رفتن به بالا

تعداد اخبار امروز : 0 خبر


    Mahabad Fair
    ١٧(°C)
    Wind Calm
    Pressure ٢۵.٣۶(in)
    Visibility ۶.٠(mi)
    UV Index 0-Low
    Humidity ٢۵.٣۶(in)
گاه‌شمار تاریخ خورشیدی
مرداد ۱۳۹۷
ش ی د س چ پ ج
« تیر    
 12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031  
سەبارەت بە شانۆنامەی کۆردی

مەمی ئالان یان شیکاگۆ؟

گەڕان بە دوای سەرەتاکانی سەرهەڵدانی شانۆی کوردی و دۆزینەوەی مێژووی دەستپێکردنی شانۆی کوردی بەردەوام شتی تازە و لایەنی تازەی لێ‌دەکەوێتەوە؛ ڕەنگە هۆکارەکەشی بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە تاڵەی کە ئەرشیڤ کردن و تۆمارکردنی مێژووی ئەدەب و وێژەی کوردی بە شێوەیەکی بەڵگەمەند هەوڵێک نەبووبێت کە نووسەران و مێژوونووسانی کۆنی ئێمە گرینگییان پێدابێت.

ئەگەر باسی ئەدەبی زارەکی و بەیتە کوردییەکان (کە ئەوانیش لە سەر دەستی توێژەرانی ئەورووپی کۆ کراونەتەوە) و زەرفییەتی دراماتیزەکردنیان وەلاوەنین و شانۆ وەکوو دیاردەیەکی نوێ بۆ نواندنەوە Performance)) و بینین لە بەر چاو بگرین، ئەوا بە پێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی لە نووسینگەی (World Colombian Exposition) پارێزراوە، بە پێچەوانەی ئەو مێژووەی کە مەمی ئالان نووسینی عەبدولڕەحیم ڕەحمی هەکاری بە دەسپێکی شانۆی کوردی دەزانن، دەسپێکی شانۆی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٦ ساڵ پێش مەمی ئالان، واتە ساڵی ١٨٩٣کاتێ کە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بۆنەی یادی ٤٠٠ ساڵەی دۆزینەوەی ئەمریکا لە لایەن کریستۆفێر کۆڵۆمبووسەوە، پیشانگایەک لە شیکاگۆ لە ژێر ناوی (World Colombian Exposition) یان (Chicago World Fair) واتە پیشانگای جیهانیی شیکاگۆ ساز کرا. لە سەر بانگهێشتی فەرمیی وڵاتە یەککرتووەکانی ئەمریکا دەوڵەتی عوسمانی بە هەموو میللەتانی جۆراوجۆری ئیمپراتۆرییەکەیەوە بە ٦٥ ئەکتەر و هونەرمەندەوە بەشداریی ئەو پیشانگایە دەکەن، لەو ٦٥ ئەکتەرە چەند کەسیان کورد دەبن. لە بۆلتەن یان بڵاڤۆکی رۆژانەی پیشانگای جیهانیی شیکاگۆدا، عوسمانییەکان بەم شێوەیە ئەناسێنرێت:
"ئەو ھەموو نەتەوە و ئاینەی لە ئیمپراتۆریای عوسمانیدا هەیە، لە هیچ وڵاتێکی تری دنیای کۆندا نییە … ئەکتەرە مێزەر سپییەکانی ئێرە دوورۆزین و مێزەر بە سەرەکانی تریش کوردن …".
گرووپەکانی شانۆی عوسمانی لە مانگەکانی "پێشانگەی شیکاگۆی نێودەڵەتی ١٨٩٣"دا کۆمەڵێك شانۆنامەی کوردی و تورکی و عەرەبی و دوورۆزی نمایش دەکەن. گرنگترین تایبەتمەندیی نمایشە کوردییەکە لەوە دایە کە بڵاوکراوه‌ی ڕۆژانەی پێشانگە، کورتەیەکی شانۆگەرییەکە لە سێ Act یان پەردەدا بڵاو ئەکاتەوە. لەوێوە تێدەگەین بابەتی شانۆنامەکە چۆن بووە. گۆڤارەکە تیپە کوردییەکەی بە شانۆی کوردی (The Kurdish Drama) ناوبردووە و لەو بارەیەوە نووسیوێتی:


