڕێو ئاڵۆز کردنی تەختی شانۆ بە مەبەستی نیشاندانی دەرئەنجامی شەڕێکی بی هۆ و خۆڕایی. بەڵام فاتح بادپەروا زۆر خێراو بەپەلە هەموو ئەوانەمان نیشاندەدا، دەرفەتمان پێنادا بۆ چرکە ساتێکیش بیر بکەینەوە. هەڵبەت دەرهێنەر بە پاڵپشتی ئەزموونی چەندین ساڵەی ئاگاداری ئەو بابەتەیە لایەنی هیچکام لە بەرەکانی کێشەی ناو شانۆکە نەگرێ و تەنیا رووداوەکان و چیرۆکەکەیمان بۆ بگێڕێتەوە، لە کۆتاییشدا هەردووک لایەن بە قوربانی ئەو بارودۆخە دەناسێنێ، بەڵام بۆ گەیشتن بۆ ئەو بۆچونە بەپەلەیە و خێرا خێرا و بە پێی شانۆنامەکە لە شتیکەوە بازدەداتە شتێکی ترەوە. هەڵبەت مەبەست ئەوە نییە ٦٠ خولەک کاتی شانۆکە کەمە، پێویست بوو دەرهێنەر بە پشت بەستن بە داڕشتنەوەیەکی نوێ و دڕاماتۆڕژی شانۆکەی لە شپڕێوی و خێرایی دوورخاتەوە.

لە فێستیوالی فەجر هەموومان باشین بە زمانی کوردی پێشکەشکرا، بەڵام کچەسەتڵیەکە بە فارسی، دیارە وەریانگێڕابووە سەر زمانی فارسی، هەڵبەت ئەو هەڵسوکەوتە خۆی پێچەوانەی ئەو دێڕەبوو کە لە ژێرناوی شانۆکە نوسرابوو، واتا هەڵبژاردەی فێستیوالی شانۆی کوردی. ڕەنگە گروپی کچە سەتڵێکە لایان وابووبێ بە وەرگێڕانی شانۆکەیان توانای بەدیهاتنی پەیوەندی زۆرتر لەگەڵ بینەران و تەنانەت ڕاکێشانی بینەری زۆرتریان دەبێ. فاتح بادپەروا ساڵانی پێشووش وەک هەڵبژاردەی فێستیوالی شانۆی کوردی بەشداری فێستیوالی فەجر بووە و ئەزمونی لەو بوارەوە هەیە و ڕەنگە بە پاڵپشتی ئەو ئەزموونە تەمای گرتبێ شانۆکەی بە فارسی پێشکەش بکا. دیالۆگەکان زۆر هەڵەی زمانیان تێدابوو کە وێدەچی لە وەرگێڕاندا ڕوویدابێ. پاڵپشتی شانۆیەک بە دیالۆگ بەربەست نییە بۆ خۆڵقاندنی بەرهەمێکی وێنەیی، بەڵام هەر دووک شانۆی هەڵبژێردراوی فێستیوالی شانۆی کوردی و زۆربەی شانۆکانی ساڵانی پێشووش تەنیا پاڵیان وە دیالۆگەوەداوە. تەنانەت لە هەموو ئەو ساڵانەشدا حەول نەدراوە بۆ کەڵک وەرگرتن لە ژێرنووس بۆ ئەوەی بینەری تریش تێبگا لە چیرۆک و دیالۆگەکان. هەڵبەت بە تەنیا وەرگەڕاندنەوەی دیالۆگەکان کێشەی پەیوەندی زۆرتر لەگەڵ بینەر چارەسەر نابێ و پێشکەش کردنی بەرهەمێکی پتەو لە ڕوی وێنەوە زۆرجار تێنەگەیشتن لە دیالۆگیش چارەسەر دەکا. ئەگەرچی لە کچە سەتڵێکەدا وەک باسکرا حەولدراوە بە کەڵک وەرگرتن