- Tuesday 7 February 2017 - 12:23
- کد خبر : 3666
- مشاهده : 1125 بازدید
- ئەدەب » تێبینی تایبهتییهکان » س.ت

سەرم بەرداوەتەوە و هیچ ناڵێم…. بابم لەوەی تووڕەترە بتوانم وەدەنگبێم. ـ پێتان وایە ژیان گەمەی منداڵانە؟ دوایەش بە دمەلاسکەوە دەنگی هێنایە سەردەنگی من و کوتی: ـ خۆشم دەوێ، خۆشم دەوێ…. خۆشم دەوێی، بابم راست دەکا، گەمەیەکی منداڵانەش بێ هەر خۆشم دەوێی…. دارە سێوەکە بۆخۆی لە حەسارێ وەک خەزێنەیەک چەقاندی، ئەورۆژە کە ئەودارە گوڵی کرد بابم […]
سەرم بەرداوەتەوە و هیچ ناڵێم…. بابم لەوەی تووڕەترە بتوانم وەدەنگبێم.
ـ پێتان وایە ژیان گەمەی منداڵانە؟
دوایەش بە دمەلاسکەوە دەنگی هێنایە سەردەنگی من و کوتی:
ـ خۆشم دەوێ، خۆشم دەوێ….
خۆشم دەوێی، بابم راست دەکا، گەمەیەکی منداڵانەش بێ هەر خۆشم دەوێی….
دارە سێوەکە بۆخۆی لە حەسارێ وەک خەزێنەیەک چەقاندی، ئەورۆژە کە ئەودارە گوڵی کرد بابم وایزانی بەسەر گەورەترین دەسکەوتی دنیادا کەوتووە. کەچی هەر لەو رۆژەوە هەموو شەوێ "شەولەبان" دەهاتە خەونمەوە و تەواوی گوڵی دارەکەی دەڕنێوە و دەیفڕاندە بانی و را لەوێڕا دەیکردە تەزوویەکی بێوادە و بەسەر هەموو وڵاتیدا بڵاو دەکردەوە و دارەکە رووت و قووت دەگریا، کتووپڕ وەرز دەسوڕا و تەزوویەکی مرەندە هەموو شتی دەکردە پەیکەرەیەک لە سەهۆڵ ، دارە سێوەکەش هەروەتر دەبوو بە دارێکی کریستاڵی و روون و بۆخۆشم لەرووبەڕویدا دەمبەست و ئاڵەوێ بوو کە بە ئازاری کوشەندەی سەرما و تەزوو لەخەو رادەچەنیم…..
دایکم کەشەفێکی لە سێوی دارەکە پڕکردووە و خەریکە مرەبای لێ ساز دەکا، دوودەنکی دەس دەدەمێ و لەسەر تاقەی ژوورەکەمی دادەنێم. یەکیان ئەمنم، یەکیان ئەتۆ…
کۆڵانەکانی سەردەشت وزەیەکی سەیریان هەیە ، وابزانم لە نیگا گەرمەکانی تۆوە سەرچاوە دەگرن، کاتێک پەیامەکێک دەنێری و دەزانم چاوەڕوانی و ئەگەر چی زۆرجاران نەدەهاتم بەڵام تەواوی گەرمای هەبوونی تۆ لە دەمارەکانم دەگەڕا و وامدەزانی سەهۆڵبەندانی خەونەکانم کە سەهلە ، تەزووی هیچ رێبەندانێکیش زەفەرم پێنابا….
سێوەکان ڵەسەر تاقەی ژوورەکەمەوە تادێ ئیشکتر بن بۆنیشیان خۆشتر دەبێ…. یەکیان بۆخۆم رادەگرم و یەکیان دەدەم بە تۆ….
من زووتر خۆم گەێاندەوە ماڵێ، بڕیاربوو تۆ پەیامەکێک لێدەی و من خۆم بگەیەنمە دوو کۆڵان خوارەوەتر لە ماڵە خۆمان، رەشید گیان ئەورۆژە بۆ یەکەم جار من زۆر چاوەڕوان مامەوە پەیامەکت هەر نەنارد و بۆخۆم بۆم ناردی کەچی جوابیشت نەدامەوە.
ـ پێم خۆش نیە ئەوەندە پەیامەک لێدەی.
ـ بۆچی رەشید؟؟
ـ پێم خۆش نیە ئاوا خۆت جوان دەکەی.
ـ بۆچی رەشید؟؟
ـ پێم خۆش نیە بەرلەوەی کە من پێت بڵێم تۆسەری خۆت هەڵگری و بێی.
ـ بۆچی رەشید؟؟
ـ …..
ـ بۆچی هەمیشە تووڕەی رەشید؟؟
ـ تووڕە نیم…. تووڕە نیییییییییم!
ئەوە ئیدی خەون نیە، تاچاو هەتەر دەکا رێبەندانە، تەزوو لە ئێسک و پێستی شار رۆدەچێ، هەناسە خەریکە لە سینگدا دەیبەستێ ، چیتر تاقەت ناهێنم سەری خۆم هەڵدەگرم و دێمە دەرێ لە ماڵێ ، من هەمیشه پێمخوش بوو کە بابم جارێک دڵخۆشیت بداتەوە و بەڵێنێکی خۆشت پێبدا یان لانی کەم بە من. ئەمجارەیان زۆر سەیرە بابم بەر لە من خۆی گەیاندۆتە جێ ، دەگەڵ هەزاران کەسی دی !! بەرەوپیلی تۆ دێن، دەگەڵ هەموو شەولەبانەکانی نێو خەونەکانم!! هەموو شت گۆڕاوە و لە جێوە بەستوویە تەنانەت هەمووئەو رێوییانەی لە رێ و بان لەو کاتانەدا بە پیلمەوە دەهاتن کە منیش کتووپڕ دەگۆڕام و بە کۆڵێک بارەوە دەبوومەم"رەشید" و ئیتر کەس پێی نەدەکوتم " مێخەک" !!
ـ ….
من گەیشتوومەتەوە ماڵێ ، تۆ لە کوێی؟؟ من حەساومەتەوە بەسەرێکدا تۆ لە کوێی….؟؟ بۆچی هەمیشە تووڕەی رەشید؟؟؟ بۆ چی جواب نادەیەوە …. بۆچی؟؟
شار بەستوویە ، بابم بەستوویە ، من بەستوومە … ئێتر ئەوە خەونەکانن من دەبینن ، شەولەبانێکی سەهۆڵە و هەڵدەفرێ لە کاتی فڕێنەکەیدا دەڵێی شووشە دەشکێ، تۆی بە چنگەکانیەوە گرتووە، کریستاڵێکی روونی وەک بارەکانت، ئەوەندە روونی کە سێوە مێخەک رێژەکەی لە جێی دڵت داناوە دیارە. دەترسێم رەشید تۆ دەتگوت کریستاڵی ئەسڵ بەربێتەوە ناشکێ بەڵام کە بشکێ ورد ورد دەبێ… من هەروا کە بەڕێوە بەستوومە دەترسێم…. بتفڕێنن ناتبینمەوە، لەوسەرەش ڕا بەڕت دەنەوە ورد ورد دەبی… چ بکەم؟؟؟؟ رەشید چ بکەم؟ هااااااااااااااااااااااوارە چ بکەم؟؟
نظرات