پەرەدەی یەکەم
 "گرووپێکی کورد شێوازی ژیانی ناوماڵ، خواردن، خواردنەوە، گۆرەوی چنین، خووری ڕستن و کەیف و خۆشییەکانی خۆیان نمایش دەکەن. لەو نێوانەدا حەسەن بەدوای مامە فەیازیدا دەگەڕێت کە ئامادە نەبووە کچەکەی لەم مارە بکات و لەگەڵ کچ و ژنەکەیدا هەڵهاتووە.
پەردەی دووهەم
 فەیاز و ژن و کچەکەی لە ژێر ڕەشماڵیکدا دانیشتوون و سەرزەنشتی کچەکەیان دەکەن لە بەر ئەو نەهامەتییانەی کە بەهۆی ئەوەوە بەسەریان هاتووە. لەمکاتەدا یەكێك لە شوانەکان دەبینین کە خەریکی هەڵاتنە. چەند عەرەبێک هێرشیان کردۆتە سەری و مەڕ و ماڵاتیان دزیوە. عەرەبەکان پەلاماری ڕەشماڵەکەی فەیاز دەدەن و ژن و کچ و هەموو موڵك و ماڵی دەدزن. فەیاز له‌ چاره‌ی ڕەشی خۆی گلەیی دەکات. حه‌سه‌ن گوێی لێ دەبێت. به‌ڵام به‌ڵێن به‌ حه‌سه‌ن ده‌دات ئه‌گه‌ر وەدوای عەرەبەکان کەوێت و ژن و کچەکەی ڕزگار کات و مه‌ڕ و ماڵاته‌کانی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وا کچه‌که‌ی خۆی لێماره‌ ده‌کات. حه‌سه‌نیش جه‌نگاوه‌ره‌کانی کۆ ده‌کاته‌وه‌ و دوای عه‌ره‌به‌کان ده‌که‌وێت. له‌و کاته‌دا جیلانەکان دانیشتوون و دڵداریی فه‌یاز ده‌ده‌نه‌وه‌. حه‌سه‌نیش سەرکەوتووانە لە گەڵ زه‌هرا و که‌ریمه‌ و کۆمه‌ڵێك یەخسیری عەرەبەوە ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئەم گەڕانەوە ئاهەنگییاریی شمشێر و هه‌ڵپه‌ڕکێ و گۆرانی لەگەڵە.
پەرەدەی سێهەم
زه‌ماوه‌ندەکە دەبێت بە شایی گێڕانێکی گه‌وره‌ بە چەندین شێوە سەمای جۆراوجۆرەوە.
پیشانگای جیهانیی شیکاگۆی ساڵی ١٨٩٣ هەم بۆ شانوکاران و توێژەرانی میژووی ئەدەب و هۆنەری کوردی و هەم بۆ مێژوونووسانی کورد ڕووداوێکی گرینگە؛ یەکەم لە بەر ئەوەی تەمەنی راستەقینەی شانۆی کوردیمان بۆ دەردەخات و دووهەم لەبەر ئەوەی باروودۆخی کەلتووریی کورد و مامەڵەی دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ کەلتووری کوردمان پیشان دەدات.
گەڕان بە ئەرشیڤەکان و مۆزەخانەکانی وڵاتانی دیکە و پشکنینیان بۆ دۆزینەوەی بەڵگەنامە و ئاسەوار، ڕووناکاییەکە بۆ سەر لایەنە تاریک و نادیارەکانی مێژووی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کە پێویستە توێژەران و ڕووناکبیرانی کورد گرینگی پێ بدەن. کەواتە پیرۆز بێت ( ١٢٥)ەمین ساڵی شانۆی کوردی. /ئاژانسی هەواڵی مێهر-بەشی کوردی
دوکتۆر ئومید وەرزەندە
  سه‌رۆکی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی کوردستان ناسی زانکۆی ئازادی ئیسلامی لقی سنە

سەرچاوە:

Sarikaya, Jafer,(October, 29, 2014), "Kurdish theater at the 1893 Chicago World Fair" Retrievedfrom:

http://www.yeniozgurpolitika.org/index.php?rupel=nuce&id=35599Cafer

Schwani, Baker, (March, 26, 2016), شانۆی کوردی لە "پێشانگەی شیکاگۆی نێودەوڵەتی۱۸۹۳"دا" Retrived from : https://www.facebook.com

Tekpinar, Ibrahim, (April), 19, 2017"Unknown History of Kurdish Theatre" Retrieved from: https://gaiadergi.com/kurt-tiyatrosunun-bilinmeyen-tarihi