لە ڕووناکی، شێواندنی هەندێک ئامێری دێکۆڕ، ڕاگوێستنی مێز، ویدیۆ و فۆتۆ تا ڕادەیەک بواری بینین پتەوە بێتەوە و هەروەها لە هەموومان باشین دا کەڵک لە ویدیۆ و کامێرا وەگیراوە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بەس نیین بۆ دروستکردنی لایەنی پتەوی وێنەیی لە شانۆدا. بەداخەوە هێنانەگۆڕی باسگەلی وەک کارەساتە نەتەویەکان یا سەرهەڵدان و خەبات تەنیا لە ئاستی ئاماژە بە مژارێکدا دەمێننەوە. ساڵەهایە باس لەئەوە دەکرێ ئەرکی شانۆی کوردی ئەوەیە باس لە کێشە نەتەوەیەکان و کەندوکۆسپە دیار و بەرچاوەکانی سەردەم بکا. بەڵام ئەگەرواش بێ ئەو بۆچوونە بەردەوام بەلاوازی و ئاوێتەی لێڵی و نادیاری باسی لێکراوە و بەجوانی رووننەکراوەتەوە مەبەست چییە؟ بە تەنیا باسکردنی ئاسایی کارەساتەکان؟ بە شانۆنامە نوسین دەربارەیان؟ بە کام بۆچوونو لێکدانەوە؟ بە کام رێبازی شانۆیی؟ پێویستە بۆ نیشاندانی ئەو کارەساتانە تەنیاخۆمان شانۆنامە بنوسین؟ چیبکەین ئاستی شانۆنامەنوویسینمان بەرزکەینەوە؟ بڵێی نەکرێ بە شانۆنامەی پتەوەی نەتەوەکانی تر باسی کێشەکانی خۆمان بکەین؟ رەنگە نادیاری وڵامی پرسیارگەلی لەو شێویە وایکردبێ زۆربەی ئەو شانۆ کوردیانەی بە تەمان تیشک بخەنە سەر کارەسات و کێشە نەتوەیی و مێژوییەکان تەنیا لە ئاستی باس کردنێکدا بمێننەوە و واوەتر نچن. کەم نەبوون لەو چەشنە شانۆیانە، لەو ١٤ خولەی بەڕێوەچوونی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز. پرسیاری تر ئەوەیە ئەو چەشنە شانۆیانە بە پێی پێویستی کام جۆری بینەر لەو ئاستەدا دەمێننەوە؟ ئەو خەڵکەی سیستەم بە هەموو هیز و توانا حەولێتی سەرقاڵی ژیانی رۆژانە، سکە و دۆلار، تۆڕەکۆماڵایەتی و زنجیرەدڕاماکانیان بکاو هەر بۆیە بەردەوام پێویستاین بە بەرهەمی هونەری و هونەرمەندانی ئاوڕوونکەرەوەیە؟ بۆ بینەری تایبەتی شانۆ و شانۆکاران کە چاوەڕوانی بینینی هزر و تاووتوێ و لێکدانوەی پتەو لە بەرهەمەکاندان؟ بۆ فێستیوالەکان؟ کامە تاقم بەم جۆرە بۆچوون و هەڵسەنگاندنەی ڕاستیەکان رازی دەبن؟ بەداخەوە رەنگە تاقمێک لە فێستیوالەکان. ئەزموونی ئەو چەندساڵەی رابردوو نیشانیداوە زۆر زەحمەت نییە تەنانەت گەیشتن بە فێستیوالی فەجر، کە وەک گرینگترین رووداوی شانۆی ئێران ناسراوە.