اخبار مرتبط

نظرات

یادداشت ویژه

تێبینییەک لەسەر کافه کتێبەکان؛

ئەوەی هەیه و ئەوەی پێویسته ببێ

  دەمێکه دیاردەی دامەزراندنی هێندێک شوێن به ناو "کافه کتێب" له شارەکانی کوردستان پەرەی گرتووه و له زۆریێک له شارەکان شوێن‌گەلێک بەو ناوه دەکرێنەوه. دیاره هەر هەوڵێک که بەسترانەوەیەکی لەگەڵ هونەر و ئەدەب و فەرهەنگەوه هەبێ، کارێکی پیرۆزه و به تایبەت له وڵاتێکدا که دەزگا فەرمییەکان هەوڵێکی ئەوتۆ نادەن بۆ کردنەوەی شوێنی فەرهەنگی یا ئەوەی دەشکرێ دووره له بێلایەنی، هەوڵی خودی کۆمەڵگای فەرهەنگی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، گرینگییەکی تایبەت و کاریگەری هەیه. بەڵام دیاره هەر پێگه و شوێن و بنکەیەکی فەرهەنگی، دەبێ هێندێک بنەما و ستانداردی هەبێ تا ئەو ئامانجانەی هەیەتی یا بۆی داڕێژراوه دەستەبەر بکا. شوێنێک وەک کافه کتێبیش، ڕاسته که ئامانجی ئابووریی هەیه، بەڵام چون هەڵگری ناوی کتێبه که هێمایەکی فەرهەنگییه، دیاره لەو ئاستەدا هێندێک ئەرکی لەسەر شانه و کۆمەڵێک پێداویستی و بنەمای دەوێ بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەرکانه. کاتی چوونەژوور لەو شوێنانه، بەرچاوترین جیاوازی لەگەڵ کافه و شوێنی دانیشتنه ئاساییەکان، بوونی هێندێک کتێبی جۆراوجۆر له سووچێکی ئەو شوێنانەیه. بەڵام ئەوەی سەرنج ڕا دەکێشێ، ئەو بابەتەیه که گۆیا ئەو کاره تەنیا بۆ لابردنی بەرپرسیارەتییه له ئەستۆ و پاساو هێنانەوەیەکه بۆ ئەوەی شوێنەکه لەگەڵ ناوەکەی بگونجێ. ئەوەش له چەند بوارەوه دەکرێ بەرەوڕووی ڕەخنه ببێتەوه که هێندێکی پەیوەسته به هەڵسوکەوتی خاوەنی شوێن و هێندیکیش جۆری کەڵک وەرگرتنی ئەو کەسانەی ڕوو دەکەنه ئەو شوێنانه. سەرەتا ئەوەی که بەپێی چەند شوێنێک که وردبینییان لەسەر کراوه، هەڵبژاردنی کتێب بەبێ هیچ سەرنجێک ئەنجام دەدرێ و تەنیا وەک لابردنی بەرپرسیارێتییه و پێ دەچێ هەرچی به دەستیان گەیشتبێ له هەر بوارێکدا کۆیان کردبێتەوه و بێ هیچ جیاکردنەوه و خشتەبەندییەک دایان نابێ. مەسەلەی تر، ئەوەیه که بەپێی ئەو ماوه کورتەی لەو شوێنانه ڕادەبردرێ، دیاره خوێندنەوەی تێر و تەسەلی کتێبێک دەست نادا و ئەو شوێنانه دەبێ ڕێگەخۆشکەرێک بن بۆ خەڵک که وێڕای ڕابواردن و تاوێک حەسانەوه، لەگەڵ کتێب یا بەرهەمێکی فەرهەنگیش ئاشنا بن و له کافه کتێبه ستانداردەکان وا باوه که کتێبەکان لەگەڵ خوێندنەوه، بۆ فرۆشیش ئامادەن و کەسێک که لەو چەند خولەکەدا و به خوێندنەوەیەکی کورت حەزی له کتێب یا بەرهەمێک دەبێ یا له گفتوگۆیەکدا کتێبێکی پێ پێشنیار دەکرێ، هەر لەوێ دەتوانێ کتێبەکه بکڕێ و بەو جۆره هەم له بواری ئابوورییەوه یارمەتییەکه بۆ کافەکتێب و هەم ئەو کەسەش وێڕای ڕابواردنی کاتی وچاندان، توانیویەتی کارێکی سوودمەندیش ئەنجام بدا. یەکێکی تر له تەوەرەکان، ئەوەیه که ئەو شوێنانه دەبێ وەک له ناوەکەیانەوه دیاره، جێیەک بن بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵگای فەرهەنگی، نەک تەنیا سیمای ئابووری و گشتی به خۆیان بگرن و تەنیا به ڕواڵەت و به ناو لەوانی تر جیا بنەوه. ئەوه لەسەر شانی بەرپرسانی ئەو شوێنانەیه که کەسانی تامەزرۆی فەرهەنگ و ئەدەب کۆ بکەنەوه و کارهاسانییان بۆ بکەن و پێداویستی‌گەلێکیان له بەردەست بنێن که بتوانن لەو شوێنانه کات ڕابوێرن و هاوکات خەریک به نووسین و نەخشاندن و بیرکردنەوه بن. له زۆر شوێن وەک هەرێمی کوردستانیش شوێن‌گەلێک هەن که ئەدیب و نووسەر و شاعیر و بیرمەندەکان کۆ دەبنەوه و له کەشێکی فەرهەنگیدا کاتیان ڕادەبوێرن که دەکرێ لێرەش کافه کتێبەکان ئەو ڕۆله بگێڕن. یەکێکی تر لەو ئەرکانەی له ئەستۆی ئەو شوێنانەیه و بەرچاو ناگیرێ و لانی کەم له شارەکانی کوردستان هێشتا نەدیتراوه که بەجێی بهێنن ...

وعده گاه مسئولین

روز شمار عنوان وعده
css.php