لێرەدا مەبەست ئەوە نییە هەموو خەتاکان بخەینە سەر شانۆکاران و هەڵبژێردراوانی فێستیوالی شانۆی کوردی. هەروەها سڕینەوەی چالاکی و حەولی نیزیک ٢٠ ساڵەی شانۆکارانی بەڕیوبەری فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز، هەموومان ئاگاداری خەبات و تێکۆشینیان لە ئاستەنگترین بارودۆخ و بە کەمترین پاڵپشتی ئابووری هەین، ئەوەش لەیاد ناکەین فێستیوالی شانۆی کوردی هۆکارێک بووە بۆ چالاکی لە بواری بەرهەمهێنانی شانۆ بە زمانی کوردی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و تەنانەت لە زۆر شار کە چاوەڕوان نەدەکرا. بەڵام ئەزموونی بەشداری شانۆ کوردیەکان لە فێستیوالی فەجر بەرپرسیارەتی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز قورستردەکا. چونکە وەک لە سەرتادا باس کرا، پێمانخۆش بێ یا نا، ئەو شانۆیانە بە ناوی شانۆی کوردی بەشداری فێستیوالی فەجر دەبن. دیارە فێستیوالی فەجر نە ئامانجە و نە دەبێ ئامانج بێ بۆ فێستیوالی سەقز، بەڵام لانیکەم شوێنێکە بۆ نیشاندانی بەهرەو و توانای تاقمێک لە شانۆکارانی کورد. هەر ئەوەش چاوەڕوانی لە فێستیوالی شانۆی کوردی پتردەکا. فێستیوالێک ناوێک وەک شانۆی کوردی بە دوای خۆیەوە دەلکێنێ، چالاکیەکی بەردەوامە نەک رووداوێکی ساڵانە. بەداخەوە فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز پاش ١٤ خول لە بەڕێوە چوونی ئێستاش ماڵپەڕێکی سەربەخۆی نییە بۆ ئەوەی سەرچاوەی هەواڵو زانیاریەکان بێ. فێستیوالی شانۆی کوردی ئەگەر بە تەمایە ئەو رێبازە بگرێتە بەر کە شانۆکاران تەنیا دەبێ شانۆنامەی ئۆرجیناڵی کوردی ئامادە بکەن، دەبێ ئەو دڵنیایەش بدا کە ئەو ڕێبازە چاڵ و قووڵیەکانی شانۆنامەنووسی کوردی پڕدەکاتەوە یا رێگاوشوێنێک بۆ پتەو کردنی شانۆنامەی کوردی پێشنیار بکا. فێستیوالی شانۆی کوردی دەبێ رێگا بۆ درووست بوونی رەخنەی زانستی لە شانۆی کوردیدا بکاتەوە. فێستیوال ئەگەر چی لە چەند خولدا حەولی بۆ درووست بوونی پەیوەندی لەگەڵ شانۆکارانی باشوری کوردستان و فێستیوالی ئامدە (دیاربەکر) لە باکور داوە بەڵام حەولێکی ئەوتۆ بۆ پەیوەندی لەگەڵ شانۆکاران و فێستیوالەکانی وڵاتانی تر نەدراوە. دیارە هەموومان ئاگاداری بەربەستە ئیداری و ئەمنیەکان هەین، بەڵام دڵنیاشین ڕیگاگەلێک هەن کە تاقی نەکراونەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە تا ئێستاش لە (دبیرخانە)ی فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز بەشی پەیوندیە نێونەتەوەیەکان بە چالاکی دانەمەزراوە. وەها بەشێک ئەگەر نەتوانێ بەهۆی بەربەستەکان لە وڵاتانی ترەوە شانۆ بانگهێشت بکا لانیکەم رێگەخۆشکەر دەبێ بۆ ناردنی شانۆ کوردیەکان بۆ فێستیوالەکانی وڵاتانی تر. بە بێ ئەوانە و زۆر شتی تر فێستیوالی شانۆی کوردی ناتوانێ سەرچاوەیەک بێ بۆ شانۆی کوردی و هەڵبژاردەکانی پێوەرێک بن بۆ هەڵسەنگاندی شانۆی کوردی. نەبوونی ڕەوت بە ئاراستەیەکی دیار لەو ١٤ خۆلەی بەڕیوەچووندا و گۆڕانی بەردەوامی هەڵسوکەوتو ڕوانگەی فێستیوالی شانۆی کوردی نەیهێشتووە فێستیوال رێبازێک بگرێتە بەر و حەول بدا بۆ گەیشتن بە چەند ئامانجی دیار و بەرچاو، چونکە رێباز و روانگەی فێستیوال هەرساڵ بە گۆڕانی بەرپرسی فێستیوال ئاڵوگۆڕی بەسەرداهاتووە. هەر ئەوەش وایکردووە لەماوەی ئەو چەندساڵەدا پێناسەیەک بۆ ئەو جۆرە شانۆیانەی ویست و خواستی فێستیوالی شانۆی کوردین بەدی نەکرێن. هەربۆیەش گەشەی شانۆی کوردی لاوازە، تەنانەت حەولو ئەزموونە جاروبارەکانی تاقمێک لە شانۆ کارە بەهرەمەندەکانیش نابیندرێو گرینگی پێندارێ. وەک لەسەرەتاش باسکرا، پێویستە فێستیوالی شانۆی کوردی سەقز پێداچوونەوەیەک بە ١٤ خولی رابردوودا بکا و بۆ ئەوەش پێویستی بە تێبینی و لێکدانەوەی شانۆکارانی چالاک و لێهاتووی کوردستانە، بۆ ئەوەی ببێتە چالاکیەکی بەردەوام و هەمیشەیی و لایەنە زانستیەکانی فێستیوال پتەوبنو دەرگا بۆ رەخنە، لە چاپدانی کتێب، تێئۆریزە کردنی روانگەو بۆچونەکان، وەرگێران، پتەو کردنی شانۆنامەی کوردی و زۆر شتیتر بکرێتەوە.


Keyvan_fahimi_sh@yahoo.com

 

 

2 thoughts on “فێستیوالی شانۆی کوردی لە بەردەم چەند پرسیار

  1. دەسخۆش خوێندمەوە. باش پێکاوتە. بیست ساڵە ئەم باسانە دەگوترێت و دەنوسرێت. کێشە خۆمانین. ئێمەی شانۆکاری شانۆی کوردی. بژیت 

    1. سپاس بۆ تێبینیتان کاک سەلاح، هەڵبەت مەبەست پێکان نییە، ڕەخنەگرتن و ڕەخنە بیستن هەڵسوکەوتێکە بۆ بەرەو پێشەوە چوونو گەشە کردن وەک لە وتارەکەشدا ئاماژەکراوە مەبەست تاوانبارکردنی کەسێک نییە و ناتوانیین کاردانەوە باشەکانی فێستیوالی کوردی سەقز لەبەرچاو نەگرین و سپاسداری حەولوتێکۆشانی بەڕێوبەرانی نەبیین، مەبەست پتەوترو بەهێزتر بوونی فێستیوالە چوونکە کانگایەکی بەنرخە

Leave a Reply

Your email address will not be published.

css